هەمەرەنگ

رێكەوتنی حودەیبیە

2.89Kبینین

 

دوای جەنگی خەندەق بەساڵێك كەمتر خۆشەویستمان (د.خ) بەهاوەڵانی فەرموو خۆتان ئامادە بكەن ئەچین بۆ عومرە، خەوم بینیوە كەخەوی پێغەمبەران وەحیە لەخواوەو راستە.

ئەمەش كە بەعەقڵی كەسدا نەئەچوو خۆشەویستمان راوێژی پێنەكردن ، نزیكی 1400 هاوەڵ كەوتنە رێ‌ بەخۆیان و قوربانیەوە بەرەو مەككە، ئەوەبوو قوڕەیش رێگری كردو هەواڵی نارد كەرێی نادەن و كەوتنە دانوستان، سەروەرمان (د.خ) دیسان راوێژی بەكەس نەكردو قایل بوو بەرێكەوتن، تەنها ئەبوبەكر نەبێت بڕواناكەم هیچ هاوەڵێك ئەو كارەی پێ‌ قبوڵ كرابێ‌، تەنانەت عومەر خوا لێی رازی بێت، هاتە لای و وتی: باشە ئێمە لەسەرهەق نین، باشە تۆ فەرمووت: ئەچین عومرە دەكەین، ئەویش فەرمووی نەمووتووە ئەمساڵ، ئنجا من پێغەمبەری خوام و بێ‌ فەرمانی ئەو ناكەم و ئەویش دەستم لێ‌ بەرنادات.

ئنجا خۆشەویستمان رۆژی بەدرو ئوحودو خەندەقی ئەهێنایەوە یادیان كەچۆن هەرخوا خۆی سەریخستوون بۆ ئەوەی قەناعەت بكەن، بەڵام هەرقورس و ئەستەم بوو.

رێكەوتنەكە كرا سەروەرمان دووربین بوو، خوا رێنمایی دەكرد، سوهەیل كە سەرۆكی شاندی دانوستان بوو داوای كرد دەساڵ شەڕ ڕاگرن وهەرچی لەگەڵ موحەممەدا رێكەوت رێبكەوێت و هەرچیش چووە پاڵ قوڕەیش بچێت، ئنجا هەرچی هات لەمەككەوە موسڵمان بوو بیگێڕنەوە بۆمەككە وهەرچی موسڵمانیش هەڵگەڕایەوە نەیدەنەوە بەموسڵمانان، سەروەرم قایل بوو، هێشتا ئیمزا نەكرابوو ئەبوجەندەلی كوڕی سوهەیل لەمەككەوە هات، سوهەیل وتی: ئەبێ‌ بمدەنەوە بیبەمەوە، كەئەمەش زۆر قورس بوو لەسەر موسڵمانان، پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی بڕۆرەوە لەگەڵیا خوا دەرگا دەكاتەوە، دواتر ئەبی بەصیر هات و وئەویش دوان هاتن بەدوایداو ناچار گەڕێنرایەوە ، بەڵام ئەبو بەصیر لەرێ‌ یەكێ‌ لەو دوانەی كوشت و لەبەر رێكەوتنەكەش چووە لای دەریای سوورو حەفتا موسڵمانی تری مەككەش پەیوەندیان پێوەكردو بەوەش بوونە هێزێك كەپەلاماری كاروانی قوڕەیشیان ئەدا، تاناچار قوڕەیش تكای كرد كەمەدینە وەریان بگرێتەوە.

لەوسەرو بەندەدا ئوم كەلسوم كچی دوژمنی سەرسەختی ئیسلام عوقبەی كوڕی ئەبی موعیت توانی فرسەت بهێنێ‌ و پیاوێكی هۆزی خوزاعەی دەستكەوت كەهاوپەیمانی پێغەمبەربوون لەگەڵیا هاتە مەدینە، چووە ماڵی ئوم سەلەمە هاوسەری خۆشەویستمان ، بەپێی رێكەوتنەكە بوایە ئەبوو بیداتەوە بەوانەی كەهاتن بەدوایدا، ئالێرەدا فەرمانی خوا دابەزی كەئافرەتان ناگەڕێنرێنەوەو حەڵاڵ نین بۆ مێردە كافرەكانیان، ئەمەش بەڵگەیە كەهەموو شتێكی سەروەرمان لەخواوەبووە (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا جَاءَكُمُ الْمُؤْمِنَاتُ مُهَاجِرَاتٍ فَامْتَحِنُوهُنَّ اللَّهُ أَعْلَمُ بِإِيمَانِهِنَّ فَإِنْ عَلِمْتُمُوهُنَّ مُؤْمِنَاتٍ فَلَا تَرْجِعُوهُنَّ إِلَى الْكُفَّارِ لَا هُنَّ حِلٌّ لَهُمْ وَلَا هُمْ يَحِلُّونَ لَهُنَّ) (الممتحنة: 10). تكایە ماویەتی..

وەڵامێک بنووسە