هەمەرەنگ

چیرۆكی شێخێكی سووری | چۆن هیدایه‌تی وه‌رگرت؟

264بینین

شێخ فەتحی صافی لەسوریاوە ئەڵێت: خۆم و براكانم و ئامۆزاكانم كەبەیەكەوە گەورەبووین سیانزە كەس بووین هەموومان چەتون و جەربەزەو شەڕانی، جارێك دزێك هاتەسەرمان رامان كرد بەدوایاو گرتمان و كوتامان و چی پێبوو لێمان سەند.

رۆژێك كابرایەك سەفتەیە پارەی هێنا وتی: ئەوە بۆتۆ، وتم: هی چیە؟ وتی: میراتمان بەشكردووە لەسەر ئەمە ناكۆك بووین، منیش سوێندم خوارد ئەبێ‌ بیدەم بەخراپترین، زۆر گەڕام و پرسیارم كرد ناونیشانی تۆیان بۆ هەڵدام، منیش وتم: لەبەر سوێندەكەت بێنە پارەكە، ئنجا باش باش كوتام وتم: تۆ هاتووی جنێوت پێداوم یەعنی چی من خراپترین كەسم.!

ژنم هێنا گیری خواردبوو بەدەستمەوە جاری واهەبوو لەبازاڕدا بووین مستەكۆڵەم پیاكێشاوە، لەبەرئەوەی نانەوابووم بەرۆژ ئەخەوتم، شەونخونینمان ئەكرد بۆ كارەكەمان، عەسرێك نووستبووم لەخەوما كۆت و زنجیركرابووە دەست و قاچ و گەردنم، زنجیرێكی گەورەش من وخەڵكانێكی زۆری پێوەبوو ئەمسەرو ئەوسەری لەئەژماركردن نەدەهات راپێچ ئەكراین بەرەو دۆزەخ، زۆر زۆر ترسام، وتم: خوایە بەس لێرە رزگارم بكە شەرتە وەك سەحابەكان بژیم، خوایە ئەمجارە بمگێڕەوە ئیتر لەقیامەت داوای گەڕانەوە ناكەم، بەترس و لەرزەوە خەبەرم بۆوە، خۆم شت و چووم بۆ نوێژی عەسر، هەرچاویان پێم كەوت، هەموو دەستیان لەنوێژ هەڵگرت و هاتن بەلامەوە، بۆ هاتوویت بۆ مزگەوت، چیت ئەوێ‌؟ شەڕمان لێ لادە، هاتووی بۆ بەلوعە دزین؟ ئەوە دوكانی بەلوعە بڕۆ چەندت ئەوێ‌ بیبەو ئێمە پارەكەی ئەدەین..!

وتم: هاتووم نوێژبكەم. وتیان: جا كەی ئێوە بەهەموو تەمەنتان نوێژتان كردووە؟، بەهەرحاڵ لەریزدا وەستام و سەیری نوێژخوێنانم ئەكرد، یەكێ‌ قاچی زۆر بڵاوكردبۆوەو یەكێ‌ كەم، هەریەكەو بەجۆرێك دەستی گرتبوو، هەریەكەو بەجۆرێك پەنجەی شایەتمانی ئەجوڵاند، وتم: ئەرێ‌ ماڵتان بەقوڕگیرێت نابێ‌ وەك یەك نوێژبكەن تا یەكێكی وەك من سەیرتان بكاو لێتانەوە فێربێت؟.

مامۆستایەك لەوتاردا وتی: ئەبێ‌ هەركەست ئازارداوە گەردنی خۆتی پێ ئازاد بكەیت، كەسێك بەمشار قاچیم ئازاردابوو، چووم كولێرەی گەرم و هەندێ‌ شتم بۆ كڕی و وتم: ئازارم داوی لێم ببورە. وتی: بڕۆ خوا لێت نەبوورێت. چووم جگەرەی نایابم بۆ هێنا جگەرە خۆربوو، هەرلێم نەبوورا منیش دەستم دایە دارێك و رامكرد بەدوایا وتم: هەمووگیانی ئەشكێنم دەبا ئنجا هەر لای خوا شكاتم لێبكات.

چەند قوتابیەكی شێخێك هێوریان كردمەوەو بردیانم بۆلای شێخەكەیان زۆر ئامۆژگاری كردم و وتی: (ماأفلح من أفلح الا بصحبة من أفلح) واتە سەرفرازنەبووە ئەوەی سەرفرازبووە مەگەر بەهاوەڵی كردنی ئەوەی كە سەرفرازە.

كەوتمە خوێندن و شارەزابوون لەئیسلام و سوپاس بۆ خوا چەندەها ساڵە لە (درعا)و دێهاتەكان خەریكی بانگەوازم .. بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا كۆچی دوایی كرد خوا لێی خۆش بێت.

وەڵامێک بنووسە