Uncategorizedهەمەرەنگ

ئیمامی عومەر فەرمووی : سوپاس بۆ خوا کەسێکی موسڵمان نەبوو!!!

224بینین

کاتێک ئیمامی عومەر پێش نوێژی دەکرد لە دواوە کەسێکی بێباوەڕ بەناوی (لوئلوئەی مەجوسی ئاگرپەرست) خەنجەرێکی لە ئیمامی عومەردا خەڵەتانی خوێنی کرد و گوترا شیری بۆ بێنن شیریان بۆ هێنا و خواردیەوە شیرەکە لە ناوکیدا هاتەوە دەر ، پزیشکەکە پێی گوت : ئەی پێشەوای باوەڕداران تازە کار لەکار ترازاوە وەسیەت بکە تۆ هیوای ژیانت نەماوە .!
ئیمامی عومەر فەرمووی کێ بوو خەنجەری لێدام ؟
گوتیان : لوئلوئەی مەجوسی بوو .
ئیمامی عومەر فەرمووی : سوپاس بۆ خوا کەسێکی موسڵمان نەبوو ، دواتر فەرمووی ئایا نوێژتان کرد ؟
گوتیان بەڵێ .
ئینجا بانگی کوڕەکەی خۆی (عبدالله) ی کرد پێی فەرموو : بڕۆ (حوذەیفەی کوڕی یەمانم) بۆ بهێنە .
حوذەيفە کە صەحابەیەکی بەڕێزی پێغەمبەری خوا ﷺ بوو پێغەمبەری سەروەرمان خشتەی ناوی هەموو (مونافیق) و دووڕووەکانی لەلا دانابوو کە تەنها خوا و پێغەمبەری خوا ﷺ و حوذەيفە دەیانزانی ناوی کێ لەو لیستەیەدا هەیە .
ئیمامی عومەر لە کاتێکدا لە ناوکیەوە خوێنی لەبەر دەڕۆیی فەرمووی : ئەی حوذەیفە ، تو حەقی خودا پێم بڵێ ئایا پێغەمبەری خوا ﷺ ناوی منیشی لەگەڵ ناوی دووڕووەکاندا لەلات داناوە ؟!
حوذەيفە بێ دەنگ بوو ، فرمێسک بە چاوەکانیدا هاتە خوار و گوتی : نهێنیە ناتوانم بڵێم ئەی عومەر .
ئیمامی عومەر لێی دووبارەکردەوە فەرمووی : توخوا ناوی منیشی تێدایە ؟
حوذەيفە گریا گوتی : بە تۆ دەڵێم و بە کەسی تر ناڵێم نەخێر ناوی تۆی تێدا نیە .!
ئیمامی عومەر بە عبدالله ی کوڕی فەرموو :
لە دنیادا شتێکی ترم ماوە ؟
عبداللە گوتی : چیە بابە گیان ؟
گوتی : حەزدەکەم لە تەنیشت پێغەمبەری خوا ﷺ دا بمنێژن كورەکەم بڕۆ بۆ لای عائیشەی دایکی ئیمانداران بەڵام مەڵێ پێشەوای موسڵمانان وایگووت بەڵکو بڵێ عومەر وایگووت واتە بەناوی خۆم لەلای دایکە عائیشە ناوم بێنە پێی بڵێ تۆ خاوەنی ئەم ژوورەی کە پێغەمبەری خوای لێ نێژراوە بزانە ئیجازە دەدات لەوێ لەلای قاچەکانی پێغەمبەری خوا ﷺ بمنێژن ؟
دایکی ئیمانداران عائیشە فەرمووی : بەڵێ هەرچەندە ئەم شوێنەم بۆ ناشتنی خۆم دانابوو بەڵام ئەمڕۆ بۆ عومەر بەجێی دێڵم .!
عبداللەی کوڕی بەدڵخۆشی گەڕایەوە و گوتی :
ئەی باوکە گیان مۆڵەتی پێدای لەوێ بنێژرێی
ئیمامی عومەر ڕووی خۆی خستە سەر خاک و عبداللەی کوڕی دانیشت ڕوومەتی باوکی خستە سەر ڕانی گوتی کوڕم بۆ مەنعم دەکەی ڕووی خۆم بخەمە سەر خاک ؟
گوتی : باوکە گیان .
عومەر گوتی : نەخێر ڕوومەتی باوکت بخەوە سەر خاک نەوەک خوا لێم نەبوورێ .
ئیمامی عومەر گیانی سپارد وەسیەتی لەلای عبداللەی کوڕی کردبوو ئەگەر نوێژتان لە مزگەوتی پێغەمبەری خوا ﷺ لەسەر کردم تەماشای حوذەیفە بکە ڕەنگە بە زیندوویەتی نەیویستبێ دڵم بشکێنێ بۆیە نەیویستبێ پێم بڵێ ناوت لە لیستی دووڕووەکان هەیە بەرەو لای ماڵی پێغەمبەری خوا ﷺ بمبەن ئەگەر حوذەیفە نوێژی لەسەر کردم بمبەنە ژوورێ ئەگەر نوێژی لەسەر نەکردم بۆ ئەوێم مەبەن لە گۆڕستانی موسڵمانان بمنێژن ، دووبارە بە دایکی ئیمانداران عائیشە بڵێنەوە : ئەوە عومەرە و ئیجازەی دەدەی بێتە ژوور ؟
ئەگەر ئیجازەی نەدا مەمبەنە ژوور بمگێرنەوە بۆ گۆڕستانی موسڵمانان !!
لە مزگەوت بەرزیان کردەوە بینیان حوذەیفە نوێژی لەسەر کرد .!
ڕووی عەبدوڵای کوڕەکەی عومەر گەشایەوە ئینجا کە بردیان بۆ حوجرەکەی دایکی ئیماداران گوتیان : ئەی دایکی ئيمانداران ئەوە عومەرە ، ڕێگەی هاتنە ژوورەوەی دەدەی ؟ فەرمووی بەڵێ ئینجا بردیانە ژوورەوە .
بەو شێوەیە پێشەوامان عومەر (رضي الله عنه) لە تەنیشت پێغەمبەری خوا ﷺ و ئەبوبەکری صدیق نێژرا .
دیقەت بدەن ئەی ئیمانداران و موسڵمانان .
ئیمامی عومەر یەکێک بوو لەو ۱۰ کەسەی کەوا لەسەر دونیا موژدەی بەهەشتی پێدرا .
بەڵێ ئەو عومەرەی زەوی پڕ کرد لە دادگەری و حەق و عەدالەت کەوا پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی : ئەگەر پێغەمبەرێک لەدوای منەوە بهاتایا ئەوا عومەر دەبوو .
هەروەها ڕۆژێک پێغەمبەری خوا ﷺ لەگەڵ ئەبوبەکری صدیق و عومەری کوڕی خەطاب و عوسمان کوڕی عەففان لەسەر چیای ئوحود ڕاوەستابوون لەناکاو چیای ئوحود لەرزی ، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی : ئوحود خۆڕاگربە پێغەمبەرێک و صدیقێک و دوو شەهید لەسەرت وەستاون .
پێغەمبەری خوا ﷺ لەوێ ڕایگەیاند کەوا ئیمامی عومەر شەهید دەبێ .
عومەری کوڕی خەطاب بەشەهیدی دنیای بەجێهێشت .
سەرەڕای ئەوەی عومەری کوڕی خەطاب ڕۆح و ماڵ و گیانی خۆی لەپێناو ئیسلام بەخشی و تەمەنی خۆی لەخزمەت پێغەمبەری خوا ﷺ بەسەربرد ئینجا لەخۆی دەترسێ نەوەکو یەکێک بێت لە مونافیقەکان .

وەڵامێک بنووسە