توێژینەوە

دڵنیاین لەسەركەوتنی ئیسلام

675بینین

 

لەچەندەها ئایەتدا قورئان جەخت دەكاتە سەر سەركەوتنی ئیسلام (والله متم نوره) (لیظهره علی الدین كله). ئەمە بێجگە لەچەند فەرموودەیەك كە ئەوانیش مژدەی بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە ئەدەن بەسەرتاسەری دونیادا.

دوای مردنی خۆشەویست ﷺ خەڵكی مەككە خەریكبوو لەدین هەڵگەڕێنەوە و ئەمیری مەككە عەتتابی كوڕی ئوسەید ترسا و خۆی شاردەوە، لەوكاتە هەستیارەدا، سوهەیل كوڕی عەمر وتارێكی بۆ مەككەیەكان داو بووە هۆی هۆی دامەزراویان و وتی: ئەگەر موحەمەدیش بمرێت ، بەدڵنیاییەوە خوا نەمردووە، ئێوە دەزانن من لەهەمووتان زیاتر باری حوشترم بەڕێوەیەو باری كەشتیم لە دەریادایە ، پاڵپشتی ئەميرەكەتان بكەن، من زامنی ئێوەم ئەگەر ئیسلام سەرنەكەوت ئەوا دەسەڵات وزەعامەت ئەگێڕمەوە بۆتان.

هەرچەند من دڵنیام كە ئەم ئایینە بەرۆژهەڵات و رۆژئاوادا بڵاو ئەبێتەوە .وتیان : چوزانیت؟ وتی: من بینیم پیاوێك بەتەنها بێ‌ ماڵو بێ‌ دەسەڵات لەژێر سێبەری ئەم كەعبەیەدا وتی: من نێرراوی خوام ، من سەرئەكەوم، ئێمەش گاڵتەمان پێی دەهات، بەڵام بەردەوام بەرەو پێش دەچوو زیادی ئەكرد تا بەناچاری تەسلیمی بووین ، بەخوا ئەگەر لەخواوەنەبووایە ، ئەوە وەك تۆپ ئەبوو بەدەست هەر یەكە لەلاوانی قوڕەیش وتۆپ تۆپێنیان پێدەكرد.

جا ئەم قسانە هی 1428 ساڵ لەمەوبەرە ، وا دوای ئەو هەموو ساڵە راستی ئەو قسانە دەبینین كەلەگەڵ ئەو هەموو ستەم و دژایەتی ورێگریەی دەكرێت لەبڵاوبوونەوەی ئیسلام ، بەفەزڵی خوا بەهۆی ئەنتەرنێت و هەوڵی بانگخوازانەوە ئیسلام چۆتە هەموو ماڵێكەوە!

وەڵامێک بنووسە