توێژینەوە

یادەوەری و پەند | بەشی حەڤدەیه‌م

261بینین

 

یاری بەعەقڵی میللەت

دەسەڵاتداران هەر لەكۆنەوە بەوە ماونەتەوە كە بەهۆكارەكانی سەردەمی خۆیان میللەت تەفرە بدەن و مێشكیان داشۆرن و یاری بەعەقڵیان بكەن، كاتی خۆی فیرعەون زۆرزان و لێزان بووە كە بۆتەفرەدانی میسریەكان فەرمانیدا بەهامان كە بینایەكی بەرز بەرزی بۆدروست بكات (كەدیارە چەند ساڵێكی ئەوێت)و ئەم بچێ‌ لەوبەرزاییەوە سەیر بكات بزانێ‌ خواكەی موسای لێیە ، مەعلومە بەشێكی زۆری میللەتەكەی بەوە خەڵەتان.

لەسەردەمی سەروەرماندا شاعیرەكان ئەو رۆڵەیان ئەبینی و سوورەتی شوعەراش باس لە شاعیری باش و خراپ ئەكات كە ئەتوانن رۆڵی گەورە ببینن لە ئاڕاستەكردنی میللەتدا.
لەسەردەمی نوێشدا هۆكارەكانی تەفرەدانو سەرقاڵكردنی جەماوەر بەشتی لاوەكیەوە زۆرن تا مەسەلە چارەنووس سازو گرنگەكانیان بیرببەنەوە ، لەهەموویان گرنگتریش راگەیاندنەكانە،دكتۆر فازیل سولەیمان ئەڵێت: ساڵی 2007 بانگ كرام بۆجەزائیر بۆكۆنفرانسێكی ئیسلامی ، هەرئەمووت میسریم ، تەكسی كەمی لێدەسەنم و خاوەن دوكان خاتری ئەگرتم. لە تەسفیاتی كاسی جیهانی تۆپی پێدا میسرو جەزائیر بەریەك كەوتن ، راگەیاندنەكان هەرایەكیان نایەوە ، كە حوسنی موبارەك وكوڕەكەشی هاتنە سەرخەت وگوایە قەبوڵ ناكەن كەس دەستدرێژی بكاتە سەرمیسریەكان و لای جەزائیریەكانیش بەهەمان شێوە لێدوانی توند ئەدرا.

ئەمە لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانە تا هەژاری و بێكاری و تاڵانكردنی سەروەت و سامانی میللەت لەبیربەرنەوەو خەڵكی سەرقاڵ بكەن بەكاسی جیهانی و دژایەتی جەزائیریەكان و شتانی بێكەڵكی ترەوە. بەتایبەت لەمیسردا كە زیاتر لەیەك ملیۆن كەس لەسەرقەبران لای گۆڕی مردوانەوە ژیان بەسەرئەبەن لەژێركەپرو خێمەدا، جەزائیریش بەهەمان شێوە تووشی بۆتەفلیقەیەك بوون دانی گرتبوو بەكورسی دەسەڵاتدا بەجۆرێك لەسەر كورسی كەمئەندامان هاتو چۆی ئەكرد و تڵپی تەڕی تیا نەمابوو ئەیانبەستەوە بەكورسیەكەیەوە تانەكەوێتە خوارەوە، لەم ساڵانەی دواییدا بەفشاری جەماوەرو خۆپیشاندان لایاندا . لای خۆشمان هەر رۆژەی بەندو بالۆرەیەك لەئارادایەو مردنمان پیشان ئەدەن تا بەلەرزوتا شكوربین.

 

وەڵامێک بنووسە