توێژینەوە

لەبیرچوونەوە

نووسه‌ر: پرۆفیسۆر د. خالید موحه‌ممه‌د ساڵح

344بینین

 

بەڕێزان هاوەڵانیش وەک هەر خەڵکێکی تر مرۆڤ بوون و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە كە شتیان لەبیرچووبێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ماوەیەكی زۆر بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕ بووبێت كە دەقەكەیان لەسەر بیستوە، یان كەسەکە زۆر چووبێتە ساڵەوە.

بۆ نموونە عەمماری كوڕی یاسر جارێكیان لەسەفەرێكدا لە خزمەت پێشەوا عومەردا دەبێت، شەوێكیان هەردووكیان تووشی لەش گرانی دەبن، كە هەڵدەستن پێشەوا عومەر دەڵێت: من نوێژ ناكەم هەتا ئاوم دەست نەكەوێت، بەڵام عەمماری كوڕی یاسر دەچێت خۆی لەخۆڵ وەردەدات و هەموو گیانی خۆی تۆزاوی دەكات و نوێژەكەی دەكات، كە دەگەڕێنەوە خزمەت پێغەمبەر ﷺ و ڕووداوەكەی بۆ باس دەكەن، پێغەمبەری خودا ﷺ بە عەممار دەفەرموێت: [إِنَّمَا كَانَ يَكْفِيكَ هَكَذَا وَمَسَحَ وَجْهَهُ وَكَفَّيْهِ وَاحِدَةً]. واتە: پێویستی نەدەكرد هەموو لەشت تۆزاوی بكەیت- ئەوەندەت بەس بوو كە ئاوا بكەیت: یەك جار دەستی دا بە زەویەكەدا و هێنای بەدەموچاو ودەستەکانیدا.

پاش ماوەیەكی زۆر لە ڕوودانی ئەم ڕوداوە كە لە پێشەوا عومەر خۆی ڕووی داوە و لەسەردەمی فەرمانڕەوایی خۆیدا پیاوێك دێتە خزمەتی و لێی دەپرسێت ئەی پێشەوای موسوڵمانان ئەگەر كەسێك تووشی حاڵەتی لەشگرانی بێت و هیچ ئاوی دەست نەكەوێت چی بكات باشە؟ پێشەوا عومەر لەوەڵامدا پێی دەفەرموێت: هەتا ئاوی دەست نەكەوێت با نوێژ نەكات. دیارە عەمماری كوڕی یاسریش لەوێ دەبێت و دەڵێت: ئەی پێشەوای موسوڵمانان بەبیرت نایە كە من و تۆ ڕووداوێكی وامان بەسەر هات، ودواتر پێغەمبەری خودا ﷺ وای پێ فەرمووین. پێشەوا عومەر قسەكەی عەمماری پێ سەیر دەبێت ودەڵێت: عەممار لەخوا بترسە كەی شتی وا ڕوویداوە؟. ئەویش دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت باسی ناكەم و نایگێڕمەوە. ئەویش پێی دەڵێت: نا ئەگەر دڵنیاییت باسی بكە، ئەگەریش نا باسی مەكە(البخاري، صحيح البخاري، ج1، كتاب (7) التيمم، باب (3) المتيمم هل ينفخ فيهما، رقم الحديث (331)، ص129.).

لەم ڕووداوەوە بۆمان دەردەكەوێت كە هەندێك جار ڕێی تێ دەچێت زانایانی پایەبەرزیش لە ئاستی پێشەوا عومەردا تووشی لەبیر چوونەوە ببن وبەو هۆیەیشەوە بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دەقە شەرعییەكان بۆ دروست بێت.

 

وەڵامێک بنووسە