توێژینەوە

خوا ئەیپاراست

548بینین

 

هیچ سەركردەیەك نیە لەدونیادا بڵێ‌ زەمانەتم وەرگرتووەو پاسەوانم ناوێ‌ تەنها خۆشەویستمان نەبێت كە زەمانەتی سەلامەتی و پاراستنی لەخواوە وەرگرتبوو (وَاللَّهُ يَعْصِمُكَ مِنَ النَّاسِ) (المائدة: 67). ئنجا راستگێڕی ئەمەش لەژیانیدا دەبینین:

یەكەم: ئەبوجەهل ویستی لەكاتی سوژدەیدا لەدەوری كەعبە بچێت پێبنێت بەسەریدا، كاتێك چوو بەشڵەژاوی گەڕایەوەو دەستی بەدەموچاویەوە بوو وەك خۆی لەشتێك بپارێزێت، وتیان: ها چی بوو، وتی: لەنێوان من و ئەودا چاڵێكی گەورەی ئاگر هەبوو لەگەڵ باڵی گەورە، خۆشەویست (د.خ) فەرمووی: لێم نزیك ببوایەتەوە مەلائیكەت پارچە پارچەیان ئەكرد (بوخاری).

دووەم: سەعدی كوڕی ئەبی وەقاص ئەڵێت: لەجەنگی ئوحودا دووجل سپیم بینی لەملاو ئەولای پێغەمبەرەوە بەرگریان لێدەكرد كە جوبرائیل و میكائیل بوون. (متفق علیە).

سێیەم: ئەبوبەكر ئەڵێت لەدەمەو ئێوارەدا لەئەشكەوتەكەوە بەڕێكەوتین، پاش ماوەیەك وتم: ئەی پێغەمبەری خوا بەدوامانەوەن، فەرمووی: (لاتحزن ان الله معنا) خەم مەخۆ خوامان لەگەڵدایە، خۆشەویست دوعای لێكرد ئەوەبوو سوراقە وڵاخەكەی سەرسمی داو كەوت: نزیك بۆوەو وتی: ئەزانم دوعاتان لێكردوم، دوعام بۆبكەن ئەگەڕێمەوەو نایەڵم كەس لێرەوە شوێنتان بكەوێت. (بوخاری)

چوارەم: لەغەزایەكدا لەلای نەجدەوە كە دارودرەختی زۆری لێبوو خۆشەویست شمشێرەكەی بەدارێكدا هەڵواسی و خەوت، كافرێك هاتە سەری و شمشێری لەسەرسەر داناو وتی: كێ‌ ئەتپارێزێت لەمن؟ سەروەرمان فەرمووی: خوا. شمشێرەی لەدەست كەوتەخوارەوە ئنجا سەروەرمان فەرمووی: ئەی كێ‌ تۆ لەمن ئەپارێزێت؟. وتی: چاكەم لەگەڵ بكەو مەمكوژە. فەرمووی: شایەتمان دێنی؟. وتی: نەخێر، بەڵام پەیمانت ئەدەمێ‌ نەشەڕت لەگەڵ ئەكەم و نەلەگەڵ ئەوانەشدا ئەبم كەشەڕت لەگەڵ دەكەن. ئیتر ئەویش ئازادی كرد وچووەوە ناوگەلەكەی و وتی: لای باشترین كەسەوە هاتووم، بەهۆیەوە كەسانێكی زۆر موسڵمان بوون (ئەحمەد).

وەڵامێک بنووسە