توێژینەوە

هەڵێنجان | به‌شی یه‌كه‌م

1.59Kبینین

(اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ)

ئەم ئایەتە دوای ئایەتەکانی داخستنی چاو هاتوە لە سورەتی نوڕدا، بەو واتایەییی ئەگەر چاوانت داخست لە ئاست حەرام کراوەکان، الله تعالی نورێک ئەبەخشێتە چاوانت کە نوری ئاسمانەکان و زەویە، مَثَلُ نُورِهِ كَمِشْكَاةٍ فِيهَا مِصْبَاحٌ نموونەى نوورو ڕووناکى ئەو خوایە، وەک تاقێکە کە چرایەکى گەورەى پرشنگدارى پڕ نوورى تێدا هەڵکرابێت (الْمِصْبَاحُ فِي زُجَاجَةٍ) چراکەش لەناو چوار چێوەیەکى پاکى درەوشاوەى شووشەیەکدا بێت، یانی چاوت داخراوا پارێزاو بێت جگە لە شووشەی پاکی حەڵاڵ و شتی تر نەبینێ، بەو واتایەش دێت کردنی حەرام شکانی شووشە ناسکە حەڵاڵەکەیە، (الزُّجَاجَةُ كَأَنَّهَا كَوْكَبٌ دُرِّيٌّ) شووشەکەش وەک ئەستێرەیەکى پرشنگدارو گەش بێت، مەبەست لەمە هەر چاوی سەر نیە چاوی دڵ هاو چەشنە لەگەڵی دا هاو واتایە لە ناخیدا، (يُوقَدُ مِن شَجَرَةٍ مُّبَارَكَةٍ زَيْتُونَةٍ) چراکە لە دار (زەیتوون)ێکى بە فەڕو بە بەرەکەت، ڕۆن و سووتەمەنیەکەى وەربگیررێ (لَّا شَرْقِيَّةٍ وَلَا غَرْبِيَّةٍ) دارەکەشى نە هەمیشە لەبەر خۆرگەیە، تا بەدرێژایى ڕۆژ، خۆر لێى بدا، نە هەمیشەش لە نزارو سێبەردایە، تا قەت خۆر لێى نەدات، بەڵکو لە شوێنێکدا ڕوابێت خۆرانگەز نەبێ و بە هەمیشەش سەوزو جوان بێت، (يَكَادُ زَيْتُهَا يُضِيءُ) ڕۆنەکەشى ئەوەندە پاک و پاکژ بێت، نزیک بێت هەر لە خۆیەوە گڕ بگرێ (وَلَوْ لَمْ تَمْسَسْهُ نَارٌ) بە بێ ئەوە ئاگریشى بەر کەوێ، چونکە زەیتى ڕەسەن، ئەوەندە جوانە کاتێ سەیرى دەکەى، دەڵێیت بێ ئەوە ئاگرى تخون کەوێ خۆى داگیرسێ، کاتێ ئاگریشى دەگاتێ شۆڵەو رووناکیەکەى زیاتر دەبێت، دڵى باوەڕدارانیش ئاوایە، بە نوورو ڕووناکى خوا دائەگیرسێ، پێش ئەوە ڕێنوێنیى و شارەزا بکرێ، جا هەر کاتێکیش باسى ئیسلامى بۆ کراو ڕێنما بوو، ئەوا بە زوویى بەرەو ڕێگەى ڕاست دەڕواو هیدایەت دەبێ (نُّورٌ عَلَىٰ نُورٍ) ڕووناکى لەسەر ڕووناکیى، تاقەکە، چراکە، شووشەکە، زەیتە پاکەکە، ئەمانە هەر هەموو دەبنە هۆى زێدە ڕووناکیى و بریقەى چراکە، چاوت تەنها حەق دەبینن، گوناهی لێ ون ئەبێ ئاڵودەی حەقە، وێڵە بەدوای حەقیقەتا، پارێزاوە لە گشت لێڵیەک لە گشت چەرمە سەری و سستیەک (يَهْدِي اللَّـهُ لِنُورِهِ مَن يَشَاءُ) بێگومان خوا ویستى لە هەر کەسێک ببێ، ئەوا ڕێنموونى دەکات بۆ نوورو ڕووناکى خۆى (وَيَضْرِبُ اللَّـهُ الْأَمْثَالَ لِلنَّاسِ) و خوا هەمیشە بۆ خەڵکى نموونە دێنێتەوە، بۆ ئەوەى باشترو چاکتر تێ بگەن، تا زووتر بەخوای خۆیان بگەن، چاورووە ومەنزڵگای ئیلاهی و راستە شەقام بکەن (وَاللَّـهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ) وە خوا بەهەموو شتێک زاناو ئاگادارە، ئەزانێ کێ شایستەى هیدایەتە.

نووسینی: قازی محمد

وەڵامێک بنووسە