نووسین

ئیسلام ‌له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ڕۆژئاوادا

نووسه‌ر: سه‌فین عه‌بدولعه‌زیز

2.02Kبینین

به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕقهه‌ڵگرتن له‌ئیسلام و موسڵمانان له‌كۆنه‌وه‌ هه‌بووه‌و به‌رده‌واميش ده‌بێت، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ ئه‌م كینه‌ له‌ دڵییه‌ به‌رامبه‌ر ئیسلام ته‌واوبوونی بۆ نییه‌و هه‌میشه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی دژایه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ن و به‌ئایینی تیرۆر و ترس و تۆقاندن ناوی ده‌هێنن. وه‌لێ خۆشیان چاك ده‌زانن كه‌ ئیسلام هه‌ڵگری ئه‌و بنه‌ما چه‌وتانه‌ نییه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی خۆیانیان گه‌مژاندووه‌ به‌وه‌ی ئیسلام هه‌ڕه‌شه‌یه‌و ده‌بێت دوژمنایه‌تی بكرێت.

له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ تاوه‌كو خه‌لافه‌ت و حكومه‌ته‌ ئیسلامییه‌كان ئه‌م بیری دوژمنكارییه‌ بوونی هه‌یه‌و به‌رده‌وام به‌رامبه‌ر ئیسلام له‌مه‌ڵاسدان و هه‌رجاره‌و به‌جۆر و شێوه‌یه‌ك.

ئیمانیۆل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، له‌كۆتا لێدوانیدا ده‌ڵێت: ئایینی ئیسلام تووشی قه‌یران‌ بووه له‌هه‌موو جیهاندا.

ئه‌م لێدوانه‌ بێفامییه‌ی ماكرۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ره‌نسا و بانگه‌شه‌كردنی پێشوه‌خته‌ بۆ خۆی بۆ ئه‌وه‌ی لای فه‌ره‌نسییه‌كان سه‌نگین بێت.

به‌ڵام ده‌ڵێی ماكرۆن بێئاگایه‌ له‌وه‌ی كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی چه‌ندین هه‌نگاوی هه‌مه‌جۆری ناوه‌ بۆ ڕێگری كردن له‌ موسوڵمانبوونی فه‌ره‌نسییه‌كان به‌ڵام شكستیان هێناوه‌و هه‌وڵه‌كانیان بێ ئاكام بوون.

به‌پێی سه‌رێژییه‌ك كه‌ له‌ساڵی 2018 كراوه‌ ڕێژه‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌ فه‌ره‌نسیانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ئایینی ئیسلام هێناوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 6 ملیۆن كه‌س بۆ ئه‌م 2 ساڵه‌ی دوایی سه‌رێژییه‌كی هاوشێوه‌ی یه‌كه‌م نه‌كراوه‌ كه‌ بزانرێت ڕێژه‌ی موسڵمانان چه‌ندێك زیادی كردووه‌ له‌ فه‌ره‌نسادا.

به‌ڵێ ڕۆژانه‌ له‌هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپی و ڕۆژئاوایی به‌گشتیی ڕێژه‌ی موسڵمانان زیاد ده‌كات و وڵاتان له‌ترسی زیادبوونی ڕێژه‌كه‌ بێ ده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌و ئاماده‌نین سه‌رڕێژی بكه‌ن و بڵاوی بكه‌نه‌وه‌.

به‌ڵێ ئه‌وه‌ی ماكرۆن و ترامپ و هاوسه‌رۆكه‌كانیان هه‌نگاوی بۆ ده‌نێن و باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن كاریگه‌ری ئیسلام زیاد ده‌كات، ئه‌وان هه‌ر هه‌نگاوێك بنێن بۆ دژایه‌تی له‌سه‌ر خۆیان ده‌كه‌وێت و په‌شیمانی له‌دوا دێت!

بۆیه‌ له‌ئێستادا سیاسه‌توانان و پلانداڕێژه‌رانی دژ به‌ئایینی ئیسلام شێوازی به‌رابه‌ركێی و دوژمنكارییه‌كانیان گۆڕیوه‌و هه‌نگاویان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موسڵمانان له‌نێو خۆیاندا یه‌كخۆر و مشه‌خۆربن. به‌مانایه‌كی تر ئێستا به‌ نهێنی شه‌ڕی خۆیان به‌رامبه‌ر ئیسلام ده‌كه‌ن.

له‌م هه‌نگاوه‌یاندا له‌به‌ر ساویلكه‌یی و ترس و نه‌بوونی جورئه‌ت و خه‌منه‌خواردن بۆ ئیسلام و موسڵمانان‌ له‌لایه‌ن سه‌ره‌كانی وڵاتانی ئیسلامیی و عه‌ره‌بیی و ئه‌فریقیی سه‌ركه‌وتووبوون و به‌رده‌وامیش وه‌كو مه‌قاشێك به‌كاریانهێناون.

چه‌ندین فكره‌و هزر و گروپ و ده‌سته‌ به‌ توند و شلیان دامه‌زراندووه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا و هه‌وڵیانداوه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ئیسلام له‌لای جیهان و هاوڵاتیانی ڕۆژئاوایی ناشرین بكه‌ن‌و خه‌ڵكێكی زۆریش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و وازی له‌ ئیسلام و په‌یامه‌ به‌رزه‌كانیشی هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپ و فیكرانه‌ چه‌ندین هه‌نگاوی دژ به‌یه‌ك و بۆچوونی جودا و قسه‌ی ناڕه‌وا و فیكره‌ی بێ بنه‌مایان دروستكردووه‌و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ریش له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانان له‌جیهاندا بڵاوه‌یان پێكردووه‌.

ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری سلبی خراپی به‌سه‌ر هه‌ژموونی ئاینی پیرۆزی ئیسلام جێهێشتووه‌و به‌شێوه‌یه‌ك موسڵمانیان سه‌رقاڵ كردووه‌ به‌ بابه‌تی پاكوخاوێنی و شێوازی نوێژكردن و جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆكی وڵات (عیلمانی بێت و موسڵمان بێت) و هه‌ندێك بابه‌تی تر.

له‌كاتێكدا چه‌ندین بابه‌تی له‌وان گرنگتر هه‌یه‌ له‌وانه‌ حكومداری و بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت و لایه‌نی ئابووری و كارگێری و چه‌ندین بابه‌تی تر.

بۆیه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی ژێر به‌ژێرانه‌ی نه‌گریسه‌ كه‌ ئه‌یانه‌وێت موسڵمانان له‌نێو خۆیاندا ته‌باو هاوڕاو هاوده‌نگ نه‌بن و به‌رده‌وام ناحه‌زی یه‌كـبن و ئیسلام لای خۆیان و خه‌ڵكی كاڵ و ئاڵ بكه‌نه‌وه‌!

لێره‌دا كه‌مته‌رخه‌می موسڵمانانمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چۆن ئه‌و پلانه‌یان جێبه‌جێكردووه‌و بیریان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌و پلانه‌ پۆخڵه‌واتانه‌ چی ڕووده‌دات و قۆناغه‌كان ده‌گه‌ن به‌كوێ.

یه‌كێكی تر له‌ پلانه‌كانیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیسلام هیچ ڕه‌مزێكی نه‌مێنێت و كه‌س ده‌مڕاستی موسڵمانان نه‌بێت كه‌ گرنگترینیان موفتیه‌، زۆرێكمان ده‌زانین كه‌ موفتی كێ ده‌گرێته‌وه‌و له‌چی پله‌و ئا‌ستێكدایه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ركه‌سێك كه‌ به‌توانا و عالیم و زانا بێت له‌نێو موسڵماناندا ناشرینی ده‌كه‌ن و هه‌وڵی ڕازاندنه‌وه‌ی چه‌ندین پلانی خراپی بۆ ده‌ده‌ن و له‌كۆتاییشدا له‌به‌ر كاڵفامی موسڵمانان پلانه‌كه‌یان سه‌رده‌گرێت و موفتی و بواری فه‌تواش لای موسڵمانان تێكده‌چێت. ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆكاری جیاوازییه‌كه‌ی زۆر له‌نێو موسڵماناندا له‌بابه‌ته‌ فیقهیی و ئیجتیهادییه‌كان.

ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ئه‌كرێت له‌داهاتوودا به‌پشتیوانی خوای گه‌وره‌ قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكرێت

 

وەڵامێک بنووسە