نووسینوتار

مەدرەسە! گۆرانییەک پڕ لە هەموو شتێک جگە لە بەها پەروەردەییەکان!

نووسەر: ئەحمەد قادر عەلى

941بینین

ئەی هاوار قوتابخانە شوێنی “بایانەوەیە” ؟!

ئەحمەد قادر عەلى
مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە
ahmad.qadir990@gmail.com

گۆرانی مەدرەسە کە چەند ڕۆژیکە بڵاوکراوەتەوە پڕیەتی لە دژیەکی و نەشازی و سوکایەتی بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
هەرچەندە گۆرانییەکە بە دەستپێکێکی پەروەردەیی تاڕادەیەک جوان هەوڵی پیرۆزکردنی پەروەردە و خوێندن دەدات، بەڵام دواتر و لە کۆی گستی گۆرانییەکەدا هێندە کەم و کوڕتی و سوکایەتی بە کەرتی پەروەردە و مامۆستا تێدایە کە پێویستە ڕایگشتی و وەزارەتی پەروەردە و داواکاری گشتی لەسەر بێتە سەر خەت.

پێش تەماشاکردنی گۆرانییەکە هیوایەکی زۆرم هەبوو کە گۆرانییەکی پەروەردەیی زۆر باش بێت و خوێندکاران لە سەرەتای وەرزی سەرمادا گەرم بکاتەوە بۆ وەرزی نوێی خوێندن، بەڵام بەداخەوە تەواوی گۆرانییەکە خوێندکاران بۆ ڕۆشتن بۆ “سینەما و ماڵی ئاغا و دەعوەتی و … هتد” پاڵپێوە دەنێت.

لە گۆرانییەکەدا چەند بیرۆکەیەک بەکارهێنراوە کە بە ڕاستی کارەساتی تێدایە بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندن و مامۆستا، لەوانەش داوای لێبوردنکردنی خوێندکارە کچەکە لە خوێندکارەکان نەک تەنها لە مامۆستا کە دواکەوتووە، بەڕێوەبردنی پۆل لە دەستی خوێندکارەکاندایە نەک مامۆستا، بیری خوێندکار هەردەم لای سینەما و خواردنی خۆش و دەعوەت بێت. خوێندکار بە مامۆستا بڵی “تەواویکە تۆزێ زوو کاتی زۆرم لە دەستچوو”! وە چەندین دەستەواژەی دیکەی نەگونجاو.

من لە بیرمە لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییشدا کاتێک خوێندکارەکان ماندوو دەبوون لە وانەیەکدا نەک بێزار ببین، مامۆستاکەمان چیرۆکێک یان بەسەرهاتێکی خۆشی پەند ئامێزی بۆ دەگێڕاینەوە. لە ڕاستیشدا هەر یەکێک لە یەکیک لەو وانانەدا لە پۆلی ١٠ ئامادەیی لە ڕێگەی وانەی بیرکارییەوە کە مامۆستا (گۆران جەمال ئەبوبکر) پێی دەگوتینەوە حەزی خوێندنەوە و نوسینم بۆ دروست بوو، بەڵام وا ئێستا لە گۆرانییەکەدا مامۆستای بیرکاری (لەگەڵ ڕیزمدا) پۆلەکە دەکات بە هۆڵی سینەما و گۆرانی و بەزم و ڕەزم!

بە داخەوە لە ڕێگەی دروستکردنی ئەو پەیوەندییەی نێوان مامۆستا و خویندکارێکی کچ لە پۆلدا بە تەواوی شکۆی مامۆستا شکێنراوە، بە جۆرێک “مستەر” واتە مامۆستا ئەو “گوڵە”ی کە گوڵێکی پێشکەش بە مامۆستا کرد بە “هێزی پشت و هەناو”ی خۆی دەزانێت و خۆی لە دەوری دەگێڕێت.

کەسێک تێمان بگەیەنێت دەستەواژەی “بەخوا بوومە بە باغە” مانای جییە؟! کە لە گۆرانییەکەدا بەکارهێنراوە. پاشان ئاستی بەشدارانی بەڕێزی گۆرانییەکە لە تەمەن و ئاستی پۆلەکەیاندا دیارە! هەموویان ماشاللە تەمەنیان لەوەدایە کە خوێندنیان تەواوکردبێت، بەڵام وەک دیارە تازە بیرکاری و ئەلف و بێی کوردی دەخوێنن. وا دیارە ئەوان خوێندنی مەحلومی دەخوێنن، یان لەوانەیە قوتابخانەی شەوان بێت. باشە لەو هەمووە قوتابخانەیەی کوردستاندا شەش منداڵ دەستنەکەوت کلیپەکەی پێ بکەن؟!!!

لایەنێکی دیکەی نەرێنی گۆرانییەکە کە پێویستە هەڵوێستەی جددی لەسەر بکرێت و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەری جەختکردنە سەر تێکەڵکردنی خوێندکارانە لە پۆلدا و تەنانەت دانیشاندنی خوێندکارێکی کوڕ و کچ لە تەنیشتی یەکدا. کە بە جۆرێکە بانگەشە بۆ ئازادییەکی ڕەها بۆ خوێندکاران دەکات!

ئەو خوێندکارە بەڕێزە کە وا دەزانێ کۆرۆنایەتی لە بری ئەوەی خویندکارە بەتەمەنەکەی پۆل (دکتۆرە بەڵقیس) هاوڕێکەی هێور بکاتەوە و هانی بدات و ورەی پێ ببەخشێت کە بەردەوام بێت لە پۆلدا بۆ وانە خوێندن و ئارام بگرێت، دەستبەجێ پێی دەڵێ بڕۆ بۆ کەرەنتین بەبێ ئەوەی دڵنیا بن کە کۆرۆنایەتی!!!

دەرچوونی دەستەواژەی “بۆڵە بۆڵ بکەن” لە دەمی مامۆستاوە ئەوپەڕی کارەساتە لە ڕووی پەروەردەوە کە مامۆستا بگاتە ئاستێک ئەو دەستەواژانە بەکاربهێنێت ئیدی هەر چاوەڕێی ئەوە دەکرێت خوێندکار و مامۆستا بڵێن “با هەموو بایەینەوە!!!” ئەمانە لە پۆل و قوتابخانەدا بە سینەما تێگەشتوون؟!!

لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە کۆمەڵێک هەڵەی زەق لە گۆرانییەکەدا هەیە، بۆ نموونە کاتێک خوێندکارێکی کچ دێتە ژورەوە و دەڵێت “سڵاوێک لە هەمووتان” مامۆستاکە لەبەردە تەختەی نوسینی پۆلدایە کە دەکەوێتە لای شانی ڕاستی خوێندکارە کچەکەوە، بەڵام هەرکە خوێندکارەکە بەدەم وتنی دەستەواژەی “ئەم گوڵەش بۆ مستەر گیان”، مستەر لە بەرامبەری خوێندکارەکە لەلای شانی چەپییەوە دەردەکەوێت، واتە لە ماوەی کەمتر لە چرکەیەکدا وەک “تەختی بەڵقیس” مامۆستا هێنرایە لای چەپی خوێندکارە کچەکە.

ئەگەر بە وردی گوێ لە شێوازی دەربڕینی وشەکان لەلایەن “خوێندکار و مامۆستاکانەوە!” بگرین هەست دەکەین بەشێکیان کوردییەکەیان تەواو نییە و بە باشی ناتوانن وشەکان بە کوردی ڕەوان دەرببڕن، نازانین مامۆستا لە کاتی هاتنەژوورەوەدا دەڵێت “بۆ لای شێرەکان هاتم” یان دەڵێ “بۆ لای شیرەکان هاتم”، جیاوازی نێوان شێر و شیر ئاسمان و ڕێسمانە! جگە لەوەش وشەگەلێکی بێگانەی وەک “عیلم، تەئخیر، هەلەو هەلەو، سەیڤ، مستەر، بە جددیتانە ….” بەکارهێنراوە. هەروەها ناونیشانی خودی گۆرانییەکە “مەدرەسە” وشەیەکی کوردی نییە و لە بەرامبەردا دەتوانرا وشەی “قوتابخانە” بەکاربهینرایە. جگە لەوەش دەتوانرا لە بری وانەی بیرکاری وانەی ئەلف و بێی کوردی بخوێنرایە لە گۆرانییەکەدا. لەمانەش گرنگتر لەبری پۆشینی جلی کوردی هەموویان جلی ئەوروپی بە زمانی خۆیان “فەرمی و موسەققەفانە”یان بەکارهێناوە.

لە ئێشتادا لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا سیستەمی “یەکپۆشی” پەیڕەو دەکرێت، بەڵام لەو گۆرانییەدا هیج رەچاوی ئەو خاڵە نەکراوە و هەر خوێندکارێک بە جلێکی ئاڵا و واڵاوە هاتووە، تەنانەت پۆشاکی مامۆستایش هیچ لە پۆشاکی کەسێکی پەروەردەکار ناکات کە خوێندکار بەدوایدا هەنگاوەکانی هەڵبگرێت. ئەمەش مامۆستا و خوێندکار هاندەدات بۆ کەوتنەشوێن مۆدێلات و بریق و باق.

وەک لە سوچیکی تەختەی نوسینی پۆلدا دەردەکەوێت بەرواری وانەکە ١/٩/٢٠٢١، بەڵام پەیوەندیکردنەوەی مامۆستایان بە قوتابخانەکانیانەوە لە بەرواری ١/٩/٢٠٢١ بووە، دەستپێکی وانە خوێندن لە بەرواری ١٤/٩/٢٠٢١ بووە، ئەمەش هەڵەیەکی دیکەیە لە بەرهەمهێنانی گورانییەکەدا ڕوویداوە.

وەک لەو دەستەواژانەی لەلایەن مامۆستا و خوێندکاریکی کچەوە لە گۆرانیەکەدا دەردەکەویت ئەوە یەکەم وانەی ئەو رۆژەیە، بەڵام وەک لە یەکێک لە گرتەکاندا دەردەکەوێت کاتژمێری پۆلەکە لەسەر (٥)، نازانین کاتژمیری پۆلەکە وەستاوە یاخود وانەی پینجەمی دەوامی ئەو ڕۆژەی قوتابخانەیە؟!!! پێویستە دەرهێنەر یاخود یاریدەدەرەکانی بە وردی ئاگایان لەهەر جوڵە و دەستەواژەیەکی کاراکتەرەکانی ناو بەرهەمەکە یاخود هەر کەرەستە و هێما و ئاماژەیەک بێت کە لە گرتەکاندا دەردەکەوێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تا کاتی نوسینی ئەم بابەتە لە کۆی ٥٤ هەزار بینەری گۆرانییەکە لایکی ئەو گۆرانییە لە یوتیوب لە ٢ هەزار تێپەڕیوە و ئەنلایکی گۆرانییەکە زیاد لە ٨٠٠ دانەیە، بەڵام ئەمەش ئەنجامێکی دڵخۆشکەرە و هیوادارم ڕێژەی ئەو کەسانەی حەزیان لەو گۆرانییە نییە لەوە زیاتر بێت کە حەزیان لێیەتی.

بە کۆی گشتی گۆرانییەکە هەرچەندە بە باشترین تەکنەلۆژیای سەردەم وێنەی گیرابێت و بە باشی کاری لەسەر کرابێت، بەڵام کۆمەڵێک هەڵەی تەکنیکی و زمانەوانی زەقی تێدایە. لە سەرووی ئەمانەشەوە لە ڕووی ناوەڕک و پەروەردەییەوە خاڵییە لە هەموو بەها پەروەردەیی و کلتووریی و ئەخلاقییە بەرز و باوەکانی کۆمەڵەگی کوردی و پێویستە ڕایگشتی و وەزارەتی پەروەردە و داواکاری گشتی لەسەر ئەو بابەتە بێنە دەنگ و بە زووترین کات گۆرانییەکە بسڕدرێتەوە.

بەداخەوە مەبەستی من ئەوە بوو ڕەخنەی بونیاتنەر لە گۆرانییەکی پەروەردەیی بگرم، بەڵام لە کۆتاییدا بۆم دەرکەوت جگە لە گۆرانییەکی ئاسایی وەک سەرجەم گۆارنییەکانی دیکە کە شیرازەی خێزان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیان شێواندووە، ئەم گۆرانییەش نەک بۆ خزمەتی پەروەردە و هاندانی خوێندکار بۆ خوێندن بەرهەم نەهێنراوە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە بۆ لێدان لە شکۆی مامۆستا و ساردکردنەوەی خوێندکار لە خوێندن و فڕێدانی لە سوچی قاوەخانە و کافتریاکاندا بەرهەمهێنراوە!

 

 

وەڵامێک بنووسە