توێژینەوەکتێبخانە

یادەوەرییەكانم

1.94Kبینین

 

بەیانی 24ی هەشت ساڵی 2017 رەحمەتی خێزانم كە لەماڵی كچەكەم بوو ، هەستی بە لەش سووكیەك كردبوو كە دیارە لەشسوكی پێش مەرگ بووە ، بۆ نانی بەیانی هیچ ناخوات تەنها پارچەیەك پرتەقاڵ نەبێت ، دیارە لەسەر سەفەری قیامەت بووەو دڵی هیچی نەبردووە ، لەسەر سفرەی بەیانی بە كچەكەم ئەڵێت: ئەمشەو لەخەوما سەرتاپام سپی بوو بوو پارچەیەكی زۆر بچووك نەبێت (كە دیارە پاكبوونەوە و ئامادەسازی بووە بۆ بەربارەگای زاتی هەق) ، كچەكەشم ئەڵێت: خوا بەخێری بگێڕێت برادەرانی ئیغاسەم بینی كۆبووبوونەوە لای ماڵمان.

ئەو بەیانیە سەعات (10:00) من لە هەڵەبجەی شەهید بەڕێوەبەری پڕۆژەی سێ‌ قوتابخانەی كۆریەكان بووم ، هەواڵیان دامێ‌ كە رەحمەتی كۆچی دوایی كردووە ، بەڵێ‌ ئەو بەو شێوەیە مرد كە حەزی دەكرد ، كە پێشتر بە زاواكەمی وتبوو: حەزدەكەم لێرە بمرم ، حەزدەكەم بەڕۆژ بمرم ، حەزدەكەم كە مردم ئێوە لێرە نەبن.

وەك وەفایەك بۆ هاوسەرم لەدوای تێپەڕبوونی سێ‌ ساڵ بەسەر كۆچیدا بەرەو لای خوای میهرەبان ، یادەوەرییەكانم نووسی و بڵاوم كردەوە تا سەدەقەیه‌كی بەردەوام بێت بۆی و ببێتە مایەی گەرموگوڕی ئیمانی بۆ ئەوانەی دەیخوێننەوە.

سوپاس بۆخوا دۆستانم بەلایانەوە باش بوو ، مامۆستا موسای بیارەیی وتی: بەهێندەی 10 كتێب سوودم لێوەرگرتووە. هاوسەری برادەرێكم كە ئەوەی خوێندبۆوە رەحمەتی رۆژانە هەشت ركات نوێژی چێشتەنگاوی ئەكرد زۆر گریابوو.

دیارە كۆچی ئازیزانمان برینێكە سارێژنابێت تا ئەوكاتەی ئێمەش ئەچینەوە لایان ، ئەوەی مایەی دڵخۆشیمە ئەوەیە كەدوای كۆچی پڕ خێری ئەو لەسەر عەهد و پەیمانەكەمان بەردەوامین و چەندمان پێبكرێت لەخزمەتی پەیامەكەی خواداین. (الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي هَدَانَا لِهَذَا وَمَا كُنَّا لِنَهْتَدِيَ لَوْلَا أَنْ هَدَانَا اللَّهُ).

 

داگرتن: یاده‌وه‌رییه‌كانم

وەڵامێک بنووسە