توێژینەوە

لەدوو ئایەتدا قورئان چوار مەسەلە چارەسەر دەكات

345بینین

تكایە ئێوەش لێی وردبنەوە
لەم دوو ئایەتەی سوورەتی ئیسرادا قورئان چوار مەسەلە چارەسەر دەكات

یەكەم: سەروەرمان و هاوەڵانی حەزیان دەكرد خوا وەڵامی داوای كافران بداتەوە موعجیزاتێك بنێرێت خوای گەورەش بۆ ئەوە فەرمووی: وَمَا مَنَعَنَا أَن نُّرْسِلَ بِالْآيَاتِ إِلَّا أَن كَذَّبَ بِهَا الْأَوَّلُونَ ۚ وَآتَيْنَا ثَمُودَ النَّاقَةَ مُبْصِرَةً فَظَلَمُوا بِهَا ۚ وَمَا نُرْسِلُ بِالْآيَاتِ إِلَّا تَخْوِيفًا) (الاسراء: 59) (قوڕەیشیەكان دەیانەوێ كێوی سەفا بكەیە زێڕ، وە كێوەكانی دەوروبەری لابەری…) هیچ شتێك ئێمە لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە موعجیزانە ناگێڕێتەوە (كە ئەوان پێشنیهادی دەكەن) مەگەر ئەوە نەبێ (كە ئێمە ئەو جۆرە موعجیزانەمان بەدەستی پێغەمبەرانی پێشوو نیشانی خەڵك داوەو) رابردووان ئەوانیان بە درۆ زانیوەو بە درۆ قەڵەمدادیان كردووە. (سوننەتی ئێمەش ئاوا بووە هەركەس موعجیزاتی ماددی پێشنیهادی خۆیانیان قەبووڵ نەكردبێ و شوێنی حەقیان نەگرتبێ، تەفرو و تونا و نابوودمان كردوون. بۆ وێنە: ئێمە بۆ گەلی سەموود وشترمان (لە دڵی بەرد هێنادەرێ و بۆ لای ئەوانمان) نارد، ئەو وشترەی (بۆ هەموو كەس موعجیزەیەكی شك لابەر و) چاو روونكەرەوە بوو. بەڵام ئەوان دەرحەق بە ئەو كفریان نواند و كوشتیان). وە ئێمە موعجیزات نیشان نادەین مەگەر بۆ ترساندن ، جا ئەگەر ئەو موعجیزاتە بۆ قورەیش بنێرین و بڕوانەهێنن ئەبێت لەناویان ببەین ئێمەش مۆڵەتمان داون چونكە ئەزانین لەداهاتوودا بەبێ‌ ئەو موعجیزاتانەش موسڵمان دەبن و تەنها قورئانیان بەسە كەموعجیزەت بێت.

دووەم: سەروەرمان و هاوەڵان حەزیان ئەكرد زوو بەسەر كافراندا زاڵ بن و هەق و راستی بچەسپێت ،قورئان دڵنیایان دەكاتەوە كە خوا دەوران دەورى كافران و هەمووشتی داوە و سەریان دەخات لەكات و شوێنی خۆیدا..(وَإِذْ قُلْنَا لَكَ إِنَّ رَبَّكَ أَحَاطَ بِالنَّاسِ) (الاسرا‌ء: 60) وە كاتێ (یادكە ئەی پێغەمبەر كە بەتۆمان گوت: پەروەردگاری تۆ بێگومان دەوران دەوری خەڵكی داوەو لێیان ئاگاداری ئاگادارە. (جا بێ ترس و هەراس دەعوەتی خۆت بكە و پەیامی خودا راگەیەنە و بزانە سەردەكەویت)ئەمەش یادخستنەوەی ئەو ئایەتەیە كەزووتر ناردوویەتی بۆی (بَلِ الَّذِينَ كَفَرُوا فِي تَكْذِيبٍ – وَاللَّهُ مِن وَرَائِهِم مُّحِيطٌ – بَلْ هُوَ قُرْآنٌ مَّجِيدٌ – فِي لَوْحٍ مَّحْفُوظٍ) (البروج: 19 – 22).

سێیەم: ئیسراو میعراج بووە تاقیكردنەوە بۆئەوانەی تازە موسڵمان بووبوون و بۆ كافران (وَمَا جَعَلْنَا الرُّؤْيَا الَّتِي أَرَيْنَاكَ إِلَّا فِتْنَةً لِّلنَّاسِ) (الاسراء: 60) ئێمە ئەو دیدار و دیتنەی (لە شەوی میعراجدا) بە تۆمان نیشان داو بۆمان پێش هێنای، تەنها بۆ ئیمتیحان و تاقیكردنەوەی خەڵكە.

چوارەم: ئەو درەختەی قورئانیش باسی دەكات لە دۆزەخدا تاقیكردنەوەو فیتنەیە بۆكافران و گاڵتەی پێدەكەن و بڕواناكەن لە ناوئاگردا درەخت هەبێت ، جابۆ ئیسراو میعراجەكە(الا) بەكاردێنێت كەتەنها بۆ تاقیكردنەوە بووە ، بۆدرەختەكە (الا) بەكارناهێنێ‌ چونكە هەم تاقیكردنەوەو فیتنەیەبۆیان وهەم خۆراكیشیانە: (وَالشَّجَرَةَ الْمَلْعُونَةَ فِي الْقُرْآنِ ۚ وَنُخَوِّفُهُمْ فَمَا يَزِيدُهُمْ إِلَّا طُغْيَانًا كَبِيرًا) (الاسراء: 60) وە ئەو دارە لەعنەتیەی (نێوی زەققومە و لە قووڵایی جەهەندەمدا رواوەو خۆراكی تاوانباران و گوناهكارانە، وە نێوی) لە قورئاندایە، كردوومانەتە هۆی ئیمتیحان و تاقیكردنەوەی خەڵك، وە ئێمە ئەوان (بە ترس و هەراسی دنیا و ئاخیرەت) دەترسێنین، كەچی جگە لە ملهوڕی و سەركێشی شتێك لە ئەوان زیاد ناكا.

جائەم چوار مەسەلەیە بۆ بانگخوازان زۆر پێویستن:

یەكەم: خوا ئەتوانێت موعجیزات بنێرێت.
دووەم: دەوران دەوری هەمووشتێكی داوە بەزانست و توانای بێسنووری وخۆی هەق سەردەخات ، وەك لەم ئایەتەشدا جەخت دەكاتەوە كەئەو راستیە بزانین: (اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ وَمِنَ الأَرْضِ مِثْلَهُنَّ يَتَنَزَّلُ الأَمْرُ بَيْنَهُنَّ لِتَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ وَأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيْءٍ عِلْمًا) (الطلاق: 12).
سێیەم: موعجیزاتیش بنێرێت ئەوەتا بووە بەفیتنە بۆیان.
چوارەم: ترساندنیشیان زیاتر ملهوڕو سەركەشیان دەكات، بۆیە وازیان لێبێنن بۆ خوا خۆی بەحیكمەتی خۆی چی بوێ‌ دەیكات و بانگخوازان تەنها هەوڵیان لەسەرە.

وەڵامێک بنووسە