دەستەی سیروان ئاهەنگی ڪۆتایی خولی هاوینەی گوڵەکانی ژیار ئەنجامدەدات
دەستەی سیروان ئاهەنگی ڪۆتایی خولی هاوینەی گوڵەکانی ژیار ئەنجامدەدات
ڕۆژی پێنج شەممە لە بەرواری ٢٤/٨/٢٠٢٣ دەستەی سیروان/لقی هەڵەبجەی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی لە ئاھەنگێکی شایستەدا ڪۆتایی بە خولی هاوینەی گوڵەڪانی ژیار هێنا. سەرەتای ئاھەنگەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد کە لەلایەن قوتابی قورئان (بانو فلاح ) پێشکەشکرا و پاشان وتەی بەخێرھاتن لەلایەن سەرپەرشتیاری خول مامۆستا (کانی سەردار) پێشکەشکرا.
دواتر مامۆستا (یحیی عبدالله) بەرپرسی لقی ھەڵەبجەی ژیار لە وتەیەکی کورتدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرجەم مامۆستایان و دایکان و باوکان دەربڕی و جەختی لەسەر خزمەتکردنی زیاتری منداڵان کردەوە.
هەر لە چوارچێوەی ئاهەنگەکەدا مامۆستا (باڵامبۆ کریم) بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (منداڵ و گۆڕانکارییە پەروەردەییەکان لەسەردەمی نوێدا) پێشکەش بە دایکان و باوکان کرد.
پاشان نوێنەری دایکان و باوکان مامۆستا (فلاح بکر) وتەیەڪی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد سوپاسی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی گوڵەکانی ژیار کرد.
ھەر لە ئاھەنگەکەدا لەلایەن گرووپی شانۆیی ژیارەوە دوو شانۆگەری بە ناوەکانی (چۆن پشووی ھاوینمان بەڕێکرد)،( ڕێزگرتن لەگەورەکان) پێشکەشکرا.
لە کۆتاییشدا بڕوانامە بە گوڵەکان بەخشراو سوپاسنامەش پێشڪەش بە مامۆستایانی خولەکە ڪرا.
خولی هاوینەی گوڵەکانی ژیار لە دەستەی سیروان لە ١٨/٦/٢٠٢٣ دەستی پێڪرد و وانە پەروەردەیی و فێرڪاریەڪانی (ئادابەڪان، زمانی شیرینی ڪوردی، بیرکاری و ئینگلیزی) لەلایەن مامۆستایانی ماندوو نەناس دەوترانەوە، هەر لە خولەکەشدا چالاکی جۆراوجۆری ئاینی لەسەرشێوازی تیۆری و پراکتیکی ئەنجامدران
ڕاگەیاندنی دەستەی سیروانی ژیار