648
هەرگیز کۆڵ مەدە تا دەگەیتە ئامانجەکانت..
گەشتی لاوێکی تازە پێگەیشتووی 16 ساڵ لەو دیوی ڕوباری جەیحون لە ناوچەی بوخارای ئۆزباکستان دەست پێدەکات تا دەگاتە شام و عێراق و حیجاز و میسر لەپێناو ئامانجێکی زۆر گەورە کە دواتر دەیکاتە خاوەن و دانەری ڕاستترین کتێب لەپاش قورئانی پیرۆز لەکاتێکدا زمانی دایکی عەرەبی نەبووە.
گەنجێك لەگەڵ دایك و برایەکی لە ناوچەی بوخارای وڵاتی ئۆزباکستانی پشت ڕوباری جەیحون دەکەوێتە ڕێ تا دەگاتە مەککەو مەدینە. دواتر پاش حەج کردن، دایك و براکەی دەگەڕێنەوە بۆ بوخارا، بەڵام ئەم لاوە تازە پێگەیشتووە کە تەمەنی 16 ساڵەو بە تەنها دوور لە نیشتمان و کەس و کار لەپێناو وەرگرتنی زانستی بەسوود لە حیجاز دەمێنێتەوە.
هەرچەندە براکەی لەپاش گەڕانەوەی بۆ بوخارا دەمرێت، بەڵام ام گەنجە ناگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی کۆڵ نادات لە گەیشتن بە ئامانجەکەی تاکو لەکۆتاییدا پاش گەشت و گەڕان بۆ هەریەك لە وڵاتانی عێراق و شام و حیجاز و میسر دەگاتە ئامانج و خولیاکانی.
بێ پارەیی و دەست کورتی وای لێدەکات دوو ڕۆژ گیا بخوات. بەڵام خاوی ناکاتەوەو بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی زانست تاکو دەیکاتە فەرموودەناس و فەقیهو مێژوونوس و موفەسیر. تەنانەت لە تەمەنی 18 ساڵی کتێبی (التاریخ) دەنوسێت! وە سەردانی زیاد لە 1000 مامۆستای کردووەو لە هەموویان فەرموودەی وەرگرتووە.
کۆڵ نەدان وای لێکرد (100٫000) فەرموودەی صحیح و (200٫000) فەرموودەی ضعیف لەبەر بکات و ببێتە دانەری کتێبی (صحیح البخاري) کە ڕاستترین کتێبە لەدوای قورئانی پیرۆز.
ئەم ڕووداوانە (12) سەدە پێش ئێستا بووە. پاش ئەوەی لە تەمەنی 62 ساڵی دەمرێت لە سەمەرقەند بەخاك دەسپێردرێت و بە شاهیدی ئامادەبووان بۆنی میسك لە گۆڕی ئەم زانا گەورەیە هاتووەتە دەرەوەو بە ئاسانی بۆنیان کردووە!
ئەو کەڵە پیاوەش (ئیمامی بوخاری)یە کە ناوی تەواوی بریتییە لە (محمدی کوڕی اسماعیلی کوڕی ابراهیمی کوڕی موغەیرەی کوڕی بردزبەی بوخاریه). بردزبه (واته باپیره گەورەی امامی بوخاری )مەجوسی بووه و له سه ر ئاینی مەجوسی مردووە بەڵام موغەیره (واته باپیری باوکی امامی بوخاری)موسڵمان بووە. هەروەها باوکی بوخاری زانایەکی بەتوانا بووە.