توێژینەوە

یادەوەری و پەند | بەشی یەكەم

231بینین

 

بانگخواز فازیل سولەیمان ئەڵێت: كە لەمیسرەوە چوومە ئەمەریكا نامەم ئەنارد بۆ زۆر زانكۆو دەزگا كە وتاریان بۆ بدەم، لە 17ی سێپتەمبەر لەزانكۆی واشنتۆنەوە داوای وتارێكیان كرد، هەمووی شەش رۆژێك بوو كارەساتی یانزەی سێپتەمبەر روویدابوو، وتارەكە بۆ بیست قوتابیەك بوو كە بەراودكاریان ئەكرد بۆئایینەكان، كەچی بەراگەیاندنی كاتی وتارەكە خەڵكانێكی زۆر لەمامۆستای زانكۆو كەسایەتیەكان داوایان كردبوو بەشداری بكەن، بۆیە زانكۆ هۆڵێكی زۆر گەورەی ئامادەكرد، تووشی شۆك بووم لەبەر ئەوەی:

1- ئەزموونی زۆرم نەبوو لەبانگەوازو قسەكردندا بەتایبەت بۆ ژمارەی زۆر.
2- یەكەم وتاربوو لەبارەی ئیسلامەوە لەدوای ئەو كارەساتەی روویدا.
3- من تازە كۆچم كردبوو بەماڵومناڵەوە بۆ ئەمەریكا ئەمویست گرین كارتم بدەنێ‌ و خوێندنەوەی خراپم بۆ نەكەن.
4- هەموو راگەیاندنەكان هێرشی تیابوو بۆسەر ئیسلام و زوو زوو ئەو دیمەنەیان پیشان ئەدایەوە كەتالیبان ئافرەتێك ئەكوژن لەگۆڕەپانێكی یاریدا وەك نموونەیەك بۆ وەحشیەتی موسڵمانان.

بیرم كردەوە كەسێك جنسیەی ئەمەریكی ببێت بۆ ئەو كارە باشە، پەیوەندیم بەزۆر لەبانگخوازانەوە كرد كەس ئامادەنەبوو لەبری من بچێت ئەو وتارە بدات. دوو بژاردەم لەبەردەمدا بوو، یا ئەبوو بكشێمەوە دواوەو وتارەكە نەدەم، یان لەسەر خوا بچم وتارەكە بدەم چی ئەبێت باببێت، دڵم بەو فەرموودەیە خۆش بوو (گەورەی شەهیدەكان حەمزەیەو كەسێكیش هەق بڵێ‌ بەرامبەر دەسەڵاتدارێكی ستەمكارو شەهید ببێ‌).

ژمارەیەكی زۆر خەڵك ئامادەبوون، بەخۆمم دەووت: زۆرو كەم جیاوازی چیە، چاو بنوقێنەو قسەی خۆت بكە، پاڕامەوە لەخوا دامەزراوم بكات و هەق بڵێم، باسی ئەركانی ئیمان و ئیسلامم كردو باسێكی ئافرەتم كرد لەئیسلامداو چوومە سەر باسی جیهاد كە لەئەساسدا جیهاد تێكۆشانە دژی تیرۆرو تۆقاندن.. تەواوبووم و وتم: كێ‌ پرسیاری هەیە؟ یەكەم پرسیار كەسێك هەستاو وتی: بۆ رقتان لێمانە؟ منیش لەسەرخۆ ئاوم خواردەوەو بیرم كردەوە چی وەڵام بدەمەوە، پشت بەخوا وتم: بۆ رقتان لێمانە پرسیارێكی زۆرجوان و بەجێیە، هەقە هەموو ئەمەریكیەك ئەو پرسیارە بكات، بەڵام منیش نازانم بۆ رقیان لەئەمەریكایە، وەرن با پێكەوە بیربكەینەوە، ئەوە فەنزەویلا، ئەوە پەنەما خۆشیان لەئەمەریكیەكان نایەت، ئایا لەبەرئەوەیە ئەمەریكا وڵاتێكی خۆشە، یان پێشكەوتووە؟ جا خۆ سویسرا خۆشترە بۆ كەس رقی لێی نیە، خۆ یابان پێشكەوتووە بۆ كەس رقی لێی نیە؟ من وا ئەزانم ئەمەریكا ئەیەوێت رۆشنبیری و كەلتوری خۆی بسەپێنێ‌ بۆیە كاتێك ماكدۆناڵد ویستی لقی بكاتەوە لەئیتاڵیا هاوڵاتیان دژیان وەستانەوە چونكە ئەوان واڕاهاتوون لە چێشتخانەدا دانیشن و بە ئیسراحەت نانیان بخۆن و حەزیان بەخواردنی خێرا نەبوو كە ئەمەریكیەكان راهاتبوون لەسەری .. ئنجا لەسەروو هەموویەوە ئەمەریكا لافی دیموكراتیەت لێئەداو كەچی پشتگیری دیكتاتۆرەكانی وڵاتانە كەگەلەكانیان ئەچەوسێننەوە.. ئەمانەم وت دیارە هەق بوون هەموو هەستان و پێنج خولەك چەپڵەیان بۆ لێدام.. هەرچەند دوای ئەو وتارە تا چوار ساڵ ونیو چاوم بەگرین كارت نەكەوت، بەڵام سوپاسی خوام كرد كەهەق و راستیم پێگەیاندن، جا من لێرەدا پەندێكم وەرگرت كەئەبێ‌ ئەوە بەخەڵك بڵین كە پێویستیانە نەك ئەوەی كە حەزی پێدەكەن ببیستن و بەدڵیانە. هەرشادبن.

وەڵامێک بنووسە