توێژینەوە

یادەوەری و پەند | بەشی پێنجەم

1Kبینین

 

دونیا هەمووی تاقیكردنەوەیە!

دكتۆر فازیل سولەیمان دەڵێت: دەوڵەمەندێكی میسری كۆچی دوایی كرد میراتێكی زۆری بۆ مناڵەكانی بەجێهێشت، پشتیان پێوەی نەیەشابوو هەموویاندا بەئاودا تەنها یەكێكیان نەبێت كە پارەكەی بەچاكی بەكارهێناو بازرگانیەكەی فراوان كرد لەمیسرو لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاش كارگەی دامەزراند.

هاوسەرگیری كرد لەگەڵ كچی برادەرێكی باوكیدا، چەند ساڵ مناڵیان نەبوو، پزیشكیش دەیووت هەردووكتان عەیبتان نیە، وەرەم لەسەر رەحمی ژنەكەی دروست بوو بۆیان لابردو پزیشكەكان وتیان ئەو نەشتەرگەریە رێگرنیە لەمناڵبوون، مناڵی بلوریان تاقیكردەوە نەبوو، پاشان دووجاری تر ئەو وەرەمانەی بۆ درووست بۆوەو لابرا، پانزە ساڵ چاوەڕوان بوون، كابرا حەزی دەكرد ئەو هەموو سەروەت و سامانەی بۆ نەوەی خۆی بێت.

دواجار پزیشكێك پێی وتن: ئێوە هیچ كێشەیەكی مناڵ بوونتان نیە و تەنها ویستی خوایە، بۆیە كارێكی خەیری بكەن وەك لانەیەكی مناڵی بێباوك بۆ ئەوەی بەبەرەكەتی ئەوە بتان بێت، كابرا پیاهەڵشاخاو وتی: خوای چی و خێری چی ئەو سەروەت و سامانە بەرەنجی شان پەیامكردووەو خۆم و باوكیشم ماندووبووین لەپێناویدا، ئەوە بەدەست خوایە وانامداتێ‌.

گەشتیان كرد بۆ مالیزیاو لەكۆشكێكی خۆیاندا مانەوە، پاش ماوەیەك ژنەكە پشكنینی كرد دەركەوت سێ‌ كۆرپەلەی كوڕ لەسكیدایە، هاتنەوە میسرو چوونەوە لای هەمان پزیشك ئەویش وتی: بەڕاستی ئەم حاڵەتەی تۆ وەك موعجیزەیە.

كابرا وتی: دكتۆر ئەوە نەپارەم خەرج كرد و نەهیچ وا سێ‌ كوڕیشمان ئەبێت، وتی: دەی سوپاسی خوا بكە. نەیكرد.

دووسێ‌ هەفتەی نەبرد وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا تووشی داڕمانی ئابووری بوون وسۆهارتۆی سەرۆكی ئەندۆنیسیا دەستی لەكاركێشایەوە، ئەمیش تووشی زیانی گەورە بوو تەنانەت زۆر لەپڕۆژەكانی میسری فرۆشت بۆ ئەوەی قەرزەكانی دەرەوەی پڕبكاتەوە.

ژنەكەشی لەمانگی پێنجدا بوو پلەی گەرمی لەشی بەرزبۆوە بەهۆی كون بوونی ئەو كیسەی ئاوەی مناڵەكانی تیابوون، بەپەلە بردیانە خەستەخانەی دەمەرداشی حكومی و ژنەكه‌ برایە ژووری نەشتەرگەری و دكتۆر بەكابرای راگەیاند، بۆسەلامەتی دایكەكە ئەبێت مناڵەكان لەباربرێن و ئەگەر پێویستیش بكات ئەبێ‌ رەحمی لاببەین.

كابرا بەچۆكا هات و وتی: ئەی هاوار پانزە ساڵە چاوەڕوانین، زانی كەخوایە ئەوەی دابوویە لەماڵ سامان و مناڵ لەماوەیەكی كەمدا هەمووی لێسەندەوە، بۆیە رووی كردە ئاسمان و وتی: خوایە من ستەمم لەخۆم كرد.

بەڕاستی دونیا هەمووی تاقیكردنەوەیە بەبوون و نەبوون، سوپاسگوزاری پێویستە بۆئەوەی نیعمەتەكانمان لەدەستمان نەچن، بەسەرهاتی قارونەكان لێرەو لەوێ‌ دووبارە ئەبنەوە و سەرەنجامەكەشیان تیاچوونە، قورئان دەفەرموێت: (وَإِذْ تَأَذَّنَ رَبُّكُمْ لَئِنْ شَكَرْتُمْ لَأَزِيدَنَّكُمْ وَلَئِنْ كَفَرْتُمْ إِنَّ عَذَابِي لَشَدِيدٌ) (ابراهيم: 7).. هەرشادبن .. براتان ئەندازیار عوسمان.

وەڵامێک بنووسە