ئینستتیوتی ژیار لقی چەمچەماڵ ئاهەنگی کۆتایی هێنانی خولی هاوینەی ساز کرد

لقی چەمچەماڵی ئینستتیوتی ژیار ئاهەنگی کۆتایی هێنانی خولی هاوینەی ساز کرد.

ڕۆژی چوارشەممە بەرواری 7/9/2022 ئینستتیوتی ژیـــار لقی چەمچەماڵ لەهۆڵی سالار فەقێ بەئامادەبوونی دایک و باوک و کەس و کاری قوتابیان ئـاهەنگێکی سازکرد بەبۆنەی کۆتایی هاتنی خولی هاوینەی پەروەردەیی، سەرەتای ئاهەنگەکە بەخوێندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پۆلێک لە فێرخوازانی خولەکەوە بەخوێندنی سورەتی (العلق) ڕازێندرایەوە و پاشان بەڕێز م.شێخ محمد سەنگاوی بەرپرسی لقی چەمچەماڵی ئینستتیوتی ژیار وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش بەئامادەبووان کردو دەستخۆشی لە دایک و باوکی فێرخوازان کرد کە پەرۆشی داهاتووی ڕۆڵەکانیانن و دەیانەوێت نەوەیەکی تەندروست بۆ داهاتوو بنیات بنێن.
هەر لە درێژەی ئاهەنگەکەدا بەرێز (م.بێستون محمد محمد ئەمین) بەرپرسی بەشی گەنجان و بەڕێوەبەری خولی هاوینە، تیشکی خستە سەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولەکەو  ئەو وانەو چالاکیانەی لەخولەکەدا فێری فێرخوازان کراوە، دواتر لەلایەن بەڕێز (د.حەمزە خەلیفە ڕەشید) ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئینستتیوتی ژیارەوە بابەتێک لەژێر ناونیشانی (گرنگی و ڕۆڵی پەروەردە) بەگوێی ئامادەبووان دراو هەر لە میانەی ئاهەنگەکەدا چەند چالاکیەکی سرود وتن کە لەلایەن قوتابیانەوە ئامادەکرابوو پێشکەشکراو، لەکۆتاییشدا دیاری و بڕوانامەی ڕێزلێنان و سوپاس و پێزانین پێشکەش بە مامۆستایان و قوتابیانی خولەکە کرا