توێژینەوە

یادەوەری و پەند | بەشی یانزەیەم

482بینین

 

تكایە بەفەتواكەدا بچنەوە

بانگخواز فازیل سولەیمان ئەڵێت: ساڵی 2014 فیلمێك لەلەندەن عەرز كرا لەسەر حەزرەتی نوح “سەلامی خوای لێبێت” بەڵام هەندێ‌ ناهەقی تیابوو بەرامبەر گەورەمان نوح، كە رووەكی بووەو گوایە گۆشتی نەخواردووە، كە بەخەنجەرێكەوە ڕا ئەكات بەداوی بوكەكەیدا تا كۆرپەكەی كەیەك رۆژە لەدایكبووە بیكوژێت.. هتد.

ئەوە زۆر بێتاقەتی كردم، دیارە پێشتر بەهەمان شێوە لەسەر حەزرەتی موسا “سه‌لامی خوای لێبێت” فیلم دەركراو ئنجا لەسەر خۆشەویستیشمان “سەلامی خوایان لێبێت” كە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی موسڵمانان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بكەن.

مەسیحیەكان لەسەر حەزرەتی عیسا “سەلامی خوای لێبێت” فیلمیان بەرهەم هێنا وتوانیان خەڵكانێكی پێڕابكێشن بەرەو مەسیحیەت هەرچەند ئەویش لەلای ئێمەی موسڵمان زۆری هەڵەی مێژوویی تیابوو.

پێش ئەوەی گلەیی لەوان بكەین ئەبێ‌ گلەیی لەخۆمان بكەین، كوا درامای ئیسلامی، ئینجا فەتوایەك درا لەسەر دەرنەخستنی هاوەڵان و پێغەمبەران “سەلامی خوایان لێبێت” لەژێر رۆشنایی (سد الذرائع) واتە: رێگریكردن لەوەی شتێك بڕوات بەرەو حەرام، ئەوەش لەبەر ئەوەی كە بەداخەوە زۆربەی ئەكتەرەكان پابەند نین بەئیسلامەوە و كە لێرە رۆڵی هاوەڵێك ببینن، لای ئێمە وێنەكەیان لەمێشكدا ئەچەسپێت و دواتر لەرۆڵێكی نەشیاودا بیابینین كاریگەری خراپی دەبێت.

وردەوردە رۆڵی هاوەڵان بینرا وەك زنجیرەی حەزرەتی عومەر كەمن هەموویم تەماشا كرد بەراستی بەسوود بوو، بەڵام دەرنەخستنی خۆشەویستمان (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) بۆ نموونە: كە ئەبوبەكر و عومەر “ره‌زای خوایان لێ بێت” ئەچنە لای و قسەی لەگەڵ دەكەن، دوایی دێنە دەرەوەو ئەڵێن: خەڵكینە پێغەمبەری خوا وای فەرموو، ئەمە راست نیە چونكە سەروەرمان راستەوخۆ ئەو قسانەی بۆ هاوەڵان كردووە ئەوە راستیەكە ئەشێوینێت، دیارە بۆ دەرنەخستنی سەروەرمان دەرهێنەر ناچاربووە ئەو كارە بكات، من دەڵێم راستە نابێت سەروەرمان و پێغەمبەران كەس رۆڵی ئەوان ببینێت، بەڵام لەبەر لایەنە مێژوویی و راستی مەشهەدەكە هەق وایە ڕێ بدرێت دەرهێنەرەكان كەسێك پیشان بدەن قسەكان بكات و دەموچاوی دەرنەخرێت.

سەیركەن چیرۆك چەند كاریگەری هەیە سەروەرمان “دروودی خوای له‌سه‌ر بێت” فەرمووی: خۆزگە حەزرەتی موسا “سەلامی خوای لێبێت” ئارامی بگرتایە تا پیاوە ساڵحە كە چەند مەشهەدێكی تری پێشكەش بكردینایە دیارە بۆ ئەوەی زیاتر سوودی لێ ببینرێت.

بەراستی هەقە ئوممەتی ئیسلامی لەسەرتاسەری جیهاندا درامای بەسوود بەرهەم بهێنن، هەروەك چۆن “مستەفا عەقاد” ریسالەو “عومەر موختار”ی بەجوانترین شێوە بەرهەم هێنا كەبەداخەوە بەناهەق خوێنیان رشت و نەگەیشت بەوەدا كە ئاواتەكەی بهێنێتەدی و فیلمێكی مەزنیش لەسەر سەلاحەدین بەرهەم بهێنێت.
هەرشادبن.

وەڵامێک بنووسە