توێژینەوە

چاندن یان زەرعکردنی بەکتریا

1.88Kبینین

چاندن یان زەرعکردنی بەکتریا

Bacterial Culture Test

بەکتریا بەشێکە لە کۆمەڵەی زیندەیی، بەکتریاکان لە شوێنە جیاوازەکانی لەشماندا دەژین کە هەندێکیان بێ زیانن بەڵکو سوود بەخشن، ئەمە لە کاتێکدا هەندێکی تریان پاثۆجینن واتە دەبنە هۆی ئیلتیهاب و نەخۆشی لە ئەندامەکانی لەشدا لە ڕێگای پشکنینی زەرعی بەکتریا (Bacteria Culture Test) دەتوانین بەکتریا مەترسیدارو زیان بەخشەکان دەستنیشان بکەین و بیاندۆزینەوە لە لەشدا، لە ماوەی پشکنینی زەرعی بەکتریادا نمونەیەك وەردەگیرێت لە خوێن یان میز یان پێست یان هەر بەشێکی دیکەی لەش، جۆری ئەم نمونەیەش پشت دەبەستێت بەو شوێنەی کە گومانی لێ دەکرێت بۆ توشبوونەکە، جگە لە بەکتریا هیچ زیندەوەری بچووکی تر دەرناکەوێت لە زەرعەکە وەکو ڤایرۆس و پاراسایت و ئەوانی تر، خانەکان کە لەو نمونە وەرگیراوەدا هەن لە تاقیگەدا هەڵدەگیرێت و ژینگەیەکی بۆ دەڕەخسێنرێت بۆ گەشەکردن، ئەنجامەکەی بەزۆری لەبەر دەست دا ئەبێت دوای چەند ڕۆژێکی کەم، بەڵام گەشەی چەند جۆرێکی بەکتریا هێواش و لەسەرخۆیە بۆیە ماوەیەکی درێژتر دەخایەنێت.

بەکارهێنانەکانی زەرعی بەکتریا:-
زەرعی بەکتریا بۆ دیاری کردن و دۆزینەوەی جۆرەهای جیاواز لەو بەکتریایانە بەکاردێت کە دەبنە هۆی هەوکردن، جۆرە باوەکانی زەرع کردن و بەکارهێنانەکەی بریتین لەمانەی خوارەوە:-

– Throat Culture:
زەرعی قورگ: بۆ دیاری کردن و تشخیص کردنی بەکتریا لە قوڕگ و لەوزەتێنەکان دا کە بەکتریای Streptococcuci دەدۆزێتەوە.

– Urine Culture:
زەرعی میز: بۆ دیاری کردنی هەر هەوکردنێکی بەکتریایی لە ڕێڕەوی میزەڕۆو گورچیلەو میزڵدان وەکو بەکتریای E.Coli.

– Sputum Culture:
زەرعی بەڵغەم: بە وەرگرتنی نمونەیەك لە بەڵغەم دەبێت بۆ دیاریکردنی هەوکردنی بەکتریایی و نەخۆشی لە ڕێڕەوی سیستەمی هەناسەدان وەك نەخۆشی سیل و ئیلتهابی سییەکان یان هەر بەکتریایەکی تری زیانبەخش Pneumonia , Bronchitis.

– Blood Culture:
زەرعی خوێن: بە وەرگرتنی نمونەیەکی خوێن کە بەزۆری لە خوێنهێنەری قۆل وەردەگیرێت، بۆ دیاری کردنی بوونی بەکتریا لە خوێندا بۆ دیاری کردنی نەخۆشی گرانەتاو حومەی ماڵتاو ژەهراوی بوونی خوێن و بەکتریای خوێن.

– Stool Culture:
زەرعی پیسایی: بەوەرگرتنی نمونەیەك دەبێت لە پیسایی، بۆ دەست نیشان کردن و دیاری کردنی بەکتریایی زیان بەخش کە بووبێتە هۆی نەخۆشی و هەوکردن لە سیستەمی هەرسدا، وەکو دیاری کردنی بەکتریای کۆلێراو بەکتریای H.Pylori و نەخۆشیەکانی تر.

– Wound Culture:
زەرعی شوێن برین یان سوتاوی: بۆ دیاریکردنی هەوکردنی بەکتریایی لە شوێنی برینی کراوە و سوتاوی.

-Vaginal Swab Culture:

زەرع کردن بۆ ئەندامی زاوزێی ئافرەت: بۆ دیاری کردنی هەر بەکتریایەك کە بوبێتە هۆی ئیلتهاب کردنی و جیاکردنەوەی لە ئیلتهابی کەڕوویی (الفطریات).

لە دەرئەنجامی هەر یەکێك لەو زەرعانەی سەرەوەدا ئەگەر بەکتریا بوونی هەبوو ئەوا ئیلتهابات و هەوکردن بوونی هەیە، هەروەها ئەم پشکنینە یارمەتیدەرە لەجۆرو هەڵبژاردنی ئەو جۆرە دەرمانە دژە هەوکردنەی کە بۆ چارەسەری بەکاردێت (Antibiotics).

پێویستە سێ ڕۆژ یان هەفتەیەك پێش زەرع کردن هیچ دەرمانێکی دژە ئیلتهاب (Antbiotic) بەکارنەهێنرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکە راست و دروست دەربچێت.

به پێی ئەنجامی زەرعەکە چارەسەرو دەرمان بۆ نەخۆش دەنوسرێت.

ئامادەکردنی: شاڵاو خدر قەڵادزەیی – بەکالۆریۆس لە زانستی بایۆلۆجی(ئەندامی گروپی تەندروستکارانی خۆبەخشی ژیار لە پشدەر).

 

وەڵامێک بنووسە