هەمەرەنگ

پێڕەوى ناوخۆ

189بینین

 

به‌شى یه‌كه‌م

ناو، پێناسه، ناونیشان، دروشم‌

مادده‌ى یه‌كه‌م: ناو، ناونیشان، پێناسه، دروشم:

یه‌كه‌م: ناو، كورتكراوه‌ى ناو، لۆگۆ:

ناو بە زمانى کوردى: ژیار بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی.

ناو بە زمانى عەرەبى: ژیار للتربیة‌ والتنمیة‌ البشریة.

ناو بە زمانى ئینگلیزى:   Zhyar for education and human development

کورتکراوەى ناو: (Z . E. H. D)

لۆگۆ:

 

 

دووەم: پێناسه‌:

ئینستتیوتی ژیار ڕێكخراوێكی ناحكومی، خۆبه‌خشی، سه‌ربه‌خۆیه‌، له‌ پێناو  په‌روه‌رده‌ و پێگەیاندن و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی وپه‌ره‌پێدانی هزریی وزانستی و هۆشیاری تاک و خێزان و کۆمەڵگە كار ده‌كات.

سێیە‌م: ناونیشان و سنورى كاركردن:

بنكه‌ی سه‌ره‌كی له‌شاری سلێمانی دەبێت و بۆ ئه‌نجامدانى كار و چالاكییه‌كانی ده‌توانێت له‌شار و شارۆچكه‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی هەرێمیش لق  بكاته‌وه‌.

ئیمه‌یڵی ڕێكخراو: zhyar.in@gmail.com

ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی ڕێكخراو07730152125 – 07507003576

چواره‌م: دروشم:

به‌ره‌و بونیادنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی مرۆیی ڕه‌سه‌نی گه‌شه‌كردوی هاوچه‌رخ له ‌كوردستاندا.

 

به‌شى دووه‌م

ئامانج, بواری کار کردن، ئامڕاز

مادده‌ى دووه‌م: ئامانجەکان و بوار وئامڕازەکانی کارکردن:

یه‌كه‌م: ئامانجه‌ گشتییه‌كان:

١- پێشخستنی كۆمه‌ڵگە له‌بواره ‌جیاجیاكاندا.

٢- قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی به‌رپرسیارێتی وپێكه‌وه‌ژیان له‌ نێوان تاكه‌كانی کۆمه‌ڵگە.

٣- به‌گه‌ڕخستنی سەرجەم تواناکان لە بوارە جیاجیاکاندا.

٤- ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی شایسته‌ وگونجاو بۆ گشت چین وتوێژه‌كان.

٥- بره‌ودان به‌كاری خۆبه‌خشانه‌ و خێرخوازی و هۆشیاری خێزانی و كۆششی مه‌ده‌نی و ئاین په‌روه‌ری و ڕه‌وشت پارێزی و پارێزگاری له‌به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان.

٦- هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگەی کوردەواری له‌هه‌ر كلتور و ڕه‌فتارێك كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ها و پیرۆزییه‌كانی یه‌ك ناكاته‌وه.‌

٧- پاراستنی هاوسەنگی لە دید و تێڕوانین و بەرنامەدا.

دووه‌م: ئامانجه‌ تایبه‌تییه‌كان:

١- ژیاندنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی له‌ كوردستان.

٢- په‌ره‌پێدانی ئاستی زانستی و هزری لاوان و ئاراسته‌كردنیان به‌مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن و به‌گه‌ڕخستنی تواناكانیان.

٣- دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گونجاو بۆ ئه‌و كێشانه‌ى دووچارى تاك و كۆمه‌ڵگە ده‌بنه‌وه‌، وه‌ك: هه‌ژارى، بێكارى، ئالودەبوونی ماددە هۆشبەرەکان، كێشه‌كانی خێزان.

٤- پتەوکردنی پایەکانی خێزان و هۆشیارکردنەوەی لە دیاردە دزێوەکان.

٥- پێشكه‌شكردنى ڕاوێژكاریى به‌ دامه‌زراوه‌ گشتیى وتایبه‌تییه‌كان.

٦- پاراستنی گیانی برایەتی وچەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا.

سێیەم: بواری کارکردن:

١- پەروەردە و پێگەياندن.

٢- گەشەپێدانى مرۆيى.

٣- هۆشياريى تاك و خێزان و کۆمەڵگە.

٤- كاروبارى زانستى و توێژينەوە.

چوارەم: ئامڕازەکانی كاركردن:

١- به‌ستنی كۆنگره‌، كۆنفرانس، سازدانی كۆڕ و سیمینار، ۆرك شۆپ، كردنه‌وه‌ی خولی زانستیی و خێوه‌تگە.

٢- بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌ڕتووك و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕه‌سه‌ن و ده‌ركردنی پۆسته‌ر و بڵاوكراوه‌.

٣- سوود وه‌رگرتن له‌ كه‌ناڵه‌ جیاوازەکانی ڕاگه‌یاندن (بینراو، بیستراو، خوێندراو).

٤- كردنه‌وه‌ی خوێندنگه ‌و په‌یمانگە و كۆلێژ و زانكۆی ئه‌هلی.

٥- سوود وەرگرتن لەهەر میکانیزمێکی دیکەی گونجاو.

 

به‌شى سێیەم

ئەندامێتى (مەرجەکان، مافەکان، ئەرکەکان، سزاکان، لەدەستدانی ئەندامێتی)

 

مادده‌ى سێیه‌م: پرنسیپه‌كانى ئه‌ندامێتى:

یه‌كه‌م: مه‌رجه‌كانى ئه‌ندامێتی:

١- ته‌مه‌نى له‌ (18) ساڵ كه‌متر نه‌بێت

٢- بڕواى به‌ پێڕه‌وی ناوخۆى ڕێكخراو هه‌بێت و بڕیار و ڕێنماییه‌كانى جێبه‌جێ بكات.

٣- به‌خشینی مانگانه‌ به‌پێی توانا و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌بێت.

٤- تاوانبار نه‌بێت به‌تاوانێكی ئابڕوو به‌ر.

دووەم: مافه‌كانى ئه‌ندام:

١- سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانى ڕێكخراو.

٢- به‌شداریكردن له‌ چالاكییه‌كانى ڕێكخراو.

٣- ڕاده‌ربڕین و ڕه‌خنه‌ و پێشنیار.

٤- ده‌نگدان و خۆپاڵاوتن بۆئه‌ندامێتى گشت پۆسته‌كان به‌پێی پێڕه‌وى ناوخۆ.

٥- به‌ ده‌ستهێنانى زانیاریى و پێشکەشکردنی پڕۆژه.     ‌

٦- به‌كار هێنانى ناو و لۆگۆی ڕێكخراو له‌كاتى ئه‌نجامدانى ئه‌و چالاكیانه‌ی به‌ هه‌ماهه‌نگی و به‌ڕه‌زامه‌ندی ڕێكخراو ئه‌نجام ده‌درێت.

٧- ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه.

٨- سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزه‌كانى ڕێكخراو ئه‌ندامه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر یاسادا به‌رپرسیار نین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ماڵ و موڵكیان بۆ قه‌ره‌بووى ئه‌و قه‌رزانه‌ به‌كار ناهێنرێت.

سێیه‌م: ئه‌ركه‌كانى ئه‌ندام:

١- له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانى تواناى خۆى و هاوڕێكانى كار بكات.

٢- ناوى ڕێكخراو بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تی خۆی یان خەڵکانێک به‌كار نه‌هێنێت.

٣- له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا چه‌ند چالاكییه‌كی خۆبه‌خشانه‌ بۆ ڕێكخراو ئه‌نجام بدات.

٤- پابه‌ند بێت به‌گشت یاسا و ڕێنمایی و هێڵه ‌گشتییه‌كانی كاری ڕێكخراوه‌وه.     ‌

٥- هه‌ر ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ك كه ‌له‌ لایه‌ن ئۆرگانه‌كانی ڕێكخراوه‌وه‌ پێی ڕاده‌سپێردرێت جێبه‌جێی بكات.

٦- بەده‌م بانگهێشت و چالاكییه‌كانى ڕێكخراوه‌وه‌ بچێت.

چوارەم: سزاکانی ئەندام:

١- سه‌رنج ڕاكێشان.

٢- ئاگادار كردنه‌وه.     ‌

٣- سڕكردن دواى (3) جار سه‌رنج  ڕاكێشان، یان (2) جار ئاگادار كردنه‌وه.     ‌

٤- لێسه‌ندنه‌وه‌ى مافی ئه‌ندامێتى به‌ بڕیاری (2/3) ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی.

پێنجەم: له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێتی:

١- پابه‌ند نه‌بوون به‌ پێڕه‌وی ناوخۆ.

٢- ئاماده‌ نه‌بوون له‌ (3) كۆبوونه‌وه‌ی له‌دوای یه‌ك بە بێ پرس و پاساو.

٣- به‌كارهێنانى توندوتیژى له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان.

٤- ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت ناتوانێت هیچ جۆره‌ چالاكییه‌كی ڕێكخراوه‌یی بكات له‌نێو بازنه‌ی ڕێكخراودا.

٥- له‌ده‌ستدانی مه‌رجێك له‌ مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی.

٦- له‌سه‌ر داواى خۆى.

٧- له‌ ده‌ستدانى شایسته‌یی یاسایى.

٨- مردنى ئه‌ندام.

 

بەشى چوارەم

پەیکەرى ڕێکخراو، شێوازی کارکردن

 

مادده‌ى چواره‌م: په‌یكه‌رى ڕێكخراو پێك دێت لە:

یه‌كه‌م: ئەنجومەنى گشتیى و ده‌سه‌ڵاته‌كانی:

أ- پێكهاته‌ى ده‌سته‌ى گشتى:

ئەنجومەنى گشتى پێكدێت له‌ ئەنجومەنى كارگێڕی و ئه‌نجومه‌نی لقه‌كان.

ب- ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئەنجومەنى گشتى:

١- هه‌مواركردنی پێڕه‌وی  ناوخۆی ڕێكخراو به‌  (2/3) ی ده‌نگی ئه‌ندامان.

٢- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان گۆڕینی ناوی ڕێكخراو به‌ (2/3) ى ده‌نگی ئه‌ندامان.

٣- هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانی ئەنجومەنى كارگێڕی به‌ ئاماده‌ بوونی (1/2) ی ئه‌ندامان له‌ ڕێگه‌ى ده‌نگدانى نهێنییه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ى ڕه‌ها.

٤- (٣) ساڵ جارێك كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دەدات و دەکرێت له‌سه‌ر داوای (2/3)ی ئه‌ندامانی ئەنجومەنى كارگێڕی یان (1/2) ئه‌ندامانى ئەنجومەنى گشتیى دانیشتنى نا ئاسایى ئەنجام بدات.

دووه‌م: ئەنجومەنى كارگێڕی:

أ- پێكهاته‌ى ده‌سته‌ی كارگێڕی:

١- سه‌رۆك.

٢- جێگرانی سه‌رۆك.

٣- به‌رپرسی لقه‌كان.

٤- به‌رپرسی به‌شه‌كان: (كارگێڕی, دارایی، په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندن، کاروباری زانستی، بانگەواز، هۆشیاری خێزانی، گەنجان، په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان، پلان و پڕۆژه‌، ڕۆشنبیریی و ڕاگه‌یاندن، هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچون، ئافرەتان، دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ).

ب- مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی ئەنجومەنى كارگێڕی:

١- هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دبلۆم و باڵاتر بێت، یان هه‌ر بڕوانامەیه‌ك کە هاوتای ئه‌وان بێت.

٢- ته‌مه‌نی له‌ (25) ساڵ كه‌متر نه‌بێت.

ت- ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئەنجومەنى كارگێڕی:

١- سه‌رپه‌رشتی كردن و ئاماده‌كردن و داڕشتن و په‌سه‌ند كردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان.

٢- داڕشتنی بودجه‌ى ساڵانه‌ی ڕێكخراو و پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى بودجه‌ى ساڵى پێشوو.

٣- تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و په‌سه‌ند كردنى سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانى ده‌سته‌ى گشتی.

٤- دابه‌شكردنى كاره‌كان و ئاماده‌كردنى توانای مرۆیی بۆ ئه‌نجامدانى چالاكى و پڕۆژه‌كان.

٥- دیاریكردن و بڕیاردان له‌ كات و شوێنی كۆبوونه‌وەکانی ئەنجومەنى گشتیی.

٦- هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرەکانی.

٧- (٣) مانگ جارێك كۆده‌بێته‌وه‌ و كۆبونه‌وه‌كانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وە یان جێگرەکانییەوە لەکاتی ئامادە نەبوونی سەرۆکدا  به‌ڕێوه ‌ده‌چێت.

٨- پێداچونه‌وه‌ی  كار و چالاكى رێكخراو له‌ماوه‌ى (٦) مانگی رابوردو و دانانى پلان و پڕۆژەی نوێ بۆ داهاتوو.

٩- به‌ ئاماده‌بوونى زۆرینه‌ى ڕه‌های ئه‌ندامانی ئەنجومەن نیصابى دانیشتنه‌كان به ته‌واو ئه‌ژمار ده‌كرێت.

١٠- به‌ بڕیاری (2/3) ی ئه‌ندامانی ئەنجومەن دەکرێت لقی نوێ له‌ شار وشارۆچكه‌كان یاخود له‌ ده‌وروبه‌ر و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بکرێتەوە.

١١- به (2/3) ی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئەنجومەن ‌ئه‌ندام بۆ دەستە وه‌ردەگیرێت یان سزا دەدرێت.

١٢- به (2/3) ی ده‌نگی ی ئه‌ندامانى ئەنجومەن  بڕیار لە كۆبوونه‌وه‌ى نائاسایی دەستەی گشتی دەدرێت.

١٣- به‌ (2/3) ی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئەنجومەن به‌رپرسی لقه‌كان دەگۆڕدرێت.

١٤- به‌ (2/3) ی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئەنجومەن‌ یه‌كگرتن وپێكهێنانی تۆڕ له‌گه‌ڵ ڕیكخراوه‌ هاوئامانجەکان ئەنجام دەدرێت.

١٥- به‌ (1/2) ی ده‌نگی ئه‌ندامانى ئەنجومەن  لیژنه‌ى تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوونی كاره‌كان پێك دەهێنرێت.

١٦- به ‌ (1/2) ی دەنگی ئه‌ندامانى ئەنجومەن خولی گشتیی بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌ندامان دەکرێتەوە.

١٧- جگه‌ له‌و بڕیارانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێ كراوه‌ سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی ئەنجومەنى كارگێڕی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌بێت.

١٨- له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك ئەنجومەنى كارگێڕی پێك نه‌هات یاخود هه‌ڵوه‌شایه‌وه، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌گوازرێتەوە بۆ ئەنجومەنى گشتی.

سێیه‌م: سەرۆکى ڕێکخراو و دەسەڵاتەکانى:

أ- سه‌رۆك: بریتییه‌ له‌ سه‌رۆكی ئەنجومەنى كارگێڕی و سەرۆکی ڕێکخراو و له ‌لایه‌ن ده‌سته‌ی کارگێڕییەوە‌ و له ڕێگه‌ی ده‌نگدانى نهێنییه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ى (2/3) ی ده‌نگی ئه‌ندامان هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ ماوه‌ى (٣) ساڵ و ئه‌گه‌رى تازه‌كردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ بۆ خولێكی تر.

ب- دەسەڵاتەکانی سەرۆک:

١- وردبینى و به‌ دواداچوون بۆ داواكاریی و پێشنیار و پڕۆژه‌ و سكاڵاكان ده‌كات.

٢- له‌ به‌رده‌م گشت دادگاكاندا نوێنه‌رایه‌تی ڕێكخراو ده‌كات.

٣- بڕیاره‌كانى ئەنجومەنى گشتیى و ئەنجومەنى كارگێڕی جێبه‌جێ ده‌كات.

٤- ئەنجومەنى گشتى بۆ كۆبوونه‌وه‌كان بانگهێشت ده‌كات.

٥- واژۆی بودجەی ڕێکخراو دەکات.

٦- سه‌رپه‌رشتیى كۆبوونه‌وه‌كانى ئەنجومەنى کارگێڕی و ئەنجومەنى گشتی دەکات.

٧- لێدوان به‌ناوى ڕێكخراوه‌وه‌ ده‌دات و نوێنه‌رایه‌تى له‌ كۆبوونه‌وه ده‌ره‌كى و لۆكاڵییه‌كان ده‌كات.

٨- به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌یه‌تى ده‌توانێت به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی بداته‌ جێگره‌كانی.

٩- واژۆی ڕاپۆرتى دانیشتنه‌كان، گرێبه‌سته‌كان، سه‌رجه‌م نوسراوه‌كانی ئەنجومەنى کارگێڕی و ئەنجومەنى گشتی دەکات.

١٠- سزاى سه‌رنج ڕاكێشان و ئاگاداركردنه‌وه‌ بۆ ئەو ئه‌ندامانه‌ دەردەکات کە سه‌رپێچی پێڕه‌وى ناوخۆی ڕێكخراو ده‌كه‌ن.

١١- لە کاتی یەکسانبوونی دەنگدان لەسەر پرسەکانی ڕێکخراو ئەو لایەنەی دەنگی سەرۆکی لەگەڵدا بێت دەبێتە بڕیار.

چوارەم: جێگرەکانی سه‌رۆك و دەسەڵاتەکانیان:

  • دەکرێت سەرۆکی ڕێکخراو زیاد لەجێگرێکی هەبێت، کە بەهەمان میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک هەڵدەبژێردرێن.
  • دەسەڵاتەکانی جێگرەکانی سەرۆک:
  • ١- جێگرەکان له‌كاتى ئاماده‌نه‌بوونى سه‌رۆك، یان مردنی، یان له ‌سه‌ر كار لاچوونى كاره‌كانى سه‌رۆك ئه‌نجام ده‌دەن.
  • ٢- ئه‌رشیف و دۆسیه‌كان ڕێک دەخەن.
  • ٣- بەرنامەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنى کاگێڕی و ئەنجومەنى گشتی ڕێک دەخەن.
  • ٤- كۆڕ وخوله‌كان ڕێک دەخەن و به ‌دواداچوون بۆ چالاكى و پڕۆژه‌كان دەکەن.
  • ٥- هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تر سه‌رۆك یان ئەنجومەنى کارگێڕی پێیان بسپێرێت جێبەجێی دەکەن.
  • پێنجەم: لق (پێکهاتە و ده‌سه‌ڵاته‌كان):
  • أ- پێکهاتەی لق:

١- بەرپرسى لق.

٢- بەرپرسى بەشەکانى لق.

٣- بەرپرسى دەستەکانى سەر بە لق ئەگەر هەبوون.

ب‌- ده‌سه‌ڵاته‌كانی لق:

١- گۆڕینی به‌رپرسی لق به‌ (2/3) ده‌نگی ئه‌ندامان.

٢- پێشنیاری کردنەوەی دەستە بۆ ئەنجومەنى کارگێڕی.

٣- هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچون و جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌كان له‌ سنوورى ده‌سه‌ڵاتی لقدا.

شەشه‌م: ده‌سته‌ ( پێناسه‌ و پێكهاته‌كان):

أ- پێناسە: ده‌سته‌ بچوكترین ئۆرگانی ڕێكخراوه‌ كه‌ لەسنووری لقەکاندا دەکرێتەوە.‌

ب- پێكهاتەی دەستە:

١- .به‌رپرسی ده‌سته‌ كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌ندامی لق.

٢- به‌رپرسی به‌شه‌كانی ده‌ستە.

ج- دەسەڵاتەکانی دەستە:

١- دەستە سەرجەم دەسەڵاتەکانی لقی هەیە لەسنووری دەسەڵاتی دەستەدا جگە لەکردنەوەی دەستە کە ئەوە تەنها لەسنووری دەسەڵاتی لقدایە پاش ڕەزامەندی ئەنجومەنى کارگێڕی.

٢- ئەو چالاکیانەی لە دەرەوەی بینای دەستە ئەنجام دەدرێت وەک ئاهەنگ و کۆڕ و سیمینار و گەشت پێویستە بە ئاگاداری وهەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسی لق ئەنجام بدرێت.

 

به‌شى پێنجەم

داهاتى ڕێکخراو

 

مادده‌ى پێنجه‌م: داهاتى ڕێكخراو و ژمێریارى:

یه‌كه‌م: داهاتى ڕێكخراو پێك دێت لە:

١- به‌خشینی ئه‌ندامان.

٢- هه‌ر هاوكارییه‌كی تری بێ به‌رامبه‌ر له‌ ڕێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆكان  و داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان.

٣- داهاتی خول و ڕاوێژكاریی و ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی ڕێكخراو پێشكه‌شیان ده‌كات، یاخود هه‌ر چالاكییه‌ك له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی ڕێكخراو یه‌ك ده‌كاته‌وه‌.

٤- ڕێكخراو له‌ جێبه‌جێ كردنی كاروباره‌ داراییه‌كانیدا هه‌موو ئه‌و یاسا و ڕێنماییه‌ داراییانه‌ ڕه‌چاو ده‌كات كه‌ له‌ ده‌سته‌ی چاودێری داراییه‌وه‌ ده‌رده‌چن.

٥- داهاتی ڕێكخراو له‌ بانكێك له‌ بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دا ده‌نرێت.

دووه‌م: چاودێرى و ژمێریارى:

١- ڕێكخراو له‌ڕێى بوجه‌ى ساڵانه‌وه‌ به‌گوێره‌ى سیسته‌مى ژمێریاریى  پێڕه‌و كراو له‌ هه‌رێم دارایى خۆیى به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

٢- ڕێكخراو ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى دارایى خۆیى به‌ فه‌رمانگه‌ى ڕێكخراوه ناحكومییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ له ‌لایه‌ن دیوانى چاودێرى دارایى له‌هه‌رێمدا وردبینى بۆ ده‌كرێت.

٣- ڕێكخراو ڕاپۆرتی ورد ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه پشتیوانلێكراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمى کوردستان پێشكه‌ش به‌فه‌رمانگه‌ى ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌كات و پابه‌ندیی به‌ مه‌رجه‌كانى گرێبه‌سته‌كه‌وه ده‌كات.

 

به‌شى شەشەم

تۆمارەکانى ڕێکخراو

 

مادده‌ى شه‌شه‌م: تۆماره‌كانى ڕێكخراو:

١- تۆماری ئه‌ندامان: ناو, ناونیشان, ته‌مه‌ن, ڕه‌گه‌ز, پله‌ى خوێندن، ڕۆژی به‌ ئه‌ندام بوون لەخۆ دەگرێت.

٢- تۆماری ژمێریاریى: داهات و خه‌رجییه‌كانى ڕێكخراو له‌ خۆ ده‌گرێت.

٣- تۆماری به‌شه‌كان: كاروباری به‌شه‌كانی تێدا تۆمار ده‌كرێت.

٤- تۆماری بنه‌ڕه‌تى: هه‌موو سامانى گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌ى ڕێكخراوى تێدا تۆمار ده‌كرێت.

٥- تۆماری بڕیاره‌كان: ئه‌م تۆماره‌ سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانى ده‌سته‌ی كارگێڕی و ده‌سته‌ى گشتى تێدا تۆمار دەکرێت و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ڕێكخراوه‌وه‌ واژۆ ده‌كرێت.

٦- هه‌ر تۆمارێكی پێویستی تر.

 

بەشى حەوتەم

تۆمارى ڕێکخراوەکان

 

مادده‌ى حەوتە‌م: تۆماری ڕێکخراوەکان:

١- ڕه‌چاوكردنی هه‌موو ئه‌و یاسا وزانیاریانه‌ی به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنی كاری ڕێكخراوه‌كان ده‌رچوون.

٢- ڕه‌چاوكردنی داب و نه‌ریت و كلتوره‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی.

٣- ڕه‌چاوكردنی بنه‌ما وپرانسیپه‌ زانستی ومه‌ده‌نییه‌كان له‌بواره‌كانی كاركردندا.

٤- ئه‌و لقانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمن پابه‌ندى یاسا په‌یره‌وكراوه‌كانى ئه‌و شوێنانه‌ ده‌بن كه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ن.

 

به‌شى هەشتەم

حوکمە گشتییەکان

 

مادده‌ى هەشتە‌م: حوکمە گشتییەکان:

لـــه‌كاتى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ڕێكخراودا به‌هـــە‌ر هۆیه‌ك بێت، گشـــت سامانه‌ گـــواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌كانی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ڕێكخراویكى هــاو ئامانج یـــان نزیك لـــه‌ ئامانجه‌كانى لـــه‌هه‌رێمى كوردستان، لـــــه‌و پڕۆسه‌یـــه‌شدا پـــێویسته‌ ڕێكخراو تۆمارێك به‌ هــــه‌موو ژمێریارییــه‌كـــان و بــــنچینه‌كــــان و (أصول) و داهاته‌كان به‌ پــــاكتاوكار بدا، بنچینه‌كانى یــــه‌كه‌م بۆ دانه‌وه‌ى قـــــه‌رزى مــوسـتـه‌حــه‌قــی ڕێكخراو ده‌بێت ئه‌گه‌ر هـــــه‌ى بوو، بنچینه‌كانـی دیـــكــــه‌ش بــــــۆ موڵکـــیـیــە‌تــــى ڕێــكـــــخـــراوى دیــــكه‌ ده‌گــــوازرێـتـــــه‌وه‌.

وەڵامێک بنووسە