نووسین

نەخوێندەواریی هەندێ لە ڕەخنەگران

نووسەر: پ. د. عثمان محمد غريب

1.14Kبینین
لە بەرواری ٢- ٤-٢٠١٩ لە کۆڕی فەلسەفەی ئیلحاد لە زانکۆی لوبنانی فەڕەنسیی بە وتارێک بەشدارییم کرد.
دوای پێشکەشکردنی بابەتەکان کابرایەکی فەلسەفەلێدەر کە وەک شارەزا لە فەلسەفە خۆی دەنوێنێ زمانی ڕەخنەی ئاراستەی من کرد و بە زمانێکی گاڵتەئامێز ئەوەی ڕەت کردەوە کە کارل گۆستاڤ یۆنگ (Carl Gustav Jung) داهێنەری زانستی دەرونناسی شیکاریی بێت و، بەڵکو فرۆید دامەزرێنەری ئەو زانستەیە و، هەندێ قسەی بێ بنەمای تری کرد و و چەند سوێندی زل زل و قەبەی خوارد لەسەر ڕاستیی قسەکانی، ئیتر چونکە تەنها خۆی بە هەق دەزانی چاوەڕێی وەڵامی منی نەکرد و، کۆڕی بەجێ هێشت.
منیش وەک ڕێزێک چەپڵەم بۆ لێدا و دواتریش داوام لە جەماوەر کرد چەپڵە بۆ ئەو بۆ کەسێکی تری هاوشێوە لێدەن و گوتم: کێ ئینتەرنێتی لایە هەر ئێستا سەردانی ویکیبیدیا بکات گەر کارل گۆستاڤ یۆنگ دامەزرێنەری زانستی دەرونناسی شیکاریی نەبوو ئەوە من واز لە کۆڕگرتن و وانەوتنەوە دێنم.
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە دەڵێم:
جەنابی ڕەخنەگر دەبوایە شەرمی بکردایە دەم لە فەلسەفە و شارەزابوون لە بەرهەمی فرۆید بدات و جیاوازیی (علم التحليل النفسي- Psychoanalysis) و (علم النفس التحليلي- Analytical psychology) نەکات.
یەکەم: (علم التحليل النفسي یان دەروونشیکاریی- Psychoanalysis( بریتییە لە کۆمەڵێک تیۆری سەبارەت بە سایکۆلۆژیی و سایکۆتراپیی که له کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە داڕێژراوە و، بناغەدانەری سەرەکیی سیگمۆند فرۆیدە(Sigmund Freud) و دواتر لە لایەن کەسانی دیکەوە پەرەی پێدراوە، کەسێک کە بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییەکانی دەروونشیکاری نەخۆشیی دەروونیی خەڵک چارەسەر دەکا، پێی دەگوترێ سایکۆئانالیست..(1)
بەڵام دووەم: واتە: دەروونناسیی شیکارانە ((علم النفس التحليلي- Analytical psychology) قوتابخانەیەکی چارەسەری دەروونییە لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی دەروونی پزیشکی سویسری (کارڵ گۆستاڤ یۆنگ) دامەزراوە، گرنگیی دەدات بەدەروونی تاک و بابەتی بەتاکبوون.
سەیر لەوەدایە ئەم زانستە وەک چۆن پێی دەگوترێت (Analytical psychology) بە ناوی خودی کارل یۆنگیشەوە ناونراوە و پێی دەگوترێت ( Jungian psychology) دەروونناسیی یۆنگی (2)
خۆزگە ئەو ڕەخنەگرانە کە ڕاستییان بۆ دەردەکەوێت، بوێرانە داوای لێبوردن بکەن و ڕاستییەکان بخەنە سەر چاویان، هیوادارم وابێت.
سەرچاوە:
1- Ford & Urban 1965, p. 109-
https://en.wikipedia.org/wiki/Psychoanalysis
2- Anthony Stevens, Jung: A Brief Insight, p.190, Oxford 1994
https://en.wikipedia.org/wiki/Analytical_psychology…

وەڵامێک بنووسە