توێژینەوە

تكایە بخوێننەوە و پرسیار بكەن

978بینین

 

ناحەزانی ئیسلام ئەزانن لاوانمان ناخوێننەوەو ناگەڕێن بەدوای راستیەكاندا بۆیە گومانی بێ‌ بنەمای پڕ چەواشەكاری بڵاودەكەنەوەو گەنجێكی دۆ نەدیویش وەك توتی ئەیڵێتەوە بەبێ‌ ئەوەی دیراسەی تەورات و ئینجیل و قورئانی كردبێت تا بزانێت هەق لەكوێدایە.

ساڵی 1985 لەئەمەریكا سی زانای بواری لاهوت پەیمانگای ویستاریان دامەزراند بۆ ئەوەی بزانن چەندی ئینجیلەكان كەلامی خوان، پاش چەند ساڵ لێكۆڵینەوە، كە دواتر ژمارەی زانیان لەگشت بوارەكاندا كەبەشداربوون لەو پەیمانگایە گەیشتنە دووسەد زانا. ئەمانە ئەنجامی دیراسەی خۆیان بڵاوكردەوە كە لەسەدا شانزەی ئینجیل هی خوایە و لەسەدا هەشتاو چواری كەلامی خوا نیەو هەڵبەستراوە.

ئینجا دیارە حاڵی تەورات لەو باشتر نیەو پڕە لەبێ‌ ئەدەبی بەرامبەر پێغەمبەران (سەلامی خوایان لێبێت) هەروەها بەرامبەر بەخوا خۆشی كوفری ئاشكرای تیایە، وەك ئەوەی كەخوا پەشیمان بۆتەوە كەمرۆڤی بەدیهێناوە، یان زۆرانبازی كردووە، یان كە حەزرەتی لوط كچەكانی سەرخۆشیان كردووەو فاحیشەیان لەگەڵدا كردووەو هەزاران شتی تر كەزانایان ئەڵێن زیاتر لەپەنجا هەزار هەڵەی تیایە.

جا قورئانێك كە هەر لەسەرەتاوە بەتەحەداوە ئەفەرموێت (لاریب فیە) (ولو كان من عند غیر الله لوجدوا فیه اختلافا كثیرا). قورئان چونكە لەخواوەیە دژبەیەكی و هەڵەی تیانیە، ئیتر چۆن لەتەورات و ئینجیلەوە شتی وەرگرتووەكە پڕن لەهەڵە؟. ئەوە عەرزو ئەوە گەز فەرموو بیسەلمێنن بزانین چی وەرگرتووە (قل هاتوا برهانكم ان كنتم صادقین).

ساڵانی حەفتاكان ئێمە گومانمان ئەبیست و سەرچاوەی باش و سۆشیال میدیامان لەبەردەستدا نەبوو، من وەك گەنجێكی موسڵمان لەدڵی خۆمدا ئەمووت: خۆزگە رۆژێك مامۆستا محمد قوتبم ببینیایەو هەندێ‌ پرسیارم لێبكردایە!

سوپاس بۆ خوا ئێستا زانایان لەسەرتاسەری دونیادا لەبەردەستان وخۆیان و وتارو كتێبەكانیان، من بۆ خۆم پرسیارێكم هەبوو لەدكتۆر زەغلول نەجارم كردو وەڵامیشی دامەوە، بۆیە بیانوو بۆكەس نەماوەتەوە تكایە بخوێننەوەو پرسیار بكەن ئیسلام بێگومان راستترین رێی خوایەو گومانی ناحەزان سەرقاڵتان نەكات.

 

وێنەی پەیمانگای ویستارو دروشمەكەیان

وەڵامێک بنووسە