توێژینەوە

ئامڕازه‌كانی بانگه‌واز له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ و ئه‌مڕۆدا

نووسه‌ر: دادوه‌ر بورهان ئه‌حمه‌د

1.88Kبینین

 

ئایا مەرجە هەر وەسیلەیەکی بانگەواز، پێغەمبەری خوا ﷺ بەکاریهێنابێت، و ئێمە پێی مولزەم بین؟ یان ئەگەر بەکاری نەهێنابێت، ئێمە ئیتر نابێ بەکاری بهێنین؟.

بۆ نموونە پێغەمبەری خوا ﷺ کۆچی کردوەو فرمانی بەکۆچ کردوە بۆ حەبەشە و پاشتریش بۆ مەدینە، ئایا پێویست دەکا موسڵمانان لەهەموو سەردەمێک ئەم وەسیلەیە بەکاربهێنن؟.

قیتالی کردوەو ڕووبەڕوو بووه‌تەوە لەگەڵ بێباوەڕان و موشریکەکان و جولەکەکانی مەدینە، و دواتر جیهاد لەگەڵ ڕووم، لەگەڵ موڕتەدەکان، ئایا ئەمە بۆ ئێمەی ئەم سەردەمە مولزەمە؟.

بەیعەتی وەرگرتووە بەعام و لە ئافرەتان بەتایبەت، ئایا ئەمە مولزەمە؟. نامەی نووسیوە بۆ پادشاکانی سەردەمی خۆی و چەندین وەسیلەی تری سەردەمی خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی بەهەموو شوێنێک بگەیەنێت و حوججە ئیقامە بکات، ئەڵبەتە ئەو هەروەک لە جەنگەکاندا ڕم و تیرو شمشێرو قەڵغانی بەکارهێناوە، ئەسپ و ووشتر کە دەبابەو مودەڕەعەی ئەمڕۆیە بەکاریهێناون و ئایەتی ( وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ وَمِنْ رِبَاطِ الْخَيْلِ) جێبەجێکردوە، دیارە ئەگەر لەم سەردەمە بوایە هەموو وەسیلەیەکی سەردەمی بەکاردەهێناو دەیخستە خزمەتی بانگەوازەکەیەوە، چونکە (مِنْ قُوَّةٍ) هەموو جۆرە هێزێک وەسیلەیەک بەپێی سەردەم دەگەیەنێت (وَمِنْ رِبَاطِ الْخَيْلِ) وەسیلەو هێزی ئەو سەردەمە بووە بەکاریهێناوە.

ئەمڕۆ وەسائیل و هێز گۆڕاون، لەوانەیە وەسیلەو ئامرازێک هۆکارێکی باشبووە بۆ ئەو سەردەمە بەڵام بۆ ئەمرۆ لەوانەیە سوودێکی ئەوتۆی نەبێت، یان هەر سوودی نەبێت، ئایا دەکرێت ئەمرۆ لەسەردەمی تۆپ و میدفەع و تەیارەی شەبەح و بێ فڕۆکەو چەکی لیزەر، تیرو کەوان بەکاربهێنین؟ هەرواش سەردەم گۆڕاوە و سیستەمیش گۆڕاوە.

کاتی خۆی سیستەمی خێڵەکی بوو چەندین ڕێساو یاسایان هەبوو، هەموو ڕێزی لێ دەگرت و شکاندنی تاوان بوو، بۆ نموونە سیستەمی (جوار) _خۆپەنادان_ گەر کەسێکی دەسەڵاتدارو خاوەن بنەماڵەو هێز پەنای کەسێکی بدایە با دوژمنیش بوایە بۆ کەس نەبوو دەستدرێژی بکاته‌سەر، پێغەمبەری خواو ئەسحاب سوودیان لەم سیستەمە بینیوەو چوونەتە پەنای موشریکێک بۆ ئەوەی بەرگریان لێ بکات و لەپەنای ئەودا بتوانێت پەیامەکەی بگەیەنێت و وەکو وەسیلەیەکی ئەو سەردەمەی سیستەمی خێڵیان بەکارهێناوەو نەیانوتووە ئەم سیستەمە هی جاهیلی و بێ باوەڕانەو نابێت موسڵمان سوودی لێ وەرگرێت، ئایا ئەمڕۆ کە سیستەمی خێڵ و شێوازی هێزو دەسەڵات گۆڕاوەو سیستەمی سیاسیی و شێوازی حوکمڕانی گۆڕاون، ئەکرێ بەهەمان وەسائیلی کۆن کار بکرێت؟ ئایا ئەگەر پێغەمبەری خواو ئەسحاب و تابعین لەم سەردەمە بوونایە چۆن و چ وەسیلەیەکیان بەکاردەهێنا؟.

ئایا بەشداری هەڵبژارنیان نەدەکرد و گەر موعارەزە بوونایە خۆپیشاندان و ڕێپێوان و هاوپەیمانیان لەگەڵ موعارەزەی تر درووست نەدەکرد، هەروەک پێغەمبەری خوا لە دژی قورەیش هاوپەیمانی لەگەڵ هۆزی دژە قورەیش دروست دەکرد؟ ئایا بایکۆتی شتومەکی دوژمنانی نەدەکرد لەکاتی پێویستدا؟ چۆن سوودی لە تەکنەلۆجیاو ئامرازەکانی سەردەم وەردەگرت؟ چۆن ئیعلام و ڕاگەیاندن و ئەدەب و هونەری بەکاردەهێنا کە لەوکات حەسانی کوری سابتی بوو ئەی ئەمڕۆ خۆ ئەبێت لەبری حەسان کەناڵێكی فەزاییت بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیعلامی دوژمن.

بۆیە بەکورتی دەڵێم هەر ئەوانەی کە بەمیزاجی خۆیان هەندێک وەسیلە بە حەرام دەزانن بەبیانووی ئەوەی هی بێ باوەڕانەو پێغەمبەری خوا بەکاری نەهێناوە، خۆیان پێچەوانەکەی دەکەن لە شتی تر و بەکاری دەهێنن، ئەوەندە هەیە ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بەحەرامی بزانێت ئەوانیش بەحەرامی دەزانن وەکو تەشکیلی حیزب و ڕێکخراو و خۆپیشاندان و هەڵبژاردن، بەڵام گەر بۆ پشتگیری لەدەسەڵاتی سیاسی بێت، لایان موبارەکە بەبیانووی ئەوەی لەحاڵەتی یەکەم فەوزا بەرپا دەبێت؟ وەک ئەوەی پێغەمبەران بەفەوزاچی تۆمەتبار نەکرابن لەلایەن دەسەڵاتی سەردەمی خۆیان.

بۆیە پێویستە موسڵمان فراوانتر بیربکاتەوە، ئاسۆی بیری فراوانتر بکات، تێگەیشتنی بۆ سیرە وردتر بێت، زاهیری نەبێت و خاوەنی عەقڵی ئیستینباتی بێت، هەموو وەسیلەیەکی شەرعیی سەردەم بەمیزانی قورئان و فەرموودە نەک بە میزانی دەسەڵات بەکار بهێنێت و خزمەتی بانگەوازی پێ بکات.

 

 

وەڵامێک بنووسە