توێژینەوە

بانگخوازێك (4000) كەس موسڵمان دەكات | بەشی یەكەم

1.32Kبینین

ئەندازیار (محمد توفیق ئەحمەد سعد) لەساڵی 1902 لەشاری (الفیوم) لە میسر لەدایك بووە، باوكی بەڕێوەبەری بانكی ئەهلی میسری بوو لەو شارەدا، لەسەرەتای ژیانیەوە كاریگەری دایك و باوكی لەسەر بوو، لەلایەنی نویژكردن و دینداریدا، ماڵی باوكی جێژوانی كەسایەتیە ئایینی و وێژەییەكان بوو، لەوێدا كۆئەبوونەوەو دوای نوێژی خەوتنان كۆڕ و مەجلیسی قورئان خوێندنیان دەبەست.

لەم كەشوهەوایەدا فێری قورئان بوو نەك لەحوجرەكانەوە، كە تاقەتی مامۆستای حوجرەكانی نەبوو لەبەر زبری و توندی مامەڵەیان لەگەڵ قوتابیاندا.

هەروەها كاریگەری مامۆستای مزگەوتی (الحواتم)ی لەسەر بوو، بەتایبەت كە دوای نوێژی نیوەڕۆ و عەسر وتاری ئەدا، ئەمانە هەمووی وای كرد كە ڕۆشنبیرێكی ئیسلامی لێ‌ دەرچێت.

ئەزمونێكی سەیر و سەمەرە:
لە مناڵیدا وریا بوو، پرسیاری زۆری دەكرد، تا ئاسۆی تێگەیشتنی فراوان بێت، لەناوچەكەیاندا مزگەوت و كەنیسە هەبوو، ئەمەش پرسیارێكی لا دروستكردو ڕۆژێك لە دایكی پرسی: (دایە موسوڵمانان ئەچن بۆ مزگەوت بۆ نوێژ كردن و سوپاسكردنی خوا، ئەی ئەوانەی دەچن بۆ كەنیسە چی دەكەن؟ دایكی وتی: ئەوانیش سوپاس و ستایشی خوا دەكەن بەپێی ئایینەكەی خۆیان).

ئەمیش لە وەڵامەكەی دایكیەوە پرسیارێكی تری لا دروست بوو وتی: جا كەهەردوكیان سوپاس و ستایشی خوا دەكەن، بۆ لەیەك شوێندا كۆنابنەوە؟

دایكی وتی: كوڕم كە میوانێكی زۆرمان دێت و لە ژووری میوان جێ‌ نابێتەوە، چی دەكەین؟

وتی: هەندێكیان دەچنە هۆڵەكە، ئەگەر زۆرتریش بن خێمەیان بۆهەڵئەدەین. (دایكی ویستی بەوەڵامێكی سادەو مەنتیقی وەڵامی بداتەوە كەلەگەڵ بیرو پلەی تێگەیشتنیدا) بگونجێت.

ڕۆژێك وتی: دایە ئەتوانم بچم بۆ كەنیسە ستایشی خوا بكەم؟

دایكیشی رێی لێ‌ نەگرت و ئەو بیركردنەوەیەی بە شتێكی سروشتی و فیتری دانا كە مەترسی لەسەر نیە.. محمد كەوتە سەردانی كەنیسە و تێبینی ئەوەی كرد كە كەنیسە بە نەرم و نیانی مامەڵەی مناڵ دەكەن، بۆیە كەوتە وتنەوەی دوعاو نزاكانیان. كاتێك باوكی بەمەی زانی ویستی قەناعەتی پێبكات و تێی بگەیەنێت كە موسڵمان ئیشی بە كەنیسە نیە و تەنها ئەچێت بۆ مزگەوت، هەرچی كرد سوودی نەبوو، هەڕەشەی لێكرد كە ئەگەر بچێ‌ بۆ كەنیسە ڕۆژانەی ناداتێ‌، ئەمەش سوودی نەبوو، ئینجا باوكی چوو بۆ لای بەڕێوەبەری قوتابخانەكەیان سا بەڵكو كار بكاتە سەری ئەویش هیچی پێنەكرا.

پاشان كە فشاریان زۆر بۆ هێنا چوو بۆ لای مژدەدەری ئەمریكی كەنیسەی ئینجیلی میستەر گەلەوی،
لەدووری كیلۆمەترێكەوە لە شاری (الفیوم) قوتابخانەیەكی مژدەدانی مەسیحی هەبوو كە ئەم میستەر گەلەوی یە بەڕێوەی دەبرد، محمد حەزی كرد لەوێ‌ بخوێنێ‌ و نەچێتەوە قوتابخانەكەی خۆی.

گەلەوی پەیوەندی كرد بە باوكی مناڵەكەوە و حەزی كوڕەكەی بۆ باسكرد باوكیشی زۆر بەڕەقی وەڵامی دایەوە، دواتر گەلەوی محمدی وەرگرت و جێی خوێندن و مانەوەی بۆ ئامادەكرد.

گەلەوی وریابوو بۆ ئەوەی زۆر دژایەتی نەكرێ‌ و كارەكە ئاسان بكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەدا كە محمد وانەكانی قوتابخانەی مژدەدەرەكانی دەخوێند، مامۆستایەكیشی بۆئامادەكرد كە قورئانیشی پێ‌ بڵێت، بەم جۆرە ئەم مناڵە قورئانیش و ئینجیلیشی لەیەك كاتدا دەخوێند.

بەڵام لەبەر ئەوەی كەزۆر وریاو بیرتیژ بوو وردە وردە تێبینی لەلا دروست بوو لەسەر ئینجیل، بۆ نموونە كە عیسا سەلامی خوای لێ‌ بێ‌ بە زبری بەدایكی دەڵێ‌ (مالك ومالي یا امراة) كەئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە كە لە قورئاندا هاتووە كە زۆر چاك بووە لەگەڵ دایكیاو دەفەرموێت (وبرا بوالدتي ولم یجعلني جبارا شقیا).

ئینجا كەوتە تۆماركردنی تێبینیەكانی لەسەر ئەو كوڕاسانەی كە میستەر گەلەوی پێی دا بوو.

ڕۆژێك تێبینیەكانی پیشانی مستەر گەلەوی دا كە سێ‌ كوڕاسە بوو تا وەڵام وەربگرێت، ئەویش كە خوێندیەوە وتی: ئەوەی ئەمەی نوسیوە شەیتانە تۆ نیت.

محمدیش وتی: من نوسیومە، گەلەوی وتی: وەڵامم لا نیە، ئەمەش محمدی بێ‌ هیوا كرد لەمەسیحیەت ئنجا داوای لە ناوبراو كرد كەبیگەیەنێ‌ و نزیكی بكاتەوە لەو مزگەوتەی كە مامی نوێژی تیا دەكرد، پاش ئەوەی گەیاندی و مامی بینی، مامی تكای بۆ كرد كە بگەڕێتەوە ماڵی خۆیان، باوكیشی پاش ئەوەی زانی كە مناڵەكەی بە قەناعەتی تەواوەوە هاتۆتەوە قایل بوو. ماویەتی…

وەڵامێک بنووسە