توێژینەوە

یادەوەری و پەند | بەشی دووەم

573بینین

 

بانگخواز فازیل سولەیمان ئەڵێت: لەبەرنامەیەكدا بۆ رەمەزان لەبارەی هاتنەدی خەونەكانم لەبەرئەوەی گوایە من كەسێكی سەركەوتووم، كامێرەو رووناكی و هەمووشتیان ئامادەكرد لەنووسینگەكەم لەدەزگای پرد بۆ ناساندنی ئیسلام، پێشەكەشكارەكە وتی: پێمان خۆشە باسی ئەو خەون وئاوات و ئامانجانەمان بۆ بكەی كە لەمناڵیدا هەتبوون و هاتوونەتە دی، منیش وتم: لەمناڵیەوە ئێستاشی لەگەڵ بێت خەون و ئاواتم ئەوەبوو كەببمە پزیشك و لەئازارو مەینەتیەكانی خەڵكی كەم بكەمەوە، بەتایبەت كەباوكیشم پزیشك بوو، بەڵام بەداخەوە نەهاتە دی ودكتۆرام هێنا لە ئەندازیاریدا.

دەرهێنەر وتی: تۆماركردن راگرن، بەتووڕەییەوە هاتەلام وتی: یانی چی خەون و ئاواتەكانت نەهاتوونەتە دی، ئەی بۆ پێیان نەوتووی بەرنامەكەی ئێمە باس لەئەزموونی ئەو كەسە سەركەوتووانە دەكات كە خەون و ئاواتەكانیان هاتوونەتە دی؟.

وتم: بەڵێ‌ پێیان وتم. وتی: ئەی كە خەون و ئاواتەكانت نەهاتوونەتە دی بۆ ئەمەت پێكردین؟ وتم: ویستم پەیامێك بگەیەنم مەرج نیە سەركەوتن بەند بێت بەهاتنە دی حەزو ئاواتەكانمان، سەركەوتن ئەوەیە لەوەی كەخوا پێی خۆشەو ئەیهێنێتە رێت سەربكەویت. بۆ نموونە: حەزرەتی نوح (سەلامی خوای لێبێت) (30) جار ناوی لەقورئاندا هاتووە و ئاوات حەزو خەونی ئەوەبوو گەلەكەی موسڵمان ببێت، كەچی ئەوانەی بڕوایان پێهێنا پاش رەنجی (950) ساڵ زۆر كەمبوون، دەی لەگەڵ ئەوەشدا نوح (سەلامی خوای لێبێت) سەركەوتوو بوو، یەكێكە لەپێنج ئولی عەزمەكەو بەندەیەكی سوپاسگوزار بوو (انە كان عبدا شكورا)، سوورەتێك بەناویەوەیەتی لەقورئانداو هەڵبژاردەو فەزڵدراوی خوا بوو بەسەر جیهاندا (إِنَّ اللَّهَ اصْطفَی آ‌َدَمَ ۆنُوحًا ۆآڵ إِبْرَاهِیمَ ۆآ‌َڵ عِمْرَانَ عَڵی الْعَاڵمِینَ (33)آل عمران).

عەباسی كوڕِی فیرناس ئاوات و خەونی فڕین بوو، كەوتە خوارەوەو دەست وقاچی شكا، خۆ ئاواتەكەی نەهاتە دی بەڵام سەركەوتوو بوو، ئەوەنیە ئێستا ئێمەی مرۆڤ بەسەرتاسەری دونیادا بەهۆی بیرۆكەكەی ئەوەوە گەشت ئەكەین. دەرهێنەر قەناعەتی بۆ دروست بوو بەقسەكانم و بەرنامەكەمان تۆماركرد، هەرچەند بەداخەوە دوای هەفتەیەك كودەتا سەربازیەكە بوو، نازانم بەرنامە پەخشكرا یان نا.

جا ئەو پەندەی وەریدەگرین ئەوەیە وه‌ك پێشەوا بەننا دەڵێت: راستیەكانی ئەمڕۆ خەونەكانی دوێنێن، خەونەكانی ئەمڕۆشمان راستیەكانی سبەینێن، بۆیە بێهیوایی لەشیمەی موسڵمان نیە، لاواز بەردەوام لاواز نابێت و بەهێزیش تا سەر بەهێز نابێت.

پێویستە هەمیشە خەون و خەیاڵ و ئامانجمان بۆ بەرەو پێشچوون بێت، سەركەوتنیش ئەوەنیە كەئەوەی ئەمانەوێت بێتە دی، بەڵكو سەركەوتن ئەوەیە كە ئەوەی خوا دەیه‌وێت ئەوە بهێنینە دی، خێریش لەوەدایە كەخوا بۆمان هەڵدەبژێرێت. هەرشادبن.

وەڵامێک بنووسە