ئاهەنگی دەرچوونخولگەلەریهەواڵ و چالاکی

لقی ھەولێر ئاھەنگی کۆتاییھاتنی خولی (ساتێک لە خزمەت زانایان)ی سازكرد

نووسه‌ر: كارزان ناصحی

376بینین

 

‎ئێوارەی ئەمڕۆ (١٦/١٠/٢٠٢٠) بەشی خوشکانی لقی ھەولێری ئینستتیوتی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی ھەستا بەسازدانی ئاھەنگێک بۆ بەشداربووانی خولی (ساتێک لەخزمەت زانایاندا) کە تێیدا ژیان و ھەوڵ و تێکۆشان و خەباتی زانایانی ئوممه‌تی ئیسلام بە فێرخوازان ناسێنرا.

شایانی باسه‌ خوله‌كه‌ له‌ (10) وانه‌ پێكهاتبوو كه‌ باسی له‌ژیانی زانایانی ئیسلام ده‌كرد و له‌بەرواری ٨/٢٢ تاوەکو ٩/٢٢ به‌رده‌وام بوو لەلایەن چەندین دکتۆر و مامۆستای پسپۆر و شاره‌زاوه‌ وترانەوە.

دواتر تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجام درا، تێیدا (٢٠٠) فێرخواز به‌شداربوون و لە کۆتایدا (١٠٠) بەشداربوو گەیشتنە قۆناغی کۆتایی و خەڵاتی شایستە بەسەر یەکەمەکاندا دابەش کرا و بڕوانامەی بەشداربوون دابەشکرا.

لە ئاھەنگەکەدا، سەرەتا باسێک لەسەر خولەکە کرا لەلایەن (دکتۆرە جوان) یاریدەدەری بەرپرسی خوشکان، کە جەختی لەکار و چالاکیەکانی بەشی خوشکان کردوە و سوپاسی بەشی راگەیاندنی کرد بۆ ئەو یارمەتی و وەدەمەوەبوونە بۆ بەرێوەبردنی ئەو خولە ناوازەیە.

دواتر وتەی بەخێرھاتن لەلایەن بەرپرسی لقی ھەولێر (پ. د. سلێمان سه‌لیم ئیبراھیم)ەوە پێشکەش کراو سوپاسی بەشی خوشکانی کرد سەبارەت بەو پڕۆژە جوانە و بەردەوامیان لەو کار و چالاکیە پڕ سودانە کە مایەیی سودە بۆ گشت خەڵکی.

دوای ئه‌ویش وتەیەک لەلایەن جێگری سەرۆکی ئینستتیوتی ژیار (د. شێرزاد عبدالوھاب) پێشكه‌شكراو جەختی كرده‌وه‌ لەسەر رۆڵی زانایان و ماندوبوونیان بۆ گەڕان بەدوای زانست و زانیارییەوه‌ و نموونەی چەند کەڵە پیاوێکیان خستە بەرگوێی ئامادەبووان.

پاشان دەستکرا بە دابەشکردنی خەڵات و رێزلێنان بۆ مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و سەرجەم بەشداربووان.

لەبەر زۆری داواکاری بەشداربووان بڕیاردرا خولی (ساتێک لەخزمەت زانایاندا) بەردەوام بێت و هەر جارەو ژیاننامەی چەند زانایەك بناسێنین.

 

وەڵامێک بنووسە