هەمەرەنگ

قەدەرێكی زۆر سەیر

2.06Kبینین

دۆستێكی خۆشەویستم لەهەولێر وتی: وتاربێژو پێشنوێژی مزگەوتی دێكەی خۆمان بووم ساڵی نەوەدەكان، بیرێكمان هەبوو لەماڵەوە ویستم ماتۆڕێكی بۆ بكڕم، تەنها 35 دینارم هەبوو، دوو دینارم بۆ هاوسەرەكەم داناو، 33 دینارمایەوە، دینارێكمدا تاگەیشتمە موسڵ، دینارێكیشم ئەویست بۆ گەڕانەوە، دینارێكیشم ئەویست بۆ نانخواردن.

چوومە دوكانێك وتم: هەرزانترین ماتۆڕی ئاو بەچەندە؟ وتی: بە 35 دینارە، چی پرسیارم كرد بەو پارەیە نەمئەتوانی بیكڕم!

ئەسوڕامەوە كاتێكم زانی ئینزیباتی عەسكەری رایانگرتم و داوای ناسنامەیان لێكردم، منیش پێمدان، وتیان ئەوە تەزویرە، وتم: من مەلام ووتاربێژم بەجبەو عەمامەوە تەزویری چی؟، سواری ئوتومبیلێكی سەربازیان كردم كەسی تریشی تیابوو.

دوایی یەك یەك بانگیان دەكردین، سەرەهاتە سەرمن، ئەفسەرێك وتی: 25 دینار بدە بەرت ئەدەین تومەز كاسپی ئەكەن وپارە لەخەڵك ئەكێشنەوە، وتم: نایدەم ناسنامەكەم تەزویر نیە، وتی: 20 دینار بدە، وتم: نایدەم، گەیشتە ئەوەی 5 دینار بدەم، وتم: نایدەم.

بردیانم بۆ مەركەزێك و خستمیانە قاعەیەكەوە كە زیندانی تری لێبوو، هەموو خەریكی تاوڵەو دۆمینەبوون، یەك پیاوی موسڵاوی نەبێت كەلەسەر جێگایەك دانیشتبوو بەجیا، هەرئەهاتم وئەچووم، خوایە من تووشی چی بووم، ئێستا ماڵ ومناڵم چیبكەن وكەس نازانێت من گیراوم، مقابایەكم پەیداكردو نوێژم كردو زۆر پاڕامەوە، كابرای موسڵاوی بانگی كردمە لای خۆیەوەو كەوتینە قسە، وتی: لەسەر چی گیراوی؟ هەموویم بۆ باسكرد، ئەویش وتی: منیش بەسۆپەرەكەم پارەی زەكاتم دابەش ئەكرد بەسەر هەژاراندا، گرتیانم لەبەر ئەوەی كوڕەكەم چەقۆی لەزەلامێك داوە، منیان تەوقیف كردووە تا ئەو دەگرن، ئنجا وتی:من هەر هەژارێك سەد دینارم داوەتێ‌، ئەوە دووسەدو پەنجا دینار بۆتۆ، هەرچەند وتم نامەوێت بەزۆر پێی دام، دوای بیست خولەكیش بەریان دام، ئنجا لەحیكمەتی گرتنەكە تێگەیشتم خوا ویستی ئەو رزقەم بدات، ئنجا چووم باشترین ماتۆڕی ئاوم كڕی بە پەنجا دینارو باقی پارەكەش تا ماوەیەكی زۆر پێی بووژاینەوە .. (وفي السماء رزقكم وما توعدون).

وەڵامێک بنووسە