د. شێرزاد عبدالوهابکۆنفرانسهەواڵ و چالاکی

ئینستتیوتی ژیار بەشداری حەوتەمین دیداری زانایانی ئیسلامیی دەکات.

298بینین

ئینستتیوتی ژیار بەشداری حەوتەمین دیداری زانایانی ئیسلامیی دەکات.

ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە 2022/10/16.15 شاندێکی ئینستتیوتی ژیار بە سەرۆکایەتى د. شێرزاد عەبدولوەهاب بەشداری لە حەوتەمین دیداری زانایانی ئیسلامیدا کرد کە یەکێتی زانایان و قوتابخانە ئیسلامییەکان لە شارى ئامەدى باکوورى کوردستان ئەنجامى دەدات.

شاندەکە پێکهاتبوون لە بەڕێزان: د. شێرزاد عەبدولوەهاب جێگری سەرۆکی ئینستتیوتی ژیار، م. یاسین ئەحمەد زەنگەنە بەرپرسی بەشی کارگێڕی ئینستتیوتی ژیار، د. سلێمان ئاکرەیی بەرپرسی لقی هەولێر، د. پشتیوان سابیر بەرپرسی بەشی بانگەوازی لقی هەولێر، م. ئەحمەد عومەر بەرپرسی بەدواداچوونى لقی هەولێر، م. ئامانج نانەکەلی بەرپرسی کارگێڕی لقی هەولێر، د. ئەحمەد سیروانی بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی سەدا. 

لە دیدارەکەدا بەڕێز: د. شێرزاد عەبدولوەهاب ووتارێکى پێشکەشکرد بە ناونیشانى: (گەڕانەوە بۆ ‌‌‌ڕۆڵى زانایان لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتى لە کێشە خێزانییەکاندا) تیایدا ئاماژەى بەو فاکتەرانە کرد کە کۆمەڵگە ووشیار و وریا دەکاتەوە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ ڕا و بۆچونى زانایان لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەروەها زانایان ببنە ناوبژیکارى نێو خێزانەکان بۆ ئەوەى سەقامگیریی و بەرقەرارى لە نێو خێزانەکاندا بە ڕەچاوکردنى بنەماکانى شەریعەتى ئیسلامی بەدیبێت.

لە پانێڵێکى دیکەى دیدارەکەدا بەڕێز: پرۆفیسۆر سلێمان ئاکرەیی توێژینەوەیەکی بە ناونیشانی (ڕۆڵی ئینستتیوتی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان) پێشکەشکرد، لە توێژینەوەکەیدا د. سلێمان لەگەڵ ناساندنی ئینستتیوتی ژیار و بەش و کار و چالاکیەکانی، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ژیار لە پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵان و گەنجان و کردنەوەی خولی پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی لە زۆرێک لە شارەکانى هەرێمى کوردستاندا. هەروەها لەلایەکی دیکەوە باسی لە ئەکادیمیاکانی ژیار کرد. شایانی باسە شاندەکە لە پەراوێزی دیدارەکەدا چەندین چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەیان لەگەڵ زانایانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامدا، لە هەمانکاتدا لە چوارچێوەی دیدارەکەدا نوێنەرانی ژیار بەشداریان لە چەند بەرنامە و دیدارێکی ڕۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنی کرد.

وەڵامێک بنووسە