ووتراوە ئارامگرتن دابەش دەبێت بۆ ئارامگرتن لەسەر تاوان، و ئارامگرتن لەسەر گوێڕایەڵی خوای گەورە، و ئارامگرتن لەسەر کۆست و موسیبەت.
بەپێی پەیوەندی بەهەوای نەفسیشەوە دەبێتە دووبەشەوە:
1- ئارامگرتنێک لەگەڵ هەواو حەزی نەفسدا سازو هاوئاوازە:
عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف (خوای لێی ڕازی بێت) ئەفەرموێت: (ابتلينا بالضراء فصبرنا، وابتلينا بالسراء فلم نصبر) لێرەدا ئەم هاوەڵە ئازیزە ئاماژە دەدات بەوەی ئارامگرتن هەروەک لەسەر موسیبەت پێویستە ئاواش لەسەر نیعمەتەکان و سوپاس کردنیان بەهەمان شێوە پێویستن (ولئن أذقنا الانسان منا رحمة ثم نزعناها منه انه ليؤوس كفور – ولئن أذقناه نعماء بعد ضراء مسته ليقولن ذهب السيئات عني إنه لفرح كفور – الا الذين صبروا وعملوا الصالحات اولئك لهم مغفرة واجر كبير).
2- ئارامگرتنی ناساز لەگەڵ حەز:
أ- ئارامگرتن لەسەر تاعەت و جێبەجێکردنی فرمانەکان: مرۆڤ پێویستی بەئارامگرتنی پێش ئەنجامدانی عیبادەتەکەیە بەڕاستکردنەوەی نیەتەکەی و بەدیهێنانی ئیخڵاس و ئارامگرتن لەسەر خەوشی ڕیاو ڕوپامایی، ئارامگرتنێکیش لەنێو عیبادەتەکە بەدوورکەوتنەوە لەساردو سڕیی وتەمبەڵیی و ئارامگرتنێک لەدوای عیبادەتەکە بە ئاشکرانەکردنی و پاراستنی.
ب- ئارامگرتن لەسەر تاوان: بەم ئارامگرتنە تاعەتەکان پاکژ دەبێتەوە و دین و ئیمانی کەسەکە تاقی دەبێتەوە و شایانی پاداشت دەبێت لای خوای گەورە، چونکە هەرکەسێک لەخواترساو ئارامی گرت لەسەر فرمانەکانی و ترسا لە وەعیدو سزای خوای گەورە ئەوە سنورەکانیشی دەپارێزێت.
ج- ئارام گرتنێک ئیرادەو ئیختیاری تیادا نیە: وەکو موسیبەتەکان لەماڵ و جەستە و خەسارکردن لەماڵ و بازرگانی و مردنی کەسوکارو خۆشەویستان (ولنبلونكم بشئ من الخوف والجوع ونقص من الاموال والانفس والثمرات وبشر الصابرين)
ئارام گرتن لەسەر ئەم شتانە، ئاسودەیی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و ئیماندار پاداشتی لەسەر دەستدەکەوێت، چونکە گەر خۆڕسکانە ئارامنەگریت لەبەرخوا هەردەبێت بەناچاری ئارامبگری و ئەوکات هیچت لەپاداشت دەستناکەوێت.
کۆتایی بابەتەکەش بەم ووتەیەی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبی تالیب (خوای لێی ڕازی بێت) کۆتایی پێ دێنم کە دەفەرموێت (انك ان صبرت جرى عليك القلم وانت مأجور، وان جزعت جرى عليك القلم وأنت مأزور).