توێژینەوە

یادەوەری و پەند | بەشی حەوتەم

367بینین

 

ئاساییە بێیتە دواوە

دكتۆر فازیل سولەیمان دەڵێت: دە ساڵێك لەمەوبەر چووم بۆ ئەمستەردام لەهۆڵەندا بۆ كۆنفرانسێكی ئیسلامی، لەچوونە ژوورەوەدا كەسێك كامێرەی لەگەڵ بوو خۆی ناساند كە حاخامێكی جوولەكەی مەسیحیە، ویستی پرسیار بكات، وتم: ببورە ئێستا گونجاو نیە وتارم هەیە دواتر لە ئوتێل لەخزمەتدا ئەبم.

برادەران كە زانیان وتیان: ئەوە كەسێكی دژ بەئیسلامەو باشتر وایە چاوپێكەوتنی لەگەڵ نەكەیت چونكە كلك وگوێی قسەكانت ئەكات و بەخراپ بەكاری دەهێنێ‌، وتم: جا ئێمەش تۆماری ئەكەین ئەگەر شتی وای كرد نوسخەكەی خۆمان بڵاوئەكەینەوەو فەزحی دەكەین.

ئەوەبوو لەكاتی دیاریكراودا هات بەخۆی و كامێرەوە، ئێمەش كامێرەمان دانا، وتی: ئێوە تۆماری مەكەن من نوسخەتان ئەدەمێ‌. وتمان: شتی وا نیە نەك دەستكاری بكەیت. پێی ناخۆش بوو، دواتر ئێمە لەیوتیوب ڤیدیۆكەمان دابەزاند و، ئەو لەداخا داینەبەزاند كەنەیتوانی دەستكاری بكات.

دوای ساڵێك شتێكی بڵاوكردەوە كەسێك دانیشتووەو قورئانێكی لەباوەشدایەو سەگ دێت دەمی لێئەدات. هەر لەوماوەیەدا داوایان لێكردم بەشداربم لەچادرگەی تازە موسڵمانبووەكانی هۆڵەندا كەچووم هەمان كەس كەناوی (بینكۆك) بوو هات و ویستی چاوپێكەوتنم لەگەڵدا بكات، منیش وتم: دوای تەواوبوونی چادرگەكە سەعات شەش من ئامادەم. دوای چەند رۆژ كەچادرگەكە تەواو بوو خۆی و ستافی تۆماركردن هاتن، دیاربوو رێیان دووربوو، ئەیویست فلیمێك بەرهەم بهێنێ‌ ئەوەی منیش بەشێك بوو لەو كارەی، كامێرەیان داناو ئێمەش كامێرەی خۆمان دانا. كەوتینە ئەوەی دەست پێبكات وتم: من پرسیارێكم هەیە. وتی: فەرموو. وتم: فلیمی ئەوسەگە كاری تۆیە؟. وتی: بەڵێ‌ ئێمە لەهۆڵەندا ئازادین و ئەوەش بۆ ئەوەی موسڵمانان بزانن قورئانەكەیان پیرۆز نیە.

منیش وتم: تۆ بەو كارەت ئازاری من و ئامادەبووە موسڵمانەكانت داوە ئەگەر داوای لێبوردن نەكەیت چاوپێكەوتن ناكەم لەگەڵتدا. وتی: ئاخر چۆن و من پارەی زۆرم خەرج كردووە تا هاتووم. وتم: كەیفی خۆتە. نەیكرد چونكە ئەیزانی تۆماری ئەكەین و بڵاوی ئەكەینەوە. ئینجا پێمووت: ئێمە خوا فەرمانی پێداوین لە هەركوێ‌ سوكایەتی بەئاینەكەمان بكرێت لەوێ‌ دانانیشین (وَقَدْ نَزَّلَ عَلَيْكُمْ فِي الْكِتَابِ أَنْ إِذَا سَمِعْتُمْ آَيَاتِ اللَّهِ يُكْفَرُ بِهَا وَيُسْتَهْزَأُ بِهَا فَلَا تَقْعُدُوا مَعَهُمْ حَتَّى يَخُوضُوا فِي حَدِيثٍ غَيْرِهِ إِنَّكُمْ إِذًا مِثْلُهُمْ إِنَّ اللَّهَ جَامِعُ الْمُنَافِقِينَ وَالْكَافِرِينَ فِي جَهَنَّمَ جَمِيعًا) (النساء: 140).

جا پەندەكە ئەوەیە هەركات چاوپێكەوتنتان كرد بزانن ئەجینداو مەرامی بەرامبەر چیە لەو چاوپێكەوتنەدا ئەگەر خزمەت بوو بەئیسلام باشەو ئەگەر واش نەبوو ئاساییە بكشێنە دواوە. هەرشادبن ..براتان ئەندازیار عوسمان.

وەڵامێک بنووسە