نووسین

قەدەغە نەکرێت… بەدیلی بۆ بدۆزرێتەوە!

نووسه‌ر: ئەحمەد قادر

1.87Kبینین

 

 

ماوەی چەند مانگێکە منداڵەکەم بە یاری پازڵ Puzzle رادەهێنم بۆ ئەوەی وردە وردە مێشکی بکرێتەوەو فێری یارییە ئەقڵییەکان ببێت. بەڵام زۆرێک لەو یارییانە بەشێکن لە کلتوورو ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری و رۆژئاوا.

پازڵ Puzzlle یارییەکە بۆ منداڵان. لە رێگەیەوە لە یەک کاتدا منداڵان هەم کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن، هەم وەک یارییەکی ژیری گرنگ بیرو ژیرییان دەکاتەوە هەمیش پیتەکان، ژمارەکان، نەخشەی وڵات، شارەکان و سەدان بابەتی کلتووری و ئایینی و نەتەوەیی فێر دەبن.

زۆربەی ئەو یارییانەی کە ئێستا لە بازاڕدا دەفرۆشرێن و نەوەی مسوڵمانان دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم دەکەن بەشێکن لە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی کلتووری خۆرئاواو سەرمایەداری.

لە ئێستادا ململانێی کلتووری و ئایدۆلۆژی تەنها لە چوارچێوەی کتێب و رۆژنامەو گۆڤارەکاندا نەماوە، بەڵکو ئەم ململانێیە زیاتر لە رێگای وێنەو ڤیدیۆو دەنگ واتە مۆسیقاوە دەکرێت. نەک هەر ئەوە بەڵکو لە ئێستادا فیلم و دراماکان، ریکلامەبازرگانی و کۆمەڵایەتیەکان و هەموو جۆرە یارییەکی کاغەزی و لاستیکی و ئەلیکترۆنی وەک چەکێکی هێزی نەرم بەکاردەهێنرێت و هەر وڵاتێک و بەپێی ئایدۆلۆژیای خۆی بڵاویان دەکاتەوە.

باشترین تەمەنی مرۆڤ بۆ ئەوەی کاریگەری زیاترو رەگداکوتاوی بخرێتە سەر تەمەنی منداڵییە. چونکە منداڵ وەک هەویرێک وایە چۆنت بوێت بەوجۆرە دەتوانیت بیشێلیت. هەڵبەت بە بەردەوامیش پێویستە بەرهەمی جیاوازی کلتووری بەپێی تەمەنی مرۆڤەکان بەرهەم بهێنرێت بۆ ئەوەی کاتی خۆیانی پێ بەسەر ببەن. بە یاری منداڵان و مۆسیقاو گۆرانی و راپ و پاشان فیلمی کۆمیدی و پڕجوڵە (Action) و دواتر فیلمی توندوتیژو کە گەشتە تەمەنی پێگەشتنیش بە دراما مێژوویی و ئایدۆلۆژییەکان مێشکی مرۆڤ بەو جۆرە ئاراستە دەکرێت کە خۆرئاواو سیستەمی سەرمایەداری دەیانەوێت.

بێینەوە سەر دۆخەکەی خۆمان: رۆژێک لە کتێبخایەکی تایبەت بە کتێبی ئیسلامیدا هەمان یاری Puzzle م بینی، بەڵام چۆن پازڵ و یارییەک؟!!!

لە بری وێنەی سۆپەرمان و ئەکتەری فلیم کارتۆنە توندوتیژییەکان، وێنەی پیتە عەرەبییەکانی لەسەر نەخشێنرابوو. لەبری وێنەی کچێک بە پارچە جلێکی تەنکەوە کە تەنانت پیاو رووی نایەت نیشانی ژنەکەیشی بدات کە لە شێوەی فلیم کارتۆندا دەنەخشێنرێت لەسەر پازڵی بازاڕی، لەم پازڵە ئیسلامیەدا وێنەی کوڕێکی جوانکیلە کە هەنگاوەکانی دەستنوێژگردن فێری منداڵان دەکات نەخشێنراوە. یان وێنەی کچێکی جوانکیلە کە هەنگاوەکانی نوێژکردن فێر دەکات نەخشێنراوە.

لەبری وێنەی نەخشەی ئەوروپاو پارس و نیویۆرک، وێنەی کەعبەی شەریف و بەردە رەشەکە نەخشێنراوە.

هەڵبەت ئێمەی کوردیش دەتوانین وێنەی قەڵای هەولێرو دیاربەکرو شاری سلێمانی و سنەو سەلاحەدینی ئەیوبی و قازی محمد و مامۆستای مودەڕیس و پیتە کوردییەکانی لەسەر بنەخشێنین! هەروەها من دژی فێربوونی زمان و ژمارەی ئینگلیزی و هەر زمانێکی دیکە نیم، بەڵام سەرەتا پێویستە منداڵەکانمان فێری ئایین و زمان و کلتووری رەسەنی خۆمان بکەین پاشان بیاننێرینە خولی فێربوونی زمانەکانی دیکەوە. جارێ با ئێمە نەخشی سەر یارییە فێرکارییەکانمان رەنگدانەوەی ئایین و کلتووری خۆمان بێت پاشان کە منداڵەکەمان بە ئیمان و زمان و کلتوورێکی سەنگینەوە خۆی بڕوات زمان و کلتوورێکی دیکە فێر ببێت.

نەتەوەی مسوڵمان و کورد پێویستە خۆمان کلتووری خۆمان بەرهەم بهێنین، چەند گرنگی بە تەندروستی و خواردن و جوانی منداڵەکانمان بدەین لەوەش زیاتر دەبێت لە خەمی زمان و خوێندن و یارییەکانیاندا بین، چونکە دواجار ئەمانە دەبنە بەشێک لە ژیان و یادەوەری و کلتووری منداڵەکانمان، دواجاریش لە کلتوورەکەیەوە ئایینی باوباپیرانی وەردەگرێت و کەسێتی خۆی دروست دەکات.

ئیدی ئاوهایە، هەموو شتێک بەدیلی هەیە و دەبێت بەدیلی بدۆزرێتەوە نەک قەدەغەکردن و سوتاندنی.

 

وەڵامێک بنووسە