توێژینەوە

كاریگه‌ریی دەروونی خوێندنەوەی سورەتی فاتيحە | به‌شی یه‌كه‌م

1.01Kبینین

له‌م وتاره‌دا كۆمه‌ڵێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سوره‌تی فاتیحه‌و ڕۆڵ‌و توانای ئەم سورەتە لە چاكبوونەوەی نەخۆشییەكاندا، بیری خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست ده‌هێنینه‌وه‌. سورەتی فاتیحە شیفایە، سورەتی فاتیحە بەسە بۆ خوێنەرەكەی و گەورەترین سورەتی قورئانی پیرۆزە…

گەورەترین سورەتی قورئان:

خۆزگە خەڵكی هەموو ڕۆژێك حەوت جار سورەتی فاتیحەیان دەخوێندەوە، بۆ چارەسەری زۆرێك لە نەخۆشییەكان، هه‌روه‌ها بۆ دوورخستنەوەو لاچوونی زۆرێك لە زیانە هەست پێ نەكراوەكان، ئەم سورەتە پیرۆزە گەورەترین سورەتی قورئانی پیرۆزە، بەبێ خوێندنی ئەم سورەتە نوێژ دروست نابێت، ئەو سورەتەیە كە خوای گەورە كردوویەتی بە دایكی قورئان، (أم الكتاب)، دایكی كتێب، (كتاب) ناوێكی دیكەی قورئانی پیرۆزە، دایكی شیفاو چاكبوونەوە.

ئەمە ئەوەیە، كە پێغەمبەری خۆشەویست (صلی اللە علیە وسلم) لەسەر گەورەیی ئەم سورەتە پیرۆزە قسەمان بۆ دەكات‌و دەفەرمووێت: :(ما أنزلت في التوراة، ولا في الإنجيل، ولا في الزبور، ولا في الفرقان مثلها، وإنها سبع من المثاني، والقرآن العظيم الذي أعطيته) [البخاري ومسلم]

(سوێند بەو خوایەی گیانی منی بە دەستە، وێنەی ئەم سورەتە نە لە تەوارت‌و نە لە ئینجیل‌و نە لە زەبوورو نە لە لە فورقاندا دانەبەزێنراوە، فاتیحە حەوت ئایەتی دووبارەبووەو ئەو قورئانە گەورەیەیە كە بە من بەخشراو).

ڕێنموونییە بۆ ڕێگەی ڕاست:

لە عبداللەی كوڕی عەباسەوە ڕەزای خوایان لێبێت گێڕدراوەتەوە: (بينما جبريل قاعد عند النبي صلى الله عليه وسلم سمع نقيضاً من فوقه فرفع رأسه فقال: هذا باب من السماء فتح اليوم، لم يفتح قط إلا اليوم، فنزل منه ملَك فقال: هذا ملك نزل إلى الأرض، لم ينزل قط إلا اليوم، فسلَّم وقال: أبشر بنورين أوتيتهما، لم يؤتهما نبي قبلك: فاتحة الكتاب، وخواتيم سورة البقرة، لن تقرأ بحرف منهما إلا أعطيته) (مسلم).

واته‌: (كاتێك فریشتەی سروش (جبریل) سەلامی خوای لێبێت، لە شێوەی مرۆڤدا لای پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دانیشتبوو، گوێیان لە دەنگێك بوو لە ئاسمانەوە، جبریل سەری هەڵبڕی‌و سەیری ئاسمانی كردو فەرمووی: ئەوە دەرگایەك بوو لە ئاسمان ئەمڕۆ كرایەوە، جگە لە ئەمڕۆ هەرگیز ئەو دەرگایە نەكراوەتەوە، پاشان فریشتەیەك لەو دەرگایەوە هاتە خوارەوە، جگە لە ئەمڕۆ هەرگیز نەهاتووەتە خوارەوە، فریشتەكە هاتە نێو كۆڕەكەیان‌و سڵاوی لە پێغەمبەری ئازیز (صلی اللە علیە وسلم) كرد، پاشان پێی فەرموو: (مژدەت لێبێت بە دوو ڕووناكی (نور)، كە پێت بەخشرا، بە هیچ پێغەمبەرێكی پێش تۆ نەبەخشراوە، ئەوانیش سورەتی فاتیحەو كۆتایی سورەتی بەقەرەیە، هەر پیتێك بخوێنیت لێیان خوای گەورە پێت دەبەخشێت).

واتای ئەم فەرموودەیە ئەوە دەگەیەنێت كاتێك تۆ دەڵێیت: (اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ) واتە: تۆ داوا دەكەیت خودا بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنموونیت بكات، لە ژیانتدا لە كاروبارتدا، هەروەها ڕێنموونیت بكات بۆ بڕیاردانی ڕاست‌و دروست لە هەموو كاروبارەكانی ژیانتدا، ڕێنموونی تەنها ڕێنموونی ئاینی ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو جۆرەكانی ڕێنموونی دەگرێتەوە…

كاتێك تۆ دەتەوێت كارێك ئەنجام بدەیت، دەبینیت بڕیاری دروست‌و گونجاوت داوە، خوای گەورەش لەسەر ئەو هەنگاوە یارمەتیت دەدات، كاتێك دووچاری هەڵوێستێكی ناڕەحەت‌و دژوار، یان گرفتێك بوویت، خوای گەورە ڕێنموونیت دەكات بۆ ڕێگەچارەی دروست‌و گونجاو.

كاتێك تۆ ئەم سورەتە پیرۆزە حەوت جار بە شێوەیەكی وردو تێڕامانەوە دەخوێنیتەوە، ئەوا تۆ هەڵدەستیت بە ناردنی پەیامێكی پۆزەتیف بۆ ژیريی ناوەكیت (العقل الباطن)، هەموو ڕۆژێك حەوت جار سوودت پێ دەگەیەنێت، كە سوپاسی نەبڕاوە تەنها شایستەی خوای گەورەیە، چونكە پەروەردگاری ئەم بوونەوەرەیە، پەروەدگاری جیهانە، پەروەردگاری هەموو جیهانیانە، ئەوە زۆر لە خەم‌و ناڕەحەتی‌و گرفتەكانت گەورەترە، ئەو خودایەكی بەخشندەو بە بەزەییە، تۆ هەمیشە ئاتاجت بە بەزەیی‌و سۆزی ئەو هەیە.

كاتێكیش ئەم ئایەتە دەخوێنیتەوە، (الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ) هەست بە هێزو توانایەكی نامۆ دەكەیت،
لەبەرئەوەی هەست دەكەیت خوای بەخشندەت لەگەڵدایە، لە پاشاندا هەست بە نزیكی دەكەیت لێیەوە، دڵنیای لە قورسترین هەڵوێستدا پەروەردگارت لەگەڵدایە، ئەمەش هەستێكی گەورەت پێ دەبەخشێت بۆئەوەی هەست بە ئارامی دەروونی بكەیت، هەروەها هەست بە لاچوونی هەموو ئاڵۆزییە دەروونییەكان بكەیت، ئەگەرچی لە هەر جۆرو شێوازو قەبارەیەكیشدا بێت.

كاتێكیش دەڵێیت: (مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ) ئەوا تۆ پەیامێك بە ژیری ناوەكیت(العقل الباطن) دەگەیەنیت، كاری لێ دەكات‌و دوای چەند ڕۆژێك كارلێكی لەگەڵدا دەكات، ئەو پەیامەش سوودەكەی ئەوەیە که‌ پێویستە لەسەرت بزانیت هەموومان لە ڕۆژی دواییدا ڕادەوەستین، ئەو ڕۆژەی پێی دەوترێت: (یوم الدین)، واتە ڕۆژی سزاو پاداشت، واتە ئەو ڕۆژەی خوای گەورە لەسەر ئەو كردەوانەی ئەنجام دراون پاداشتی هەموو كەس دەداتەوە، خوای گەورە پادشاو لێپرسراوی ئەو ڕۆژەیە، ئەو خودایەی لە خەڵكی دەپرسێتەوە، لەبەرئەوە پێویست ناكات هیچ خەم‌و پەژارەیەك هەڵگرین، مادەم خوای گەورە بە چاكتر بۆمان دەگۆڕێت و لە تاوانەكانی هەموو كەسێك دەپرسێتەوەو ستەم لە هیچ كەس ناكات!

كاتێكیش تۆ دەڵێیت: (إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ) ئەو كاتە تۆ پەیامێك بە ژیری ناوەكیت دەگەیەنیت، كە بریتییە لەوەی دەبێت پەرستن تەنها بۆ خوای گەورە بێت، داوای یارمەتی‌و كۆمەككردن تەنها لە خودای گەورە بێت، لەگەڵ دووبارەكردنەوەی ئەم پەیامە پۆزەتیفەدا، تۆ خواردنێكت بە مۆخت داوە، بە قەناعەتێكی گرنگ كە بریتییە لەوەی كە (خودا لەگەڵتدایە‌و پشتیوانیت لێدەكات) ئەمەش هەستێكی بەهێزت پێدەبەخشێت، كە تۆ داوای كۆمەك‌و هاوكاری لە خوای باڵادەست دەكەیت بۆ جێبەجێكردنی پێویستییەكانت، هەروەها لە هەموو هەڵوێستێكدا كە دووچارت دەبێت ڕاوێژی پێ دەكەیت، هەروەها بۆ چارەسەری هەموو خەم‌و گرفتەكانی ژیانت پشتی پێدەبەستیت، ئایا لەم هەستە جوانتر هەیە؟

زانایانی پرۆگرامی زمانيي دەماری دەڵێن: گرنگترین شت بۆ بە دەستهێنانی سەركەوتن ئەوەیە هەست بكەیت بەڕاستی تۆ مرۆڤێكی سەركەوتوو بەهێزیت، ئەم هەستەش لە ناختدا گەشە دەكات، تا دەبێتە بەشێك لە تۆ.

خوێنەری ئازیز، ئایا خوێندنی قورئان هەڵدەستێت بەم مەبەسەتە؟ ئایا لێوردبوونەوەو ڕامان لە ئایەتە پیرۆزەكانی قورئان هەستی سەركەوتنت لە لا بەهێز دەكه‌ن لە دنیاو دواڕۆژدا، ئەو هەستەت لە لا بەهێز دەكه‌ن، كە خوای گەورەت لەگەڵدایە، هەموو ساتەكانی ژیانت لێتەوە نزیكەو هەرگیز جێت ناهێڵێت!

به‌پێنووسی: دكتۆر عبدالدائم الكحیل

وەڵامێک بنووسە