لە ژێر دروشمى ژیار و هیواکانى دواڕۆژ، ئینستتیوتى ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانى مرۆیى خێوەتگەى (هیواکانى ژیار) لە ڕۆژانى شەممە و یەکشەممە 2021/08/22.21 سازکرد. خێوەتگەکە تایبەت بوو بە گەنجان و لاوانى ئینستتیوتى ژیار و، لە هەموو لق و دەستەکانەوە ئەندامانى ئینستتیوتى ژیار لە سەرتاسەرى کوردستان تیایدا بەشداربوون. لە خێوەتگەکەدا چەندین سیمینار پێشکەشکرا و چەند دانیشتن و گفتووگۆى کراوە سازکرا بۆ گوێگرتن و ڕاگۆڕینەوە لە مەڕ بابەتە هەنوکەییەکانى تایبەت بە بانگەواز و پەروەردە و پرسى گەنجان، هەروەها فیقهەکانى واقیع و ڕاجیایى و فەرمان بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە و، چەندین باسى تر. شایەنى باسە 60 گەنج بەشدارى لە خێوەتگەکە کرد و بڕوانامەى بەشداربوونیان پێبەخشرا، هەروەها سوپاس و پێزانین پێشکەشى مامۆستایان و دەستەى سەرپەرشتیارى خێوەتگەکە کرا. جێى ئاماژەیە گەنجان خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى لە سەرکەوتنى خێوەتگەکە و بە خێوەتگەیەکى سەرکەوتوو ستایشیان کرد و سوپاسى دەستەى سەرپەرشتیارى خێوەتگەکەیان کرد و هیواى بەردەوامى و کۆڵنەدانیان خواست لە سازکردنى ئەم جۆرە خێوەتگەیە.
ئەو سیمینارانەى پێشکەشکران:
– فیقهى واقیع | پ. خالید موحەممەد ساڵح
– هونەرى بانگەواز کردن | د. شێرزاد عەبدولوەهاب
– گەنج و بەرپرسیارێتى | پ.ى.د. عەبدولواحید موحەممەد ساڵح
– هونەرى بەڕێوەبردن | پ.ى.د. بەختیار تاڵەبانى
– ئاسایشى دەروونى یاخود پاکـخوازى | د. عەبدولدائیم هەورامانى
– فیقهى ڕاجیایى | پ.ى.د. بەختیار نەجمەدین
– دیدێکى ڕوون بۆ ڕەوتە نامۆکان | د. عەبدولکەریم ئەحمەد داوودى
– فیقهى فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە | د. سەباح شارستێنى