توێژینەوە

بۆچی سەبرو تەقوا ئەبێت پێکەوەبن؟

نووسه‌ر: دادوه‌ر بورهان ئه‌حمه‌د

534بینین

 

ئایا سیفەتی سەبر بەتەنها بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤی ئیماندار بتوانێت ڕووبەڕووی ناڕەحەتی و تووشهاتەکانی ژیان ببێتەوە و بتوانێت سەرکەوتووانە تێیانپەڕێنێت؟ بتوانێت ئەرکەکانی سەرشانی لەبەندایەتی و گوێڕایەڵی بۆ پەروەردگاری پیادە و جێبەجێ بکات، بتوانێت کەماڵی مرۆڤبوون لەخۆیدا بەرجەستە بکاو تەنها بەساڵح بوون، ئیکتیفا نەکاو مرۆڤێکی موسڵیح و ئیجابی بێت و فرمان بەچاکە بکاو تەنها چاکەکار نەبێت و بەرگری لەخراپە بکاو تەنها لەخراپە دووری نەگرتبێت، دوورەپەرێز نەبێت و بۆ خۆی بژی و دەستبگرێت بەکڵاوی خۆیەوە، بەڵکوو تێکەڵاوی خەڵکی و بەشداری خۆشی و ناخۆشیان دەکاو ئارام دەگرێ لەسەر ئەوەی لەپێناو خوای گەورە تووشی دەبێت و تەنها چاوەڕێی پاداشتی قیامەتە و منەت بەسەر کەسدا ناکات، لە خۆشی بایی نابێت و بەردەوام خۆی بەکەمتەرخەم دەزانێت و داوای مەغفیرەتو لێخۆشبوون لەپەروەردگاری دەکاو لەکاتی ناڕەحەتیش ناشڵەژێ و تێکناچێت و ئارام دەگرێت.

بەڵگە نەویستە بۆ هەر کارێکی دونیایی یان قیامەتی سیفەتی ئارامگرتن پێویستە، بەبێ سەبر ناتوانی تاکۆتایی لە ئەرکێکدا بەردەوام بیت، یان بگەیتە ئەنجام، قوتابیەک بەبێ ئارامگرتن ناتوانێت پلەیەکی بەرزو کۆلێژیێک حەزی لێبکات بەدەستیبێنێت، بازرگانێک بەبێ قوربانی لەدوورکەوتنەوە لەماڵ و منداڵ ناتوانێت بازرگانێکی سەرکەوتوو بێت، سیاسیەک گرووپ و حیزبێک بەبێ تێکۆشان و ئارامگرتن و قوربانیدان ناتوانن ئامانجەکانیان بەدیبهێنن.

بەڵام ئایا ئیماندار و ئەوەی ڕەزامەندی خوای گەورەی مەبەستە وەکو ئەهلی دونیا تەنها سەبری پێویستە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بەدیبهێنێت یان سیفەتێکی تریش کەتەقواو لە خواترسانە پێویستە تیایدا هەبێت؟ بێگومان مرۆڤی ئیماندار هەروەکو ئامانجەکەی شەرعیە ئیتر کاسبی و بازرگانی یان پلەوپایەو گەیشتن بەتەمکین و دەسەڵات بێت، پێویستە هۆکارەکانیش بۆ گەیشتن شەرعی بێ لای ئەو (الغاية تبرر الوسيلة) جائیز نییە، بەڵکو ئامانج ئەبێت شەرعی بێ و تەقواشی هەبێ و هۆکار و ئامرازەکانیشی پێویستە شەرعیی بن، بۆیە ئەکرێت هەبێت وەکو نموونەی ئەهلی دونیا سەیریان هەبێت بەڵام تەقوایان نییەو هەموو ڕێگایەکی شەرعیی و ناشەرعیی دەگرنەبەر، هەیشە لەئیمانداران تەقوای هەیە بەڵام سەبری نییە، ئامادەی قوربانیدان نییە و بەرگەی ناڕەحەتیەکان ناگرێت، ئەمەش دیسان ناتوانێت بگاتە ئەنجام و بەدیهێنانی ئامانجەکان هەر بۆیە لەچەندین ئایەتی قورئان سیفەتی سەبرو تەقوا پێکەوە هاتوون وەک (إِنَّهُ مَن يَتَّقِ وَيَصْبِرْ فَإِنَّ اللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ)(یوسف: 90) (….وَإِن تَصْبِرُوا وَتَتَّقُوا لَا يَضُرُّكُمْ كَيْدُهُمْ شَيْئًا…) (آل عمران: 120) بەداخەوە ئەمرۆ موسڵمانێکی زۆر دەبینین تەقواو لەخواترسانیان هەیە بەڵام کەمیان ئامادەن وەکو ئەهلی دونیا ئامادەی قوربانیدان بن، دەمانەوێت بچینە بەهەشت بەبێ ئەوەی مارەیی و نرخەکەی بدەین (أَمْ حَسِبْتُمْ أَن تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ وَلَمَّا يَعْلَمِ اللَّهُ الَّذِينَ جَاهَدُوا مِنكُمْ وَيَعْلَمَ الصَّابِرِينَ) (آل عمران: 142)

 

وەڵامێک بنووسە