توێژینەوە

چی دەزانیت دەربارەی بەرگری لەشت؟ سیستەمی بەرگری چیە؟ | به‌شی یه‌كه‌م

4.14Kبینین

 

سیستەمی بەرگری:
کۆمەڵێك خانەو ئەندامن کە بەیەکەوە کاردەکەن دژی نەخۆشی و هەر تەنێکی بێگانە کە دێتە ناو لەشمانەوە.
بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر میکڕۆبەکان و بە تەندروست دەمانهێڵێتەوە.

*بەشەکانی سیستمی بەرگری چین؟
زۆربەی خانەو ئەندامەکان، خڕۆکە سپیەکان پڕۆتین(دژەتەن)و پێکهاتە کیمیاییەکان بەیەکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی لەش بپارێزن.
خڕۆکە سپیەکانی لەش ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە سیستەمی بەرگریدا، ڕووی دەرەوەو ناوەوەی لەش یەکەم بەربەستن دژی نەخۆشخەرەکان، لەوانەش پێست و هەموو ئەو لینجە پەردانەی کە ڕووی ئەندامەکانی ناوەوەی داپۆشیوە، دەبنە بەربەستێکی میکانیکی.

زۆر شت هەن کە پاڵپشتی ئەو دیوارە پارێزەرە دەکەن ئەوانیش؛ ئەو دژە بەکتریایانەی کە لەش خۆی دروستی دەکات وەکو: ئەنزیمەکانی ناو لیك، ناو گوێ، وە فرمێسك کە دیوارە خانەی بەکتریا تێکدەشکێنێت، وە هەندێك پێکهاتەی شێوە موویی کە پێی دەگوترێ گەندە موو هەن لە ڕێڕەوی هەواو ناو گوێچکەو کونی لووت، کە ئەو نەخۆشخەرانەی بەهۆی هەناسە دانەوە بە لینجە ماددەی ناو بۆڕی هەواوە لکاون بەهۆی ئەو گەندە مووانەوە دەکرێنە دەرەوە لە شێوەی کۆکەو پژمە، وە زۆربەی نەخۆشخەرەکانیش بەهۆی ترشی گەدەوە دەوەستێنرێت و لەناو دەبررێ، وە هەروەها چەندین بەکتریای سوودبەخش هەن کە لەسەر پێستی مرۆڤ و زۆربەی لینجە پەردەکانی ناو لەشدا دەژین، ئەوانیش یارمەتی پاراستنی لەش دەدەن.

ئەندامە لیمفۆیدیەکان:
سیستەمی بەرگری لە ئەندامەکان پێکدێت کە کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنان و پێگەیشتنی خانەکانی بەرگری دەکەن، کە لیمفە خانەکان دەگرێتەوە، مۆخی ئێسك، سایمۆسە ڕژێن، ئەمانە پێیان دەگوترێت: ئەندامە لیمفۆیدیە سەرەتاییەکان.

ئەندامە لیمفۆیدیە لاوەکیەکانیش ئەو شوێنەیە کە خانەکانی بەرگری ئیشی ڕاستەقینەی خۆیان تێدا ئەنجام دەدەن، ئەوانیش گرێی لیمفی، سپڵ، ئاڵووەکان و هەندێك شانەی تایبەتمەند لە لینجە پەردەکانی ڕیخۆڵەدا دەگرێتەوە.

*مۆخی ئێسك: شانەی ئیسفنجیە لەناو ئێسکدایە، زۆربەی خانەکانی بەرگری لەوێدا بەرهەمدەهێنرێن و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ جۆگەی خوێن و دواتر بۆ شانەو ئەندامەکان، کە لەوێدا خانەکان پێدەگەن و تایبەتمەندی وەردەگرن، لە کۆرپەییدا، زیاتر مۆخی ئێسکی سوور هەیە کە دەبێت بە چەوریە شانە، بەڵام لە پێگەیشتواندا، مۆخی ئێسکی سوور تەنها لە هەندێك ئێسکی وەکو: ئێسکی پەراسوو و کۆڵە سنگ و ئێسکی حەوزدا هەیە.

*سایمۆسە ڕژێن: بەتەواوی گەشەکردووە لە منداڵدا، لە هەرزەکاریەوە بە هێواشی دەگۆڕێت بۆ چەوریە شانە، ئەمە دەکەوێتە پشت کۆڵە سنگ لەسەرووی دڵەوەیە، خانە بەرگریەکانی وەکو خانە لیمفۆیدی تی، لەوێدا بەتەواوی گەشە دەکات دوای ئەوەی کە لە مۆخی ئێسکدا بەرهەمدەهێنرێت، لەمنداڵدا ئەم ڕژێنە دوو هۆڕمۆن بەرهەم دەهێنێت ئەوانیش، سایمۆسین و سایمۆپۆیتین کە پێگەیشتنی خانەکانی بەرگری لە گرێی لیمفیدا رێکدەخەن.

*گرێی لیمفی: لیمفە گرێکان و لوولەکان گرنگن بۆ بەردەوامی ئاڵوگۆڕکردنی ماددەکان لەنێوان شانەکان و خوێندا، لیمفە گرێکان وەکو وێستگەیەکی پاڵاوتنی زیندەیی کاردەکەن، ئەوان چەندین بەرگریە خانەیان تێدایە کە نەخۆشخەرەکان دەگرن و بەرهەمهێنانی دژە تەنی تایبەت لە خوێندا چالاك دەکەن، ئەگەر لیمفە گرێکان ئاوسان و ئازاریان هەبوو یان ڕەق بوون، ئەوە دەکرێ نیشانەی کاردانەوەی چالاکی بەرگری بێت، بۆ نمونە لە کاتی توشبوون بە نەخۆشیەك، یان لە هەندێ باری دەگمەندا، گۆڕانی گەورە لە خانەکانی لەشدا ئەوە دەردەخات.

*سپڵ: دەکەوێتە لای چەپی بەشی سەرەوەی سك، لە ژێر ناو پەنچك، لە کۆرپەی ناو سکدا سپڵ بەشێوەیەکی سەرەکی خوێن و بەرگریە خانەکان دروست دەکات، لە دوای لەدایکبوونی کۆرپەوە ئەم ئەندامە بەشێوەیەکی سەرەکی بەرپرسە لە لابردنی خانەکانی خوێن و فرمانی تایبەتی بەرگری، وەکو بەشێك لە بەرگری سپڵ چەند فرمانێکی هەیە ئەوانیش:

٠ خانە بەرگریە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە کە دەچنە ناو خوێنەوە بۆ ئەوەی بگات بە ئەندامەکان.

٠ بەرپرسە لە لابردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.

٠ پەڕەکانی خوێن کە بەرپرسن لە مەیینی خوێن، لە سپڵدا کۆدەکرێنەوە وە لەوێشدا لادەبرێن.

کەواتە هەمیشە زۆربەی خوێن بەناو شانەکانی سپڵدا دەڕوات. لەهەمان کاتدا ئەم شانە زۆر نەرمە، لە برینە سەختەکاندا، لە ڕووداوێکدا بۆ نمونە، سپڵ بەئاسانی دەتەقێت، وە دەبێت نەشتەرگەری بکرێت، لەبەرئەوەی ئەگەر وا نەبێت مەترسی خوێنبەربوون تا ئاستی مردن دەچێت، ئەگەر خوێنبەربوونەکە نەوەستێنرێ، دەبێ سپڵ لاببرێ. ئەندامە بەرگریەکانی تر زۆربەی ئەرکەکانی ئەو دەگرنە دەست.

*ئاڵووەکان: ئاڵووەکانیش بەهەمان شێوە ئەندامێکی سیستەمی بەرگرین، بەهۆی شوێنە تایبەتیەکەیان لە گەروو و مەڵاشوودا، وە دەتوانن ڕاستەوخۆ سیستەمی بەرگری چالاك بکەن، بەشێوەیەکی سەرەکی شانەکەی لە خانە لیمفیەکان پێکهاتووە، قوڕگە ئاڵووەکان لە سەرووی بنمیچی گەرووەوە، زمانە ئاڵووش لە بنکی زماندایە، وە چەند لیمفە شانەیەکی تریش کە لە لایەکانی گەروودایە، ئەم لیمفە شانانە دەتوانن جێی فرمانەکانی قوڕگە ئاڵووەکان بگرنەوە، ئەگەر ئەوان لابران.

*شانە لیمفیەکان لە ڕیخۆلەو لە لینجە ماددەکاتی تری لەشی مرۆڤدا: ڕیخۆڵە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دژی نەخۆشخەرەکان نیوەی ئەو خانانەی کە دژە تەن بەرهەمدەهێنن لە دیواری ڕیخۆڵەدان، بەتایبەتی لە بەشی کۆتایی ڕیخۆڵە باریکەو ڕیخۆڵە کوێرەدان، ڕیخۆڵە ئەستوورەش بەکتریای تێدایە کە تایبەتن بە لەش، کە پێی دەگوترێت فلۆرای گەدە، ئەم بەکتریایانە ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی نەخۆشخەرەکان دەکەن، سیستەمی بەرگری ڕیخۆڵە ئەستوورە ڕێگە بەو بەکتریایانەی فلۆرای گەدە دەدات.

بەشەکانی تری لەشیش کە ئەگەری هەیە نەخۆشخەرەکان پێیدا تێپەرببن، ئەویش شانە لیمفیەکانی لە لینجە پەردەدا تێدایە، وە شانە لیمفیەکان لە زۆر شوێنی تری جەستەدا هەن کە ئەگەری تێپەڕبوونی نەخۆشخەرەکان هەیە پێیدا، ئەوانیش بۆ نمونە؛ ڕێڕەوی هەوا کە شانە لیمفیەکان لە بۆڕی هەوادا جێگیرن، هەروەها لە لینجە پەردەی..

 

نوسینی: کازیوە ئه‌حمه‌د عه‌لی (جێگری بەرپرسی گروپی تەندروستکارانی خۆبەخشی ژیار لە پشدەر)

وەڵامێک بنووسە