ئینستتیوتی ژیار لقی پشدهر دروستکردنی پۆستەری نۆمینەی حاجیان لەلایەن بەڕێز: هادي مصطفى محمد بەرپرسی بەشی گەنجانەوە
نۆمینەی حاجیان (عشر ذي الحجّة)
بسم الله، الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه أجمعين.
" نۆمینەی حاجیان دە ڕۆژی یەکەمی مانگی ذي الحجّة ی عەرەبییە بەپێی ڕۆژمێری کۆچی کە بە کوردی پێی دەڵێن نۆمینەی حاجیان، چونکە ھاوکاتە لەگەڵ وەرزی حەج، ئەم دە ڕۆژانە لای موسوڵمانان گرینگییەك و گەورەییەکی تایبەتیان ھەیە بەراورد بە ھەموو ڕۆژەکانی تری ساڵ بۆیە لەم دە ڕۆژەدا زیاتر پەرستش و کاری چاکەو زیکرو ویردەکان و یادی خوای گەورەی تێدا ئەنجام دەدەن.
بەڵگەکان لەسەر پلەو پایەو گەورەیی ئەم دە ڕۆژە:
1ـ خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا سوێندی پێ خواردوون: (والفجر، ولیالٍ عشر) الفجر: ١-٢
ابن کثیر (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: مەبەست لەو دە ڕۆژەی مانگی ذي الحجةیە.
2ـ هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: (وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ) الحج: ٢٨
واتە: بۆ ئەوەی یادی خوا بکەن لە ڕۆژانێکی دیاریکراودا (کە دە ڕۆژی مانگی حاجیانە).
3ـ پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی:
(ما من أيَّامٍ العملُ الصَّالحُ فيهنَّ أحبُّ إلى اللهِ من هذه الأيَّامِ العشرِ. قالوا: يا رسولَ اللهِ ولا الجهادُ في سبيلِ اللهِ؟ فقال رسولُ اللهِ ﷺ: ولا الجهادُ في سبيلِ اللهِ إلَّا رجلًا خرج بنفسِه ومالِه فلم يرجِعْ من ذلك بشيءٍ)البخاري
«هیچ ڕۆژێك نییە کردەوەی چاکە تیایدا خۆشەویستتر بێت لای خوا وەکو ئەم دە ڕۆژەی مانگی حاجیان، وتیان: تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوا؟ فەرمووی: تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوا، مەگەر پیاوێك بە خۆی و ماڵ و سامانییەوە دەربچێت بۆ جیهادو هیچیش لەوانە نەگەڕێتەوە».
ئیمامی ابن حجر (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) وتوویەتی:
ئەوەی ڕوون بێت لە هۆکاری تایبەتمەندیەتی ئەم دە ڕۆژە ئەوەیە کە لە گەورەترین پەرستشەکانی تیا کۆبۆتەوە، ئەوانیش (نوێژو ڕۆژوو و صەدەقەو حەج) کە ئەمانەش لە هیچ کاتێکی تردا کۆنابنەوە..
پرسیار کرا لە شیخ الاسلام ابن تیمیة(ڕەحمەتی خوای لێ بێت)، ئایا دە ڕۆژی یەکەمی ذي الحجة باشترە یان دە ڕۆژەکەی کۆتایی مانگی ڕەمەزان؟
ئەویش فەرمووی: دە ڕۆژی یەکەمی مانگی ذي الحجة باشترە لە دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان بە هۆی ڕۆژی عەرەفەوە، وە دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان چاکترە لە دە شەوی سەرەتای مانگی ذي الحجة بەهۆی شەوی (لیلة القدر)ەوە.
ئەو کار و کردەوانەی کە سوننەتە لەم دە ڕۆژەدا ئەنجام بدرێن:
١ـ زۆر ئەنجامدانی کردەوە چاکەکان بە گشتی: قوڕئان خوێندن و زیکرو خێرکردن...هتد.
٢ـ نوێژکردن: کردنی نوێژە فەڕزەکان لە کاتی خۆیدا، نوێژی سوننەتی پێش و پاش نوێژە فەڕزەکان، سوننەتی چێشتەنگاو، شەونوێژ، سوننەتی دەستنوێژ...
3ـ ڕۆژوو گرتن: ئەمەش لە کردەوە گەورەو چاکەکانە، سوننەتە ڕۆژووگرتنی نۆ ڕۆژی سەرەتای ذي الحجة، لە هەندێك لە خێزانەکانی پێغەمبەرەوە (ﷺ) «كان النبي ﷺ يصوم تسع ذي الحجة، ويوم عاشوراء، وثلاثة أيّام من كل شهر». أحمد وأبو داود والنسائي وغيرهم.
واتە: پێغەمبەر (ﷺ) نۆ ڕۆژی ذي الحجة و ڕۆژی عاشورا و سێ ڕۆژ لە هەر مانگێك بەڕۆژوو دەبوو..
٤ـ ڕۆژووی عەرەفە: بۆ ئەو کەسانەی کە لە ماڵەوەن و لە حەج نین سوننەتە ڕۆژی عەرەفە (نۆی ذي الحجة) بەڕۆژوو بن، پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: (صِيامُ يومِ عَرَفَةَ، إِنِّي أحْتَسِبُ على اللهِ أنْ يُكَفِّرَ السنَةَ التي قَبلَهُ، والسنَةَ التي بَعدَهُ، وصِيامُ يومِ عاشُوراءَ، إِنِّي أحْتَسِبُ على اللهِ أنْ يُكَفِّرَ السنَةَ التِي قَبْلَهُ) مسلم.
واتە: ڕۆژووی عەرەفە چاوەڕوانم خوا بیکاتە مایەی سڕینەوەو کەفاڕەتی تاوانی ساڵێك لە پێشیەوە و ساڵێكیش لە دوایەوە، وە ڕۆژووی عاشوڕا چاوەڕوانم خوا بیکاتە مایەی سڕینەوەو کەفاڕەتی تاوانی ساڵی ڕابردوو.
٥ـ تکبیر و وتنی الله أکبر: سوننەتە لە هەموو کاتەکانی ئەم دە ڕۆژە زیکری (الله أکبر) بکرێت بەم شێوەیە:
الله أکبر.. الله أکبر.. لا إله إلا الله .. والله أکبر.. الله أکبر، ولله الحمد..
٦ـ قوربانی کردن لە ڕۆژی جەژندا.
لە کۆتاییدا:
برای بەڕێزم ... خوشکی بەڕێزم ... چەندین کەسمان بینی کە ساڵی پار کۆچی دواییان کردو دنیایان بەجێ ھێشت ئێستا لە ناو گۆڕدان و ناتوانن تەنانەت یەك جاریش بڵێن: سبحان الله، الحمد لله، أستغفر الله ... هتد. بۆیە پێش ئەوەی وەك ئەوانمان لێبێت با ئەسپی خۆمان تاو بدەین و ئەم دەرفەتە بەھچ شێوەیەك لە دەست خۆمان نەدەین، چونکە کێ زەمانەتی ھەیە ساڵێکی تر بگاتەوە بەم دە ڕۆژە بە تایبەت ئاگاتان لە ڕۆژی کۆتایی بێت، واتا ڕۆژی عەرەفە تەنانەت گەر نەخۆشیش بن لە دەست خۆتانی مەدەن، چونکە پێغەمبەر(ﷺ) دەفەرمووێت چاوەڕوانم خوا بیکاتە مایەی لێخۆش بوونی ساڵێك پێشترو ساڵێك دواتر.
وصل الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.
نوسینی: هادي مصطفى محمد
بەرپرسی بەشی گەنجانی لقی پشدەری ئینستتیوتی ژیار.