توێژینەوە

یادەوەری و پەند | بەشی هەشتەم

1.2Kبینین

 

جن چۆتە لاشەیەوە

بانگخواز دكتۆر فازیل سولەیمان ئەڵێت: تەلەفونێكم بۆهات گوایە كچی برادەرێكمان جن چۆتە لاشەیەوەو ئەبێ‌ هەموو بچین قورئانی بەسەردا بخوێنین، وەلحاسڵ چووم و هەریەكەو قورئانێكمان گرت بەدەستمانەوەو قورئانمان خوێند، دواتر نوێژمان كرد بەجەماعەت لەدووەم ركاتەوە كچەكە كە لەدواوە لەگەڵ دایكی وخوشكەكەیدا نوێژیان دەكرد لەگەڵمان، كردی بەهاوار هاوارێك نەمانزانی چۆن نوێژەكەمان تەواوكرد، دوای نوێژ برایەك كەوتە قورئان خوێندن بەسەریاو بەحساب قسە لەگەڵ ئەو جنەدا ئەكات چۆتە لەشیەوە، ئەیووت: تۆ كێیت؟ دەنگێكی گڕی پیاوانە لەكچەكەوە دەهات دەیووت: من جنێكی یەمەنم و موسڵمانم و ئەم كچەم خۆش دەوێت.

برادەرەكە وتی: وەرە دەرەوە ئەگینا ئەتسوتێنم، دواتر كەوتە پیاكێشانی كچەكە بەحساب لەجنەكە ئەدات، ئەو داماوە شل كوت كرد، ئافرەتە مات بوو، ئیتر نازانم بوورایەوە یان چی. هەموو بۆئەوەی نەجاتمان بێت، وتمان: پیرۆزبێت وادەرچوو هەرچەند قەناعەتیشمان نەبوو بەوەزعەكە. دواتر بردیانە لای پزیشكی دەروونی و سوپاس بۆخوا چاك بوو.

لەمبارەیەوە ساڵی 2002 لەمزگەوتی (دار الهجرة) لەئەمەریكا داوای وتارێكیان لێكردم. منیش وتم: ئێمە شتێكی كەم دەزانین لەبارەی جنەوەو ئیرادەیان هەیەو نابینرێن و…هتد.

ئەگەر شەرع حسابی بۆ ئەو حاڵەتە بكردایەو هەبوایە یەك تۆڵەسەندنەوەو قصاص جێبەجێ‌ نەدەكرا، تاوانبارو بكوژ لەدادگا ئەیانووت: جەنابی دادوەر من بەدەست خۆم نەبووە و جن هاتۆتە لاشەمەوەو ئەو ئەم كارەی پێكردووم.

برادەرێكمان لەئەهلی مزگەوت پێشانگای ئۆتۆمبێلی هەبوو، رامسپاردبوو بۆ سەیارەیەكی باش، دوای نوێژ بەیەكەوە چووینە پیشانگاكەی سەیارەیەكی كادیلاكی پاكی 1997 ی بۆپەیدا كردبووم بەدڵم بوو كڕیم، زۆر دڵم پێی خۆشبوو لێم دەخوڕی گوێم لەدەنگە هەناسە وەرگرتن و دانەوە بوو، سەیری دواوەم كرد هیچ دیار نەبوو، بەڕاستی ترسام. وتم: بەخوا رەنگە ئەوە جن بێت هاتبن هەقم لێبكەنەوە. گەڕامەوە لای برادەرەكەم وتم: سەرت بهێنە ژوورەوە گوێت لەو هەناسەدانەیە؟ وتی: بەڵێ‌. پێكەنی ودەستی بەدوگمەیەكدا نەما. وتی: سواری سەیارەی بەرزی كادیلاك بوویت و دەستت ناوە بەو دوگمەیەدا ئەوە مەساج بۆ كورسیەكەی دواتەوە ئەكات، ئەوەش دەنگی مەساجی كوشنەكەیە.

پاش چەند ساڵێك هاتمەوە میسر پاسەوانی عیمارەكەمان رۆژێ‌ شپرز بوو مۆڵەتی خواست. وتم: چیە؟. وتی: ژنەكەم جن چۆتە لەشیەوەو بەفەڕەنسی قسە دەكات. وتم: جا فەڕەنسی دەزانن تۆو ئەو وتی: نەوەڵا. بەهەرحاڵ بردبوویەوە لای پزیشكێكی دەروونی بەدەنكێك حەبی بچووك چارەسەری كردبوو.

برادەرێكم لە كۆلێژی ئەندازیاری بوو نەیئەخوێند و حەزی پێی نەبوو، دایكی ئەیووت: كوڕەكەم جن چۆتە لاشەیەوە!

جا بەڕاستی ئەو حاڵەتانە هەن و زۆر هۆكار وا دەكات بڵێین: جنە. بەڵام كێ‌ ئەڵێ‌ وایە؟ راستە قورئان بەرەكەتەو قورئان شیفایە. بەڵام كێ‌ ئەڵێ‌ پەیوەندی بەجننەوە هەیە؟ هەروەك مەسەلەی بەچاوەوە بوون، راستە هەیە بەڵام كێ‌ ئەتوانێت لەسەدا سەد بڵێت ئەو حاڵەتە جیننە یان بەچاوەوە بوونە؟

دكتۆر تاریق سوەیدان و ژمارەیەكی زۆری زانایانیش قەناعەتیان بەوەنیە جن بچێتە لاشەی مرۆڤەوە، لەم لاشەوە كەسانێك هەن كاری لەسەر دەكەن و هەندێكیش نانی پێ پەیدا ئەكەن.

یەكێك هەیە لەوڵاتی خۆمان ئەڵێت: بۆ خوا ئەیكەم پارە وەرناگرم. كەچی بۆی دەنووسێت لەدوكانی براكەی كیلۆیەك هەنگوین بكڕێت بەحساب ئەسڵە و ئەویش شیفایە، رێك لەو كیلۆ هەنگوینە حەفتا هەزار قازانج دەكات، خوا نەیبڕێت باشترین دكتۆریش هەقی عیادەكەی ئەوەندەنیە!!

منیش ئەڵێم هەرچی بێت و هەرچۆنێك بێت، خوێندنی قورئان و ویردەكانی بەیانیان و ئێواران وەك شوران كەبەئیزنی خوا ئەمانپارێزن لەهەموو بەڵایەكی ئەرزو ئاسمان با كەمتەرخەمی تیانەكەین. هەرشادبن.

وەڵامێک بنووسە