نووسین

ئایا خوێندنی ئەلکترۆنی سەرکەوتوو دەبێت؟!

نووسه‌ر: محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د مه‌مه‌ند

1.12Kبینین
– ئەوە ماوەی چەند ساڵێکە خوێندن لە کوردستان بەرەو دواوە دەچێت، ئەوەتا ئەو چەند ساڵانەی ڕابردوو بەهۆی ئەو بار و زروفە داراییەی کە بەرۆکی خەڵکی هەژاری گرتووە خوێندن زۆر بەرە و ئاستێکی خراپ ڕۆیشتووە، ئەویش بە نەدانی مووچە و شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانەوە ومانگرتی مامۆستایان و بایکۆتکردنیانەوە بوو، بەهۆی ئەم دۆخەشەوە بەشە وانەکان وەک پێویست نەدەخوێند، بەوەش قوتابی لەخوێندن دوا دەکەوتوو مەنهەجی تەواوی نەدەکرد.
– تائێرە باشترە، بەڵام ئەم بڕیارەی ئەمجارەی خوێندن قوڕەکە خەستر دەکات، بەوەی کەدەڵێ خوێندن بۆ ئەمساڵ لە پۆلی (٣ بۆ ١١) بەشێوەی ئۆنلاین دەبێ، بەڕاستی ئەوە بڕیارێکی زۆر سەقەتە و سەرکەوتوو نابێت لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:-
١-ئەو سیستەمە پێویستی بە کارەبای چاک و زۆر هەیە، بەڵام بەداخەوە کارەبای لای ئێمە لە وەرزی خوێندندا زۆر خراپە کەواتە ئەوە گەورەترین موشکیلەیە، چونکە ئەو قوتابیە پێویستی بە مۆبایل یان ئایپاد یان کۆمپیوتەرە، ئەوانیش شەحنیان پێویستە.
٢-کێشەیەکی تر ئەوەیە کە ئەو منداڵە پێویستی بە ئامێرێکی ئەلکترۆنی یە( کۆمپیوتەر، ئایپاد، مۆبایلێکی زیرەک) ئەوەش لەڕووی داراییەوە ئەرکی خاوەن قوتابی قورستر دەکات و هەریەکەیان پارەیەکی باشی دەوێت، بەتایبەت منداڵی کەسە هەژارەکان ئەو پارەیە لەکوێ بێنن.
٣-لەڕووی تەندروستییەوە ئەو ئامێرە ئەلکترۆنیانە، زەرەرێکی زۆر بە چاو و مێشک و بیری و هەموو لاشەی ئەو منداڵە دەگەیەنێت، بەڵام ئەم بەرپرسانە بۆچی بیری ئەوەیان نەکردۆتەوە کە ئەمە شتێکی خراپە بۆ دواڕۆژی منداڵەکانمان، دکتۆرەکان ئامۆژگاریمان دەکەن لە مەترسی ئەو ئامێرانە، بەڵام بەداخەوە ئێمە گوێ بەو بوارەی تەندروستییەی منداڵ نادەین و دەیخەینە لاوە.
٤-یەکێکی تر لەوانە بوونی خەتی ئینتەرنێتە، کەئەوەش هەم کێشەی دارایی و هەم کۆمەڵایەتی بۆ هەموو ماڵێک دروست دەکات و دەبێ زۆربەی ماڵەکان خاوەنی ئینتەرنێت بن، جا ئەو خەتەش لەکوردستاندا هیچیان وەک پێویست نین نە لە ڕووی خێراییەوە، نە لەڕووی نرخەوە.
٥-کێشەیەکی تر منداڵ فێر دەکات، فێڵ لە کەس و کاری بکات، ئەویش بەوەی منداڵەکە زۆر دەمێنێتەوە لەسەر خەت و دەڵێت ئەوە وانە دەخوێنم، بەڵام واش نییە، پاشان ئەوەش وا لە قوتابی دەکات، کەکاتێکی زۆری بڕوات و چاوەکانیشی لەدەست بدات و بەهۆی زۆر دانیشتنی کێشەی قەڵەوی و هەرسیشی بۆ دروست بێت و توشی پشت ئێشانیش بێت و دەریش نەچێت.
٦-یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە، کە منداڵەکانی تریش ئایپاد یان مۆبایلیان دەوێت، ئەمەش کێشە و گیرو گرفتی زۆر بۆ دایک و باوک دروست دەکات، لەڕووی داراییەوە.
لەکۆتاییدا گیروگرفتی تریش زۆرە دەتوانیت تۆش یەک یان دوان بنووسی.

وەڵامێک بنووسە