توێژینەوە

سوننەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) کامەیە؟

نووسه‌ر: مامۆستا مەلا یاسین وەرتی

640بینین

 

ئایا هەر شتێک لەحەدیسدا هاتبێ یان پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) یەکجار ئەنجامی دا پێی دەگوترێ سوننەت؟
زۆرێک لە قوتابی و هەوادارانی زانستەکانی شەریعەت کاتێک باس لە (سوننەت) بوونی شتێک دەکەن یەکسەر (حەدیس)ێک بەبەڵگە دەهێننەوەو دەڵێن ئەوەتا لە حەدیسدا هاتووە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) فڵان جار ئاوای فەرمووەو ئاوای کردووە؟ کەواتە ئەوە سوننەتە.
لێرەدا هەڵە تێگەیشتنێک هەیە لەبارەی ماناو مەبەستی سوننەت کە پێویستی بە ڕاست کردنەوەیە.
تێگەیشتنە هەڵەکە ئەوەیە پێناسەی (حەدیس)یان بەسەر (سوننەت)یشدا بڕیوە، لەکاتێکدا ئەوانە دوو شتی جیان و ئامانجیشیان جیایە، حەدیس بریتیە لە گێڕانەوەی هەموو وتەو کردارو خەسڵەت و هەیئەت و ڕەفتارە گشتی و تایبەتەکانی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) وەکو خۆی بەبێ وەستانی زۆر لەسەر ماناو ناوەڕۆکەکەی .
ئامانج لە گێڕانەوەی حەدیس بریتی بووە لە تۆمارکردنی وتەو کردارو هەڵسوکەوتەکانی پێغەمبەری خوا بەمەبەستی پاراستنیان لە فەوتان و لەناوچوون، بۆیه زانایانی حەدیس هەر شتێکیان بیستبێ تۆماریان کردووە بەو مەرجەی سەرچاوەکەی جێ متمانە بووبێت بە پێوەری ئەوان، بە کورتی حەدیس پڕۆسەی بە دیکۆمێنتکردنی هەموو ئەو شتانە بووە کە لە پێغەمبەری خوا بینراون و بیستراون .
بەڵام سوننەت تایبەت ترەو جیایە لەمە، سوننەت بە ڕێگاو ڕێبازێک دەگوترێ کە ماوەیەکی زۆر خاوەنەکەی لەسەری ڕۆیشتبێ و بووبێتە بەشێک لە سیماو کەسێتی ئەو.
ڕێگا و ڕێباز کە هاومانای سوننەتن لەڕووی زمانەوانیەوە، بەهۆی هاتن و چوون و لەسەر ڕۆیشتنێکی بەردەوام دروست دەبن نەک یەکجار ڕۆیشتن و تێپەڕین پێیدا.
سوننەتی پێغەمبەری خواش بەو کردارو ڕەفتارانە دەگوترێ کە پێغەمبەری خوا بەردەوام بووە لەسەریان و بوونەتە بەشێک لە کەسایەتی و ڕێبازی ژیانی، خەڵکیش شوێنی کەوتوون و دووبارەیان کردونەتەوە.
بۆیە مەرج نیە هەر کارێک پێغەمبەری خوا یەکجار ئەنجامی دا بێت یان لە شوێنێک فەرمانی پێکرد بێت یەکسەر بە سوننەت حساب بکرێت، بەڵکو دەبێ زانایان و پسپۆڕانی شەریعەت ئەوە پشت ڕاست بکەنەوە ئایا ئەوەی لە فڵانە حەدیسدا هاتووە سوننەتی پێغەمبەرەو دەبێ ئێمەش شوێنی بکەوین؟ یان ڕووداوێکی ڕاگوزەر بووەو پێغەمبەری خوا بۆ یەکجار یان بۆ یەک کەس یان حاڵەتێکی دیاریکراو فەرموویەتی .
ئەوەتا ابن عباس خوا لێی ڕازی بێت پرسیاری چەند شتێکی لێدەکرێ کە پێغەمبەری خوا ئەنجامی داون هەندێک لە موسڵمانانیش بەسوننەتیان زانیون بەڵام ابن عباس ڕەتی دەکاتەوە سوننەت بن و، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو فەرمانانەی پێغەمبەری خوا بۆ حاڵەتێکی تایبەت بوون و سوننەت نین بۆ ئێمە، لەوانە: خێرا ڕۆیشتن لە سێ خولی سەرەتای تەواف و، ئەنجامدانی (سعي) نێوان سەفاو مەڕوە بەسواری وشترو، هی تریش.
مەبەستی من لەو نوسینە ئەوەیە ئێمەی موسڵمان بەگشتی (بە مامۆستای ئاینی و بانگخوازو قوتابیانی زانستەکانی شەریعەت و هەموو ئەوانەی گرنگی بە حەدیس دەدەن) وریا بین لە بەڵگەهێنانەوە بە حەدیس و دروست کردنی موناقشەو جەدەل لەسەری، نابێ هەر فەرموودەیەکمان بیست یەکسەر بیکەینە بەڵگەی حەڵاڵی و حەرامی و سوننەت و بیدعەت بوون بەبێ گەڕانەوە بۆ توێژینەوەو ڕاڤەی زانایانی ئێستاو ڕابردوو.
هەندێک قسەو ڕەفتار هەن پێغەمبەری خوا ئەنجامی داون بەڵام دوایی وازی لێهێناون، هەندێکی تر هەن پێغەمبەری خوا یەکجار ئەنجامی داون، یان لەبەر هۆکارێکی تایبەت و بارودۆخێکی دیاریکراو فەرموویەتی و کردوویەتی، ئەمانە هیچ کامیان ناچنە خانەی سوننەتەوە بەو مانایەی شوێنکەوتنیان بۆ ئێمە پێویست بێت.
ئەڵبەت ئەو باسە نابێ بە پێچەوانەش بەکار بێت و بکرێتە پاساو بۆ ڕەتکردنەوەو پشت گوێ خستنی حەدیس، بێگومان مەترسی ئەو جۆرە تێگەیشتنەش لەوەی یەکەم کەمتر نیە.
ڕێگە چارەی دروست ئەوەیە گەر خۆمان نەمان توانی لێکۆڵینەوەی وردو قووڵ لە حەدیسێک بکەین دەبێ بگەڕێینەوە بۆلای زانایان بزانین لەبارەی ئەو حەدیسەوە چیان فەرمووە، بەتایبەت ئەو زانایانەی لەگەڵ شوێنکەوتنی تەواویان بۆ سوننەت گرنگیان بە ئامانجەکانی شەریعەت (مقاصد الشریعة)ش داوە .

وەڵامێک بنووسە