توێژینەوە

پیلانی شەیتان لاوازە

1.08Kبینین

 

خوا دەسەڵات و (سلطان)ی نەداوە بەشەیتان و تەنها لەرێی وەسوەسەوە مرۆڤ دنە ئەدات بەرەو خراپە، بۆ ئەوەش پێویستە پەنا بگرین بەخوا لە وەسوەسەی شەیتان هەروەك لەسورەتی (الناس) دا فەرمانمان پێدراوە.

جا شەیتان بەهەموو توانایەوە هەوڵ ئەدات زیانێك بگەیەنێ‌ و خێرێك روونەكاتە كەسێك كەچی بەویستی خوای باڵادەست ئەو پیلانە شەیتانیە بەخێر ئەگەڕێت و بەپێچەوانەی ئەوەی شەیتان ئەیەوێت دێتەدی ، كاتێك حه‌زره‌تى یوسف “سەلامی خوای لەسەر بێت” بەو كەسەی وت كەوای زانی رزگاری ئەبێت كاتێك كەخەوەكەی بۆ تەفسیر كرد كەناوی ببات و باسی بكات لای پاشا، ئەوەبوو شەیتان بیری بردەوە بۆ ئەوەی یوسف تووشی زەحمەت و ناڕەحەتی زیاتر ببێت، راستە چەند ساڵێكی تر بەناهەق لە بەندیخانەدا مایەوە بەڵام بوو بەخێر بۆی چونكە ئەگەر خزمەتكاری پاشا باسی ئەمی بۆ بكردایەو لە بەندیخانە رزگاری ببوایە خوا ئەیزانی لەكوێ‌ ئەگیرسایەوە ، بەڵام مانەوەی بوو بەخێر تا پاشا خەوەكەی ببینێ‌ و ئەمیش ببێتە عەزیزی میسر ، ئەگەر شەیتان بیزانیایە ئەوە گەورەترین خزمەتە ئەیكا بەیوسف ئەوەی لەبیر ئەو خزمەتكارە نەئەبردەوە: (وَقَالَ لِلَّذِي ظَنَّ أَنَّهُ نَاجٍ مِنْهُمَا اذْكُرْنِي عِنْدَ رَبِّكَ فَأَنْسَاهُ الشَّيْطَانُ ذِكْرَ رَبِّهِ فَلَبِثَ فِي السِّجْنِ بِضْعَ سِنِينَ) (يوسف: 42).

هەر بەهەمان شێوەش كاتێك موساو خزمەتكارەكەی “سەلامی خوای لێبێت” عەوداڵی گەیشتن بوون بە پیاوە صالحەكە ، شەیتان ماسیەكەی لەبیر خزمەتكارەكە بردەوە و ئەو ماسیە چووەوە ناو ئاوەكە، دواتر كەموسا ئەحواڵی خواردنەكەی پرسی ئینجا بیری كەوتەوە و بوو بەخێر بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی كە ماسیەكەیان لێ‌ بەجێمابوو ، ئنجا لەوێدا پیاوە ساڵحەكەی بینی ، جا ئەگەر ئەو بیرچوونە نەبوایە بێهوودە هەر ئەگەڕان لەكاتێكدا جێژوانەكەیان ئەو شوێنی بیرچوونە بوو، جا ئەگەر شەیتان بیزانیایە ئەو بیربردنەوەیە خێرە بۆیان ئەوە بیری نەئەبردەوە تا نەگەن بە پیاوە صالحەكە كە (خضر)ە (قَالَ أَرَأَيْتَ إِذْ أَوَيْنَا إِلَى الصَّخْرَةِ فَإِنِّي نَسِيتُ الْحُوتَ وَمَا أَنْسَانِيهُ إِلَّا الشَّيْطَانُ أَنْ أَذْكُرَهُ وَاتَّخَذَ سَبِيلَهُ فِي الْبَحْرِ عَجَبًا (63) قَالَ ذَلِكَ مَا كُنَّا نَبْغِ فَارْتَدَّا عَلَى آَثَارِهِمَا قَصَصًا (64) فَوَجَدَا عَبْدًا مِنْ عِبَادِنَا آَتَيْنَاهُ رَحْمَةً مِنْ عِنْدِنَا وَعَلَّمْنَاهُ مِنْ لَدُنَّا عِلْمًا (65) (الكهف).

 

وەڵامێک بنووسە